سەرۆکی روانگەی سووری بۆ رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا 340 سڤیلی عەلەوی لە سووریا کوژراون

08-03-2025
نەهرۆ محەممەد
رووداو
رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆشداری لە تێکچوونی زیاتری دۆخی سووریا دەدات و دەڵێت، مەترسیی کۆمەڵکوژکردنی کورد هەیە. 
  
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ (شەممە، 08-03-2025) لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، نیگەرانیی خۆی لەبارەی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیانی سڤیل لە پارێزگاکانی سەر کەناری دەریای نێوەڕاست دەربڕی.
 
سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکات، کوژرانی 340 سڤیلی عەلەوی لە رۆژانی رابردوودا پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام ژمارەکە لەوە زیاترە. 
 
رامی عەبدولڕەحمان باسی ئەوە دەکات بانگەشەی میدیایی بەرامبەر هەسەدە و پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە و، هۆشداریشی دا لەوەی لەوانەیە ئەوە ئامادەکاری بێت بۆ هێرشکردنە سەر کورد.

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رامی عەبدولڕەحمان:

رووداو: ئێستا دۆخی پارێزگا کەناراواییەکانی سووریا چۆنە؟ ئاڵۆزیی چەند رۆژی رابردوو ماوە، یان کەم بووەتەوە؟ 
 
رامی عەبدولرەحمان: پێشهاتەکان لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا بەردەوامن، لەوانەیە یاخیبوونی سەربازی کۆتایی هاتبێت، بەڵام دەستگیرکردن و کوشتن بەردەوامە. ئێستا باس لە 340 کوژراو دەکەین، کە عەلەوی و گەنجانی عەلەوین. ترس لە کۆمەڵکوژیی راستەقینە هەیە؛ هەندێک دەیانەوێت ئاژاوەیەکی راستەقینە لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریا دروستبکەن. هەندێک دەڵێن دەبێت خەڵکی عەلەوی دەربکەین. بەڕێز، لە کۆتاییدا ئەمانە رۆڵەی گەلی سووریان. ئەگەر بەشار ئەسەد و حافز ئەسەدی باوکی لە قۆناخێکدا عەلەویان بەکارهێنابێت، ئەوە مانای ئەوە نییە کە پرۆسەی کوشتن ئەنجام بدەین و بڵێین هەر کەسێکی سەر بە رژێم بێت دەکوژرێت. کەسانێک دەناسم کە دوێنێ کوژراون لە زیندانەکانی رژێمی بەشار ئەسەد بوون و دژی رژێمی بەشار ئەسەد بوون، لە ماڵەکانیان دا گوللەباران کراون. ئایا ئەوە یارمەتی دروستکردنی سووریای نوێ دەدات؟ نەخێر، بەهیچ شێوەیەک.
 
رووداو: لە دوو رۆژی رابردوودا چەند عەلەوی کوژراون؟
 
رامی عەبدولرەحمان: 340 هاووڵاتی سڤیلی عەلەوی گولـلەبارانکراون و کوژراون. ئەو ژمارەیە لەلایەن روانگەی سووری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ تۆمارکراوە، بەڵام ژمارە راستەقینەکە زۆر زیاترە. بۆیە دەڵێم ئێمە باسی ئەوە دەکەین؛ لەلایەن ئێمەوە بەڵگەکراوە؛ باسی ئەو ژمارانە ناکەین کە لەبارەی بوونی ژمارەیەکی زۆرتر پێمان دەگەن کە زیاترە لەو ژمارانەی روانگەی سووری تۆماری کردوون. 
 
رووداو: ئەوانەی کوژراون، چەکداریان تێدایە یان هەموویان سڤیلن؟
 
رامی عەبدولرەحمان: تەنیا باسی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە دەکەین کە کوژراون، 340 کەسن؛ باسی منداڵ، ژن و پیاو دەکەین. 120چەکدار و یاخیبووش کوژراون کە پاشماوەی رژێم بوون و لە سوپای رژێمی رووخاو بوون. من باسی ئەوانە دەکەم کە بە دەنگ و وێنە بینیمانن و گولـلەباران کراون. گولـلەبارانکردنەکانمان بە دەنگ و وێنە هەیە، لە کاتێکدا هەندێک کەس دەیانەوێت کوشتنەکە بشارنەوە. بەڕێز، پێویستە بەو کەسانە بڵێین کە ئەم کارانە دەکەن، دەبێت سەرەتا ئەوانە دادگەیی بکرێن؛ دەبێت بڵێین لە پرۆسەی سەربازیدا پێشێلکاری، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام مەدەن. پێی مەڵێ وێنە مەگرە، نەخێر بەڕێز، ئەنجامی مەدە؛ ئەنجامی مەدە، چونکە خوێنی گەلی سووریا، دەبێت پارێزراو بێت.
 
