رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، هێشتا زووە بۆ کارەبای 24 کاژێری، بەڵام پێوەری زیرەک دادەنێن؛ بۆ ئەوەش خوێندنەوەیان بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، بە فەرمی ئاگادار نەکراونەتەوە لە کۆتاییهاتنی لێخۆشبوونی هاوردەی گازی ئێران، بەڵام سیناریۆی جێگرەوەمان هەیە.
سیناریۆ جێگرەوەکان، وەک گوتەبێژەکە دەڵێت، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەی گاز، بەکارهێنانی سەرچاوەی نێوخۆیی و وزەی نوێن.
لەنێو فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردە، ئەحمەد مووسا دەڵێت، یەکێکیان گازی هەرێمی کوردستانە و هیواخوازن لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانیدا، زیاتر بیکڕن.
ئێستا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، عێراق 900 مێگاوات کارەبا و 100 مەقمەق [100 ملیۆن پێ سێجا] گاز لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکات.
ئەو قسانەی گوتەبێژەکە لەمیانی هەڤپەیڤینێکی تایبەتە لەگەڵ رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح لە رۆژی 9-3-2025 لەگەڵیدا ئەنجامیداوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق:
رووداو: کاک ئەحمەد سڵاوت لێبێت. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت کۆتاییمان هێنا بە لێخۆشبوونی هاوردەی گازی ئێران بۆ عێراق. پێشبینیی بڕیارێکی لەو جۆرەتان دەکرد؟
ئەحمەد مووسا: بەیانی باش، سڵاوت لێبێت بەڕێز محەممەد. سڵاو لە سەرجەم بینەرانی کەناڵی ئاسمانیی رووداو. ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا یەکێکە لە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق، بەم پێیە ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا لەژێر رێنماییەکانی حکومەتدا کار دەکات. بەڵێ، دەمێکە وەزارەتی کارەبا دوور لە بڕیاری ئەمریکا کاری کردووە [لە هاوردەکردنی گازی ئێران]. ئێستاش کاردەکات لەسەر فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی گاز و وزە. عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکمانستان کردووە بۆ هاوردەکردنی گاز. هیوادارین ئەو رێکارانەی ماون تەواو بکرێن تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها پڕۆژەی هەیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی و گاز و، بەردەوامیشە لە دروستکردنی پڕۆژەی جۆری کە لە کارکردنیدا پشت بە سووتەمەنی و گاز نابەستێت. هەروەها حکومەت کار دەکات لەسەر بەکارهێنانی کێڵگە نێوخۆییەکانی گاز.
رووداو: واتە پێشبینیتان دەکرد وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم کاتەدا ئەو بڕیارە بدات؟
ئەحمەد مووسا: بە دڵنیاییەوە زانیاریمان نییە. ئێمە وەک وەزارەتی کارەبا، لێخۆشبوونمان وەردەگرت لە هاوردەکردنی گاز لەبەر ئەوەی کە کارێکی خێرا هەیە لەسەر بەکارهێنانی کێڵگەکانی گازی نیشتمانی. پڕۆژەی خێرا هەیە بۆ دروستکردنی پڕۆژەکانی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. پڕۆژە هەیە کە دەتوانێت وزەی خۆر و وزەی نوێ بەکاربهێنێت. لەسەر ئەم بنەمایە لایەنی ئەمریکی چاودێری جیدییەتی عێراقی دەکرد لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و بەکارهێنانی گازی نیشتمانی، لەژێر رۆشنایی ئەوەدا لێخۆشبوونی دەردەکرد. ئەمجارە لە میدیا بیستمان، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ وەزارەتی کارەبا نەهاتووە. تاوەکو ئێستا ئاگادارکردنەوەی فەرمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەکانی عێراق نەهاتووە. بۆیە ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی عێراق کار دەکات. هەروەها بە دڵنیاییەوە سیناریۆی جێگرەوەشی هەیە، یەکێک لەوانە هاوردەکردنی گازە لە رێگەی سەکۆکانی گازەوە کە ئێستا لە بەندەرەکانی عێراقدا دادەمەزرێن. هەروەها یەکێکی ئەوەیە گاز لە تورکمانستانەوە هاوردە بکات. بژاردەیەکی دیکەش پشتبەستنە بە گازی نیشتمانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق.
رووداو: هیچ پێشبینییەک دەکەن بۆ دواجار ئەمریکا مۆڵەتەکە سێ مانگی دیکە درێژبکاتەوە تاوەکو ئەوکاتەی عێراق ئامادە دەبێت بۆ هاوردەکردنی گاز لە چەند سەرچاوەیەکی دیکەوە؟
ئەحمەد مووسا: بە دڵنیاییەوە، بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ هەوڵی حکومەت هەیە، دانوستاندن هەیە، لەوانەیە لێکتێگەیشتن هەبێت لەسەر ئەوەی کە عێراق پێویستی بە کاتە. ئەمڕۆ عێراق خەریکە لە هاوین نزیک دەبێتەوە. هێشتا گازی نیشتمانیی عێراق پێویستیی نێوخۆ پڕ ناکاتەوە، بۆیە پێویستی بە گازی هاوردەکراوە. بێگومان ئەمڕۆ کۆی پڕۆژەکان کە حکومەت و وەزارەتی کارەبا کاری لەسەر دەکەن، پێویستیان بە هەندێک کاتە. بۆیە هیوادارین عێراق ئەم دەرفەتەی پێبدرێت تاوەکو گازی نێوخۆیی یان پڕۆژە کاراکان کە پشتبەستن بە سووتەمەنی و گاز کەم دەکەنەوە، تەواو دەبن. بۆیە ئەگەر خوا یاربێت لێکتێگەیشتن هەیە، هەوڵی گەورە هەیە بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوونێکی دیکە، لەوانەیە تەنانەت بۆ تێپەڕاندنی بارگرانیی هاوین بە کەمترین زەرەر.
رووداو: ئەگەر بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بڕی ئەو کورتهێنانە چەند دەبێت کە بۆ عێراق دروست دەبێت لە گاز و کارەبا؟
ئەحمەد مووسا: بەڕێز محەممەد، ئەمڕۆ بەشێک لە وێستگەکانمان [بەرهەمهێنانی کارەبا] بە گاز و سووتەمەنیی نێوخۆیی و، بەشێکیشیان بە گازی هاوردەکراو کار دەکەن. یەکێک لە سیناریۆکانی وەزارەت کە هەنگاوی ناوە بەرەو فرەچەشنکردنی سەرچاوەی گاز، ئەوەیە لە زیاتر لە لایەنێکەوە هاوردەی بکات، واتە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکان و هاوردەکردن لە زیاتر لە لایەنێک. دیارە ئەمەش تاوەکو گازی نیشتمانیمان تەواو دەبێت. ئەمڕۆ هەوڵی گەورەی حکومەت هەیە بۆ بەکارهێنانی کێڵگەکانی گازی نیشتمانی و راگرتنی سووتاندنی گازی هاوەڵ و سوودوەرگرتن لێی بۆ بەرژەوەندیی کارەبا. ئەمڕۆ هەوڵی حکومەت هەیە بەو ئاراستەیە. بەشێک لە وێستگەکانمان ئێستا لەسەر گازی هاوردەکراو کار دەکەن. بە دڵنیاییەوە ئەگەر بوەستێت لە ئێستا کە نزیکین لە وەرزی، کاریگەریی لەسەر وێستگەکانی کارەبا دەبێت. بەڵام پلانی جێگرەوە هەیە، سیناریۆی جێگرەوە هەیە کە وەزارەتی کارەبا کاری پێ دەکات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دروستکردنی سەکۆی گازی شل تاوەکو گاز لە هەر وڵاتێکی جیهان هاوردە بکەین کە گازی شل هەناردە دەکات و سوودی لێ وەربگرین بۆ بەرژەوەندیی کارەبا. هەروەها پڕۆژە هەیە بە ناوی پڕۆژەکانی خولی تێکەڵ کە کارکردن بۆ تەواوکردنیان بەردەوامە، بەڵام پێویستیان بە کاتە تاوەکو تەواو دەبن. ئەمانەش پێویستیان بە سووتەمەنی و گاز نییە. هەروەها کارەکانی تەواوکردنی وێستگەکانی وزەی خۆر بەردەوامە، ئەمانەش پێویستیان بە سووتەمەنی و گاز نییە. هەروەها تەواوکردنی پڕۆژەکانی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ تورکیا و شانشینی ئوردن و بەستنەوەی کەنداو بەردەوامە. ئەمانەش پێویستیان بە گاز نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە رێنمایی لەلایەن دەوڵەت و سەرۆکوەزیرانەوە هەیە بۆ زیادکردنی وزەی گواستراوە بە هێڵەکانی بەستنەوە. بەم پێیە لەوانەیە ئەمە بەشێک لە گازی لەدەستچوو قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام ئەگەر گازی هاوردەکراو ئێستا بوەستێت، کاریگەری دەبێت لەسەر وێستگەکانی کارەبا. وەک وەزارەتی کارەبا هەوڵ دەدەین لە کاتی هاوین لە وەرزی هاوین لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر بەکاربردن، قەیران دروست نەبێت.
رووداو: بڕی ئەو گاز و کارەبایە چەندە کە لە ئێرانەوە هاوردەی دەکەین و، بە نەمانیشی کورتهێنانەکە چەند دەبێت؟
ئەحمەد مووسا: زیاتر لە دوو مانگە؛ لەوانەیە بگاتە دوو مانگ و نیو، گازی ئێرانی وەستاوە. زیاتر لە دوو مانگ، دوو مانگ و نیو، گازی ئێرانی بۆ بەغداد و پارێزگاکانی نێوەڕاستی فورات وەستاوە. بڕێک گازی هەیە بۆ ناوچەکانی باشوور، ئەم گازەش بە دڵنیاییەوە پێویستیی پڕ ناکاتەوە. گازی ئێرانی زیاتر لە دوو مانگە وەستاوە. بە هۆکاری دیاریش وەستاوە - لایەنی ئێرانی لە کاتەکانی لووتکەی خواست پێویستی پێیەتی، لە وەرزی ساردیدان، بۆیە گازی ئێرانی لە بنەڕەتدا وەستاوە. ئێمە لەو بەشەی کە وێستگەکانی کارەبای عێراق کاری پێدەکەن 8 هەزار مێگاواتە؛ 8 هەزار مێگاوات پشت بە گازی هاوردەکراو دەبەستێت. ئەگەر گازی ئێرانی بوەستێت، هیوادارین رێککەوتنەکەکە وەک وەزارەتی کارەبا لەگەڵ تورکمانستان واژۆمان کردووە، چالاک بکرێت. ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکمانستان واژۆ کردووە بۆ هاوردەکردنی 20 ملیۆن مەتر سێجا گازی رۆژانە. ئەم رێککەوتنیە نیوەی قەبارەی گازی لەدەستچووی ئێران پڕ دەکاتەوە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستا رێکارەکانی وردبینی لە لایەن کۆمپانیایێکەوە دەکرێت کە رۆڵی نێوەندگیری دەبینێت لە گواستنەوەی گاز لە تورکمانستانەوە بۆ عێراق. هیوادارین ئەم رێکارانە تەواو بکرێن تاوەکو گازی تورکمانستان وەربگرین.
رووداو: رێککەوتنی هاوردەی گاز لە تورکمانستانەوە کەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەتوانین گاز لە تورکمانستان بکڕین؟
ئەحمەد مووسا: لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ تورکمانستان؛ پێشتر لەسەر بڕی گازی هاوردەکراو، میکانیزم و چۆنیەتیی گواستنەوەی گاز رێککەوتووین،. پێشتر تەنانەت قۆناخەکانی تێپەڕبوونی بۆریی گازەکەمان ئامادە کردووە، جا چ لە رێگەی سواپەوە بێت یان گازی تورکمانستان لە رێگەی ئێرانەوە بۆ عێراق هەناردە بکرێت. ئێستا رێکارەکان دەستیان پێکردووە. ئەم رێکارە وردبینییانە لای ئەو کۆمپانیایەیە کە رۆڵی نێوەندگیری دەبینێت لە گواستنەوەی گاز لە تورکمانستانەوە بۆ عێراق. ئێستا لە عێراق TBI یان بانکی بازرگانیی عێراقی وردبینی دەکات: کۆمپانیاکە چییە؟ ئایا سزای لەسەرە؟ ئایا کێشەی دیکەی لەسەرە؟ ئەگەر خوا یاربێت، هەر کە ئەم رێکارانە تەواو بوون، رێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەر کە ئەم رێکارانە لە چەند رۆژێکدا تەواو بوون، رێککەوتنەکەدەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گازی تورکمانستان بەدەست دەهێنین.
رووداو: ئەمریکا رازی دەبێت بە سواپ گاز لە تورکمانستان بکڕین؟ واتە گاز لە ئێرانەوە وەربگرین و تورکمانستان بیداتەوە بە ئێران؟
ئەحمەد مووسا: وەک بۆ بەڕێزتم باس کرد، ئێمە لە وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی عێراق کار دەکەین. حکومەتی عێراقە کە سیاسەت لەسەر ئاستی باڵا دادەڕێژێت، ئەوە کە میکانیزمەکان دیاری دەکات کە لایەنەکان و وەزارەتەکان جێبەجێی دەکەن. بۆیە ئێمە بەشێکین لە حکومەت و بەپێی رێنماییە حکومییەکان کار دەکەین.
رووداو: نرخی ئەو گازەی تورکمانستان چەندە؟ هەرزانترە لەو گازەی لە ئێرانەوە هاوردەی دەکەین یان گرانترە.
ئەحمەد مووسا: تاڕادەیەک نرخەکە یەکسان دەبێت، بەڵێ یەکسان بە گازی ئێرانی. بەڵکو تەنانەت یەکسان بە نرخی پەسندکراو لە جیهاندا. تورکمانستان گاز بۆ زیاتر لە دەوڵەتێک هەناردە دەکات، بۆیە نرخەکە یەکسان دەبێت بەوەی کە تورکمانستان کاری پێ دەکات لە رووی میکانیزمی هەناردەکردنی گاز بۆ دەوڵەتانی دیکە.
رووداو: نرخی ئەو گاز و کارەبایەی لە ئێران دەمانکڕی چەند بوو؟
ئەحمەد مووسا: چەندێتیی نرخەکەم لەبیر نییە، بەڵام لەبارەی بڕی گاز کە عێراق لە ئێرانەوە هاوردەی دەکات، هەزار مێگاوات کارەبایە. لە هاویندا بڕی 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز هاوردە دەکات [لە ئێرانەوە]. عێراق پێویستی بەوەیە لە هاویندا 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە بکات. دیارە رێژەی گازی هاوردەکراو جیاوازە بەپێی مانگەکانی ساڵ. ئێمە لە زستاندا هاوردەکردنمان کەمترە لەوەی لە هاویندا، بەڵام بە بەرزترین ئاست لە هاویندایە کە قەبارەی گازی هاوردەکراو 50 ملیۆنە و کارەبای هاوردەکراو 1000 مێگاواتە.
رووداو: لە راگەیێندراوەکەی ئەمریکا باس لەوە کراوە کە عێراق دەتوانێت کەڵک لە گاز و کارەبای هەرێمی کوردستان ببینێت. ئێوە چۆن دەتوانن گاز و کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن؟
ئەحمەد مووسا: ئەمڕۆ هاوکاریمان هەیە وەک وەزارەتی کارەبای فیدراڵی لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێم [ـی کوردستان]. هەروەها پەیوەندی و باری هاوبەش، بەڵکو پلانی هاوبەشیش هەیە. ئەم پلانە هاوبەشە لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم [ـی کوردستان]، بەشێک لەم رێککەوتنە و بەشێک لەم پلانەی نێوان وەزارەتی کارەبای فیدراڵی و وەزارەتی کارەبای هەرێمە. ئەمە یەک! بەشەکە دیارە، هێڵی بەستنەوەمان هەیە، ئێستا کڕینی وزە هەیە لە رێگەی هێڵەکانی بەستنەوەوە. هێڵی گواستنەوەمان هەیە کە سیستمی فیدراڵی بە سیستمی هەرێمەوە دەبەستێتەوە، واتە بە کارەبای هەرێم. هەروەها دەکرێت سوود لە بەشێک لە گازی بەردەست وەربگیرێت، بۆ نموونە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر. بۆ نموونە، دەکرێت سوود لە گاز وەربگیرێت بەپێی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی کوردستان. دەکرێت سوود وەربگیرێت، بەتایبەتی ئەگەر بزانین کێڵگەی گازی کۆرمۆر نزیکە لە کێڵگەکانی جەمبوور، بۆیە بۆریی هەیە کە دەکرێت لە رێگەیەوە گاز بگەیێندرێتە وێستگەکانی کەرکووک. بۆیە سوود لە گاز وەردەگرین دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم.
رووداو: لە رووی ژێرخانەوە عێراق و هەرێمی کوردستان تا چەند ئامادەن بۆ گواستنەوەی گاز بە زوویی؟
ئەحمەد مووسا: بەڕێز محەممەد، رێنمایی لە سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە بۆ ئەگەری هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ کڕین و بەدەستهێنانی 100 مەقمەق لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر. کێڵگەی گازی کۆرمۆر بۆری گەیشتووی هەیە بۆ کێڵگەی جەمبور لە پارێزگای کەرکووک، کە بە کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە بەستراوەتەوە. ئەم بۆرییانە لە لایەکەوە بە گازی کۆرمۆرەوە بەستراون و دەگەنە کەرکووک، لە لایەکی دیکەوە لە کێڵگەکانی جەمبورەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە پارێزگای کەرکووک دەڕۆن. بۆیە ژێرخان و میکانیزم و رێککەوتن هەیە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی کوردستان دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی گاز لەم کێڵگەیە. بۆیە میکانیزمی کار و هاوئاهەنگی باڵا و لێکتێگەیشتن بە یەکێتی و هاوکاری هەیە لە نێوان حکومەتی هەرێم و وێستگەکانی کارەبای ناوەند.
رووداو: ئێستا شارەکانی دیکەی عێراق چەند کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکەن؟
ئەحمەد مووسا: ئێمە ئێستا باسی 900 مێگاوات دەکەین، 900 مێگاواتی هێڵەکانە، واتە هێڵەکانی سیستمی بەستراو لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا بەپێی ئەم هێڵانە وزە دەکڕن لە هەرێمی کوردستان کە دەگاتە 900 مێگاوات. دیارە ئەم بڕە وزەیە کەم و زیاد دەبێت ماوەکاندا بەپێی بەرهەمهێنانی بەردەست و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی و وەزارەتی کارەبای هەرێم. هێڵی بەستنەوە هەیە لەنێوان ناوچەی باکووری ناو حکومەتی ناوەند و وەزارەتی کارەبای هەرێم. ئەم هێڵانە - کارەبا لە کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی بەردەست لە هەرێم دەکڕێت بەبڕی نزیکەی 900 مێگاوات، کە لە ماوەکاندا بەرز و نزم دەبێتەوە.
رووداو: جگە لەو 900 مێگاواتە پێشبینی دەکەیت لەمەودا حکومەتی عێراق داوای چەندی دیکە بکات؟
ئەحمەد مووسا: لە هەرێمی کوردستان، وەک بۆ بەڕێزتم باسکرد، ئێستا بڕی بەردەست ئەوەندەیە، واتە بەردەست بە هێڵەکانی بەستنەوە و گەیشتن دیارە. خۆزگە گازێکی زیاتر هەبووایە! خۆزگە توانای وزەیەکی گەورەتر هەبووایە، ئامادەین هاوکارییەکی گەورەتر لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێم هەبێت، بەڵکو تەنانەت لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەکانیش. بەڵام قەبارەی بەرهەمهێنانی بەردەست ئێستا و ئەوەی کە دەکرێت وەزارەتی کارەبا لە هێڵەکانی بەستنەوە لەگەڵ هەرێم بیکڕێت ئەوەندەیە. خۆزگە توانایەکی گەورەتر هەبووایە! کڕینی وزەیەکی گەورەتر! خۆزگە هاوکارییەکی گەورەتر هەبووایە بۆ کڕینی گاز، بۆ بەدەستهێنانی گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان! خۆزگە! بۆیە ئێمە باسی قەبارەی ئێستا یان قەبارەی وزەی ئێستا دەکەین و ئەم بڕە لە 900 و لە ماوەکاندا کەم و زیاد دەبێت.
رووداو: ئێستا پێویستیی کارەبا لە عێراق چەندە و چەند بەکاردەهێندرێت؟
ئەحمەد مووسا: بەڕێز محەممەد، باری سیستم ئەگەر خوا بیەوێت بە پلان و ئامادەکاریمان، واتە پلانمان ئێستا کە جێبەجێکردنی بەردەوامە تاوەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی هاوین هەبێت و لە 1ـی مانگی پێنجەوە ئامادەیی پلانی تەواوی کارەبا بۆ پێشوازی وەرزی هاوین رابگەیێنین، باسی 28 هەزار مێگاوات دەکەین. سیستمەکە دەگاتە باری سەقامگیری 28 هەزار مێگاوات لە هاویندا، بەڵام عێراق لە هاویندا پێویستی بە 54 هەزار مێگاواتە. بۆیە دیارە جیاوازی هەیە؛ کەموکوڕی هەیە، کەلێنێکی گەورە هەیە لە نێوان بەرهەمهێنان و خواست. بۆ نەهێشتنی ئەم بارە یان ئەم کەلێنە گەورەیە، ئێستا پڕۆژە هەیە جێبەجێ دەکرێت کە پێویستی بە کاتە تاوەکو تەواو دەبێت. ئەم پڕۆژانە کەلێنە گەورەکەی نێوان بەرهەمهێنان و بڕی خواست چارەسەر دەکەن.
رووداو: لەو بڕەی باست کرد چەند هاوردە دەکرێت؟
ئەحمەد مووسا: هاوردەکردن؟ ئەمڕۆ هاوردەکردن لە تورکیاوە هەیە. ئەمڕۆ هێڵی بەستنەوەی کارەبامان هەیە؛ هێڵی بەستنەوەی کارەبامان هەیە کە لەگەڵ تورکیا دروستمان کردووە. هەروەها سوپاس بۆ حکومەتی هەرێم؛ ئەوان هاوکاربوون لەمەدا. ئەمڕۆ لەگەڵ تورکیا بەستنەوەی کارەبامان هەیە. پڕۆژەکانی بەستنەوەی کارەبا، باسی 300 مێگاوات دەکەین کە ئێستا دەچێتە ناو سیستم و هاوردە دەکرێت بۆ ناوچەی باکوور. ئەگەر خوا بیەوێت، رێنمایی هەیە بۆ زیادکردنی وزەی گواستراوە بە هێڵەکانی بەستنەوە لەگەڵ تورکیا تاوەکو بگاتە 600 مێگاوات. هەروەها ئێستا هێڵی کارەبامان لەگەڵ ئوردن هەیە و 54 مێگاوات لەو رێگەیەوە بۆ پارێزگای ئەنبار دەچێت. ئەگەر خوا بیەوێت پێش هاوین زیادی دەکەین تاوەکو بگاتە 150 مێگاوات وەک قۆناخی دووەم. هەروەها بەستنەوەی هێڵی کارەبامان لەگەڵ کەنداو هەیە. ئەگەر خوا بیەوێت پێش هاوین، ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ کەنداو تەواو دەبێت، لە قۆناخی یەکەمیشدا 500 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق هاوردە دەکرێت. هەروەها بە دڵنیاییەوە هێڵی وزەمان لەگەڵ هەرێم هەیە، وەک بۆ بەڕێزتم باس کرد، 900 مێگاواتی لێ دەکڕین.
رووداو: جیاوازیی هەیە لە نرخی کارەبای ئەو سەرچاوانە؟ کامیان هەرزانترە؟
ئەحمەد مووسا: نرخەکان بەندن بە بەراوردکارییەوە. ئەم بەراوردکارییە وەزارەتی کارەبا پەسەندی دەکات بەپێی لیستێکی جیهانی. پێمان وایە نرخەکان یەکسانن؛ نرخەکان یەکسانن بەو شێوەیەی کە وەزارەتی کارەبا پەسەندیان دەکات. ئێمە پەیوەندیمان بەو نرخەوە نییە کە دایدەنێن، بۆ نموونە نە ئەو نرخەی کە لایەنی تورکی و نە لایەنی ئوردنی دایدەنێن. ئێمە ملکەچی بەراوردکاری و هاوکێشەی نرخین بەپێی نرخەکانی رێنماییکراو بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی کارەبا [ـی عێراق]. ئەم نرخە رێنماییکراوانە لە لایەن حکومەتەوە پەسەند کراون. دیارە لە چوارچێوەی کڕینی وزەدا، هەروەها لە نرخەکاندا رەچاوی لیستی جیهانی نرخەکانی وزە دەکرێت کە بەپێی سەبەتەی ئۆپێکە، واتە بەپێی نرخەکانی نەوت. هەروەها رەچاوی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخەکان دەکرێت بەپێی نرخەکانی وزەی جیهانی و عەرەبی و هەرێمی.
رووداو: لە بابەتی هاوردەی گازی ئێران، لەدوای بڕیارەکەی ئەمریکاوە هیچ ژوورێکی ئۆپەراسیۆن پێکناهێنن بۆ ئەوەی لە هاویندا تاریکی روو لە عێراقییەکان نەکات؟
ئەحمەد مووسا: بەدڵنیاییەوە وەزارەتی کارەبا دەمێکە ئامادەیە لە رووی وێستگەکانی بەرهەمهێنان لە رێگەی هێڵەکانی گواستنەوە، وێستگەکانی گۆڕین، چارەسەرکردنی بەربەستەکان لە تۆڕەکانی دابەشکردن، دامەزراندنی وێستگەکان و دەستپێکردنی تۆڕەکانی دابەشکردن. ئەمە پلانێکی گەورەیە کە ماوەیەکە جێبەجێکردنی بەردەوامە. ئەگەر خوا بیەوێت، 1ـی پێنج پلانی کارەبا ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی ئامادەیی بۆ پێشوازیی وەرزی هاوین راگەیێنین. بە دڵنیاییەوە کورتهێنانی گاز لە هەر هەناردەکارێکەوە بێت، چ گازی نیشتمانی بێت یان هاوردەکراو، کاریگەری لەسەر وێستگەکانی کارەبا دەبێت، بەڵام وەزارەتی کارەبا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق هەوڵ دەدەن کە جێگرەوە بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانە تاوەکو سیستمی کارەبا تووشی قەیران نەبێت و کاژێرەکانی دابینکردنی کارەبا کاریگەرییان نەکەوێتە سەر. هەروەک دیپلۆماسیەتی عێراق هەوڵ دەدات لەگەڵ لایەنی ئەمریکی سەرکەوتوو بێت، لەوانەیە بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوونێکی دیکە کە لە رێگەیەوە وەرزی سەختی هاوین تێپەڕ بکەین.
رووداو: جێگری وەزیری نەوت رایگەیاند کە خەریکی کارەبای 24 کاژێرین، ئەم هەوڵە بەکوێ گەیشتووە؟ کارەبای هیچ گەڕەک و ناوچەیەک لە عێراق کراوەتە 24 کاژێری؟
ئەحمەد مووسا: ئەم بابەتە، پلانی کارەبای 24 کاژێرییە و تێرکردنی خواستی هاووڵاتییانە لە کارەبا، واتە پێویستی بە کاری گەورە هەیە. پێویستی بە وێستگە هەیە کە بەرهەمهێنانی وزە زیاد بکەن. پێویستی بە بەهێزکردن و کێشانی نەخشەی تەکنیکی بۆ کەرتی گواستنەوە هەیە. پێویستی بە چوونە پێشەوە بە ئاسۆیەکی گەورەتر لە کەرتی دابەشکردن هەیە. قسەکردن زووە لەسەر گەیشتن بە کارەبای 24 کاژێری. پێویستمان بە پلانی سووتەمەنی هەیە، پێویستمان بە سووتەمەنی و گاز هەیە بۆ وێستگەکان. قسەکردن لەمبارەیەوە جارێ زووە. بەڵێ، ئێستا حکومەت بەردەوامە. بەردەوامە لە بەهێزکردنی ژێرخان و پشتبەستن بە سەرچاوە نیشتمانییەکان و دروستکردنی دۆسیەیەکی تایبەتی بەڵێندەر بۆ وزەی کارەبا، بەڵام بابەتەکە پێویستی بە کات و سەرچاوە هەیە؛ هەروەک پێویستی بە پلانی سووتەمەنی و گاز و شتی دیکە هەیە.
رووداو: هیچ گەڕەک، ناحیە و ناوچەیەک دیاریکراوە وەک ئەزموون کارەبای 24 کاژێری لەسەر تاقیبکەنەوە؟
ئەحمەد مووسا: پڕۆژەی پێوەری زیرەکمان هەیە. دیارە ئەزموونی هەرێمی کوردستانمان لە بواری پێوەری زیرەک خوێندوەتەوە، خوێندنەوەمان بۆ ئەزموونی تورکیا، ئێران، ئوردن و سعودیە لەم بابەتە کردووە. ئێمە ئێستا ئەگەر خوا بیەوێت پڕۆژەی چوار پارێزگامان هەیە، ئەم ئەزموونە گشتێنراوە بۆ ئەنبار، دیالە، کەرکووک و واست. ئێستا بەردەوامین لەسەر پەسندکردنی پڕۆژەکانی پێوەری زیرەک لە ناوچەکانی بەغدا، بەسرە، مەیسان، کەربەلا و نەجەف. پڕۆژەکانی پێوەری زیرەک؛ یەکەم: زێدەڕۆییەکان چارەسەر دەکات، سەرچاوەکانی کۆکردنەوە زیاد دەکات، چاودێری بارەکان دەکات و خزمەتگوزارییەک پێشکێش دەکات کە لەوانەیە نموونەیی بێت بۆ هاووڵاتییان، چونکە کاژێرەکانی دابینکردن زیاد دەکات.
رووداو: دەمەوێت نرخی یەکەی کارەبام پێ بڵێیت؛ نرخی کارەبای ماڵان، شوێنە بازرگانییەکان، پیشەسازییەکان و کشتوکاڵییەکانم پێ بڵێت.
ئەحمەد مووسا: 10 دینار نرخی یەکەی کارەبایە بۆ هاووڵاتیان. هەزار یەکەی کارەبا بە 10 هەزار. دیارە کشتوکاڵی و پیشەسازی و بازرگانی 60-70 دینارە بۆ هەر یەکەیەک و بەو شێوەیە هەژمار دەکرێت. نرخی پاڵپشتیکراو هەیە، پشتیوانیی حکومەت هەیە، جا چ بۆ هاووڵاتییان بێت، چ بۆ کەرتی کشتوکاڵی و بازرگانی و پیشەسازی، کارەبا بە نرخی پاڵپشتیکراو هەیە.
رووداو: بۆ ئەوەی خەڵک تێبگات، بە کیلۆوات پێمان بڵێ چەندە؟
ئەحمەد مووسا: هەزار یەکەی کارەبا بە 10 هەزار دینارە بۆ یەکەی نیشتەجێبوون. بۆ یەکەی نیشتەجێبوون: هاووڵاتی کە هەزار یەکەی کارەبا بەکار دەهێنێت بە 10 هەزار، دوو هەزار یەکەی کارەبا بەکار دەهێنێت بە 20 هەزار دینار. نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی هەیە بۆ یەکەی نیشتەجێبوون، بۆ پیشەسازی و کشتوکاڵی و بازرگانی. شەست هەزار بۆ پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵی. هەزار یەکەی کارەبا بۆ کەرتی کشتوکاڵی، پڕۆژەی پیشەسازی و پڕۆژەی وەبەرهێنان، 60 هەزار دینارە. چ بۆ هاووڵاتییان بێت بۆ یەکەی نیشتەجێبوون یان بۆ پیشەسازی یان بۆ بازرگانی، کارەبا بە نرخی پاڵپشتیکراو هەیە، لە حکومەتەوە بۆ هاوبەشان پێشکێش دەکرێت، بەڵام پشتیوانیی هەرە گەورە بۆ بەرژەوەندیی یەکەی نیشتەجێبوونە.
رووداو: تێچووی بەرهەمهێنان چەندە کاک ئەحمەد، ئەو نرخە پاڵپشتیکراوە چەند لەسەر حکومەت دەکەوێت؟
ئەحمەد مووسا: تێچووی بەرهەمهێنان بە دڵنیاییەوە لەوانەیە بگاتە 110 هەزار دینار. بۆ ئەوەی نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی پێشکەشکراو بزانیت، ئێمە باسی هەزار یەکەی کارەبا دەکەین کە لەوانەیە پاڵپشتییەکەی بۆ هاووڵاتییان بگاتە زیاتر لە 75%، 75% پاڵپشتی هەیە کە بۆ هاووڵاتییان پێشکێش دەکرێت، واتە بێ ئەوەی بە نرخی تێچوو بێت. ئێمە ئێستا بە نرخی تێچوو نافرۆشین، حکومەت بە نرخی تێچوو نافرۆشێت، بە نرخی پاڵپشتی دەفرۆشێت کە دەگاتە 75% بۆ هاووڵاتییان. واتە بەم پێیە هاووڵاتی ناتوانێت نرخی کارەبا بدات ئەگەر بە نرخی پاڵپشتیکراو نەبێت، چونکە گرانە.
رووداو: ئەگەر پێوەری زیرەک ببەسترێت و کارەبا ببێتە 24 کاژێری، نرخەکەی گران دەبێت؟
ئەحمەد مووسا: بەڕێز محەممەد، لە بەشی یەکەمی پڕۆژەکانی پێوەری زیرەک ناتوانین بڵێین 24 کاژێر کارەبا دەدات، واتە بەم پێیە ئێمە باسی ئەزموونەکانی ئێستا دەکەین، ئێستا دەستمان پێ کردووە،. واتە هێشتا ناتوانین بڵێین 24 کاژێر کارەبا دەدات. ئەمە یەک. بەڵام دەتوانێت چاودێری بارەکان بکات، واتە دەتوانێت زێدەڕۆییەکان نەهێڵێت، واتە دەتوانێت سەرچاوەکانی کۆکردنەوە زیاد بکات. بەڵێ دەتوانێت کاژێرەکانی دابینکردن زیاتر بکات لەوەی بەردەستە، بەڵام ناتوانین بڵێین 24 کاژێر. نرخی کارەباکە هەرگیز لە نرخی ئەو کارەبایە زیاتر نابێت کە بە پێوەری زیرەک دەکرێت، هیچ زیادکردنێک لە نرخی کارەبا نییە. هەروەها پێوەرەکە بە خۆڕایی بۆ هاووڵاتییان دادەنرێت لەسەر حیسابی حکومەت، لەسەر حیسابی دەوڵەت، بە خۆڕایی بۆ هاووڵاتیان دادەمەزرێت و، هیچ زیادکردنێک لە نرخەکە نییە.
رووداو: بەڕێز ئەحمەد زۆر سوپاس. خۆشحاڵ بووم بە گفتوگۆ لەگەڵ جەنابت.
ئەحمەد مووسا: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