رووداو: بەڕێز رامی، گوتت کۆمەڵکوژ، ئەمانە کۆمەڵکوژکراون؟
 
رامی عەبدولرەحمان: بەڵێ، بە راستی دەترسین رووبەڕووی کۆمەڵکوژی ببنەوە، بەڵێ دەترسین. رێزدار، ئێمە بەرگری لە شەبیحەکانی رژێمی بەشار ئەسەد ناکەین، بەرگری لە بێتاوانەکانی تایفەی عەلەوی دەکەین. هەر کەسێک تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پێشێلکاری بەرامبەر گەلی سووریا لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد ئەنجام دابێت، دەبێت دادگەیی بکرێت لەبەردەم گەلی سووریا دا. هەر کەسێک کە هەوڵدەدات یان کار بۆ جوڵاندنی هەر گرووپێکی چەکدار لە ناوخۆی خاکی سووریا دەکات، دەبێت بگەڕێنرێتەوە سووریا بۆ ئەوەی دادگەیی بکات. دەبێت لوبنان و رووسیا رێگری بکەن، دەمانەوێت رێگری لە خوێنڕشتن بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا دەمانەوێت حکومەت لە دیمەشق رێگری لە خوێنڕشتنی گەلی سووریا بکات لەژێر پاساوی بەئامانجگرتنی چەکداران یان پاشماوەی رژێم.
 
رووداو: ئەو ژمارە و بەڵگانەی جەنابت باستکردن، بە بەڵگە لای ئێوە هەن؟ چۆن پشتڕاستی دەکەنەوە؟ تەنیا پشت بەو دیمەن و ژمارانە دەبەستن کە بڵاودەبنەوە؟ ئێوە خۆتان تیمتان هەیە کە ژمارەکان پشڕاست بکەنەوە؟
 
رامی عەبدولرەحمان: نا نا... چالاکڤانانی ئێمە لەسەر زەوی کاردەکەن و بۆ بەڵگەنامەکردن، بەڵگەنامە و قسە لە خەڵک وەردەگرن، واتە پشت بە ڤیدیۆ نابەستین. ئێمە لە روانگەی سووری بە بەڵگەیان دەکەین و بڵاویدەکەینەوە. ئێستا زانیاریمان لەسەر کوژرانی هەزار کەسی دیکە هەیە، بەڵام بڵاوی ناکەینەوە، چونکە بەڵگەنامە نەکراون. ئەو 340 کەسە، لامان بەڵگەنامەکراون کە هاووڵاتی سڤیلن و چەکدار نین. 
 
رووداو: سەرەتا ئەم رووداوە لە کوێوە دەستیپێکرد؟
 
رامی عەبدولرەحمان: رۆژی پێنجشەممە لە گوندی بێت عانە لە ناوچەی جەبلە، هەوڵێک هەبوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ دەستگیرکردنی یەکێک لە داواکراوەکان، بەڵام لەلایەن هاووڵاتییان و چەکدارانی عەلەوی بەرگری کرا. شەڕە تەقە دەستیپێکرد؛ وا دیار بوو لەلایەن ئەفسەرێکەوە کە دەگوترێت ناوی غیاس دەلنایە و لە فرقەی چوارەم بوو کە ئەسەد سەرۆکایەتی دەکرد، پێشتر ئامادەکاری بۆ کرابوو؛ هێرشکرایە سەر خاڵەکانی ئەمنیی گشتی، وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی بەرگری، بەهۆیەوە 89 کارمەندی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ کوژران. ئێمە بە تووندترین شێوە کوشتنی هەر ئەندامێکی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ سەرکۆنە دەکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا بەئامانجگرتنی هەر هاووڵاتییەک لەلایەن کارمەندانی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی پشتیوان، سەرکۆنە دەکەین. 
 
رووداو: زۆر وڵاتی عەرەبی لەم رووداوانە پشتوانی دیمەشقیان کرد. بۆچی؟
 
رامی عەبدولڕەحمان: منیش پشتگیری دیمەشق دەکەم دژی تیرۆر، پشتگیریی دیمەشق دەکەم دژی پاشماوەی رژێمی بەشار ئەسەد، پشتگیری دیمەشق دەکەم دژی ئەوەی بە سوپای رژێمی رووخاو ناسراوە، بەڵام دژی دیمەشقم لە کوشتنی هاووڵاتیان بە پاساوی جیاواز.
 
رووداو: وڵاتانی ئەورووپا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تاڕادەیەک بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە بێدەنگن.
 
رامی عەبدولڕەحمان: چونکە دەسەڵاتی دیمەشق هێزێکی گەورەی میدیایی و دیپلۆماسی هەیە. لە یەکێک لە کەناڵە عەرەبییەکان داوایان لێکردم باسی پێشێلکارییەکان لە سووریا نەکەم، چونکە دەیانەوێت دەرفەت بە حکومەت بدەن. من گوتم دەرفەتدان بە حکومەت بۆ سووریایەکی نوێ بە قسەکردن لەسەر پێشێلکارییەکان دەبێت بۆ راگرتنیان. ئەگەر گوێیان لێ گرتباین، کۆمەڵکوژیی 7ـی ئادار کە دوێنێ لە کەناری سووریا روویدا، رووی نەدەدا. بۆیە من راشکاوم، وەک دامەزراوەیەکی مافەکانی مرۆڤ رۆڵمان چاودێریکردن، بەڵگەنامەکردن و بڵاوکردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤە. رۆڵمان ئەرێنیکردنی ئەم رژێم یان ئەو رژێمە نییە.
 
رووداو: ئەو کۆمەڵکوژییەی باسی دەکەیت، تەنیا بەرامبەر عەلەوییەکان کراوە، یان دروزەکانیش؟ 
 
رامی عەبدولڕەحمان: دەترسم دواتر بەرامبەر کورد بکرێت. ئەوان خەریکی هاندانی میدیایین. دەترسین ئەمە پێشەکییەک بێت بۆ هاندان دژی کورد. وەک چۆن دەگوترا نایانەوێت عەلەوییەکان بکەنە ئامانج. دواتر دەستیان کرد بەوەی هەموو عەلەوییەک وەفاداری رژێمە. دەترسین لە داهاتوودا کورد بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کۆمەڵکوژ بکەن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بە باشی کار بکات بۆ ئەوەی لە سووریا حکومەتێک لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا هەبێت؛ حکومەتێک بۆ هەموو رۆڵەکانی گەلی سووریا بێت.
 
رووداو: ئەو مەترسییە کە باست کرد هاوشێوەی عەلەوییەکان بۆ سەر کورد لە سووریا و کوردیش کۆمەڵکوژ بکرێن، جیدییە؟
 
رامی عەبدولرحمان: بەڵێ جیدییە. بەڵێ، کاتێک تۆ حکومەتێکت نییە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لەخۆبگرێت، حکومەتێک بێت تەنیا بۆ بەرژەوەندی گەلی سووریا کار بکات و هیچی دیکە. ئایا ترسەکان جیدین؟ ئایا دەزانیت کە دوێنێ هەڵمەتی میدیایی ئەوە بوو کە هەسەدە یاخیبوونی کەناراوییەکانی سووریای پارەدار کردووە. باشە هەسەدە چۆن دەگاتە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا. ئایا پردێک هەیە لە رەققەوە درێژ بێتەوە بۆ لازقیە کە چەک لە ناوچەکانی هەسەدە ببات. بنکەی ئەمریکی لەو ناوچەیە هەیە و دەزانن ئەم قسەیە راست نییە. زیاتر لەوەش، گوتیان کە یاخیبووان لە رێگەی عێراقەوە تێپەڕیون و ئێران شەڕکەرانی ناردووەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دواتر شەڕکەران چوونەتە کەناراوەکانی سووریا.
 
رووداو: ئەمانە هەموو بیانوون بۆ ئەوەی رەوایەتی بدەنە کارەکانیان، ئەگەر بەرامبەر کورد کردیان؟
 
رامی عەبدولرحمان: بەڵێ، بەڵێ، ئەوە پاساوە، ئەوە پاساوە. هیوادارین نە کۆمەڵکوژی کورد، نە کۆمەڵکوژیی عەرەب، نە کۆمەڵکوژیی عەلەوی، نە سوننە، نە دروز و نە هیچ پێکهاتەیەکی گەلی سووریا هەبێت. هیوادارین هاووڵاتیی سووری تێبگات سووریا بۆ هەموو رۆڵەکانی گەلی سووریایە بەبێ جیاوازی لەنێوان رەگەز، ئایین و تایفە.
 
رووداو: هەندێک بەو جۆرە خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکەن کە ئەمە سەرەتای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی درێژخایەنە لە سووریا؟ پێیتانوایە ئەم خوێندنەوە راست و واقعییە؟
 
رامی عەبدولرەحمان: نا، نا واقیعی نییە و راست نییە. لە شەڕی ناوخۆدا هەموو کەس دۆڕاوە، چ ئەوەی ئێستا هێزی هەیە، ئەوەی ئێستا لاوازە؛ هەموو کەس دەدۆڕێت، چونکە ئەوە دەبێتە پێشەکییەک بۆ هاتنی هێزی نێودەوڵەتی لەژێر بەندی حەوتەم بۆ سووریا.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە