ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بۆ رووداو: بە هەموو رێگەیەک هەوڵماندا کچە ئێزدییەکەی غەززە بگەڕێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
هەردووکیان وێنەی فەوزییەن، ئەو کچە ئێزدییەی لە غەززە رزگار کرا
هەردووکیان وێنەی فەوزییەن، ئەو کچە ئێزدییەی لە غەززە رزگار کرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رزگارکردنی کچێکی کوردی ئێزدی بە ناوی فەوزییە کە لە غەززە بووە، بووەتە رۆژەڤ، ئیسرائیل دەڵێت کچەکە لەلایەن ئەوانەوە رزگار کراوە، بەڵام حکومەتی فەلەستینی دەڵێت، کچەکە بە هەوڵی ئەوان بە کەسوکارەکەی شاد بووەتەوە.

غازی حەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "ئەوپەڕی هاوکاریمان پێشکەشی کچە ئێزدییەکە کردووە".
 
سبەی دووشەممە، ساڵێک بەسەر هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل تێدەپەڕێت، کە هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیلی بەدواداهات و بەهۆی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 41 هەزار کەس لە فەلەستین کوژراون.
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس باسی دۆخی غەززەی کرد و گوتی: "دۆخی غەززە زۆر بەهەموو واتایەکەوە کارەساتبارە". گوتیشی: "رۆژانە 60 - 70 کەس لە غەززە دەکوژرێن."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ غازی حەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس:
 
رووداو: دڵنیام ئاگاداری چیرۆکی ئەم کچە ئێزیدییەیت کە خەڵکی باشووری کوردستانە و لە غەززە رزگارکراوە و گەڕێندراوەتەوە عێراق. چیرۆکە راستەقینەکە چییە و چۆنە؟  
 
غازی حەمەد: بەڕێزتان باش دەزانن ئیسرائیلی دوژمن هەوڵدەدات هەموو چیرۆکێک بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە. بۆ ئەوەی رووخساری خۆی پێ جوان بکات، دوای ئەم هەموو تاوان و کۆمەڵکوژییەی لە دژی رۆڵەکانی گەلی فەلەستین بە ژن و منداڵەوە کردوویەتی. لە پاڵ ئەمەش هەزاران ماڵ و دەیان نەخۆشخانە و سەتان دامەزراوەی حکومی خاپوور کردووە، بۆیە دەیەوێت هەموو شتێک بقۆزێتەوە و چیرۆکێکی ساختە بهۆنێتەوە بۆ ئەوەی رووخسارە ناشیرینەکەی خۆی پێ جوان بکات. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵدەدات دەستکەوت بۆ خۆی تۆمار بکات، بەڵام روونە چیرۆکەکە ساختە و درۆیە و دوورە لە راستی. خۆم بۆ ماوەی پێنج ساڵ بریکاری وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بووم، لە وەزارەتدا چاوم بەم کچە کەوت و بە تێروتەسەلی چیرۆکەکەیم بە باشی زانی، بەڵام دوای ئەوەی زانیمان گەیشتووەتە کەرتی غەززە، چاودێریی کۆمەڵایەتیمان کرد و هەمو و جۆرە هاوکاری و یارمەتییەکمان پێشکێشکرد بۆ ئەوەی لەناو ماڵی خۆی و لەنێو منداڵەکانیدا بژیت. زۆر ئازاد بوو، بەویستی خۆی بۆ هەر کوێیەک ویستبایە دەڕۆشت. بەهیچ شێوەیەک دەستبەسەر نەکراوە. بەهیچ شێوەیەک هیچ جۆرە کۆت و بەندێک بەسەریدا نەسەپێندرابوو. وەکو گوتم بەردەوام ئاگاداری بووم و تەنانەت هاوئاهەنگیمان لەگەڵ دامەزراوەکانی خێرخوازی لە غەززە کردبوو بۆ ئەوەی هەموو پێداویستییەکی ژیانی بۆ بڕەخسێندرێت و رەخسێندرا. بە چاوی رۆڵەیەکی خۆمان مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرد و رێزی لێدەگیرا. هەوڵی دەدا بگەڕێتەوە عێراق، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر هەوڵمان دا بۆ ئەوەی لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە بچێتە دەرەوەی غەززە و لە میسرەوە بەرەو عێراق، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی سەلمێندراو و پاسپۆرت، کارەکە زۆر سەخت بوو.
 
زۆر بە جدی هەوڵمان دەدا کچەکە بگەڕێنینەوە نێو خێزان و ماڵباتەکەی لە عێراق. هەموو رێگەیەکمان گرتەبەر، بەڵام دۆخی ئاڵۆزی کەرتی غەززە هاوکار نەبوو. بە کورتی دەڵێم، ئەوەی زایۆنی دوژمن بڵاویکردەوە، چیرۆکێکە پڕە لە درۆ بەهۆی ئەوەی کچەکە ژیانێکی زۆر ئاسایی لە غەززە هەبوو. بەهیچ شێوەیەک ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی نەکرد بۆ رزگارکردنی یان باشترکردنی گوزەرانی. وەکو گوتم، ئەم کچە ژیانێکی سرووشتی و ئاسایی هەبوو، لەلای کەسوکاری هاوژینەکەی دەژیا. ئێمەش چاودێریی دۆخیمان دەکرد و ئاگاداری بووین، چونکە ئەرکی ئێمەیە و دەمانزانی دۆخەکەی چۆنە و دایکی دوو منداڵە و هەموو توانایەکمان خستەڕوو بۆ هاوکاریکردنی، بۆیە چیرۆکەکەی ئیسرائیل تەنیا هەوڵێک بووە بۆ شێواندنی نازناوی کەرتی غەززە و بۆ ناوزڕاندنی موجاهیدانی غەززە بۆ ئەوەی رووخساری خۆی پێ باش بکات. 
 
رووداو: دەمەوێت بزانم بارودۆخ لە غەززە چۆنە، دۆخی خەڵک لەوێ چۆنە، شەڕ لە کوێیە و بەشێوەیەکی گشتی ژیان و گوزەران چۆنە لە غەززە؟ 
 
غازی حەمەد: دۆخی غەززە زۆر بەهەموو واتایەکەوە کارەساتبارە. لە مێژوودا کارەساتی وەها رووینەداوە. ئیسرائیل ئەم شارە ئاوەدانەی کردە وێرانە کە بەهیچ شێوەیەک بۆ ژیان ناشێت و ژێرخان و سەرخانی خاپوور و وێرانکرد. هیچ ئاماژەیەکی ژیانی تێدا نەهێشتەوە. هەڵە نییە ئەگەر بڵێم لەوەتەی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئەمڕۆ 6ـی ئۆکتۆبەر رۆژانە کۆمەڵکوژی و کاولکاری تۆمار دەکرێت و جەنگ نەوەستاوە، کوشتن و خوێنڕشتن رانەگیراوە، کۆمەڵکوژی رۆژانە بەری لێ نەگیراوە. رۆژانە لانیکەم 60-70 هاووڵاتیی فەلەستینی دەکوژرێن، کە زۆربەیان منداڵانی غەززەن. قوتابخانە، دامەزراوەکانی ئۆنۆروا و تەنانەت ئەو کەمپ و خێوەتانەی بۆ ئاوارەکان تەرخانکراوە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی داگیرکەران بۆردوومان کرا. رۆژانە تۆپبارانی چڕ لە تەواوی غەززە و باشووری لوبنان دەکرێت. ژن و منداڵ دەکوژن، خانووبەرە و مزگەوت و قوتابخانەکان خاپوور دەکەن، ئەمە سیاسەتی داگیرکەرانی زایۆنیزمە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ فەلەستینی و لوبنانییەکان. رۆژانە کوشتار و کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی ژێرخان بەردەوامە. زۆر بەداخەوە دۆخی غەززە زۆر خراپە، قەیرانی ئاوی خواردنەوە هەیە، تەنانەت نەخۆشخانەکانیش بێ دەرمانن و ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکێشی بریندار و نەخۆشەکان بکەن. دەمێکە بە دوای وشەیەکدا دەگەڕێم لە ئاست قەبارەی رووداو و کارەساتەکاندا بێت، بۆم نادۆزرێتەوە. 
 
رووداو: سبەی 7ـی ئۆکتۆبەرە، ساڵێک بەسەر هێرەشەکەی حەماس تێدەپەڕێت بۆ سەر ئیسرائیل و لەو رۆژەوە جەنگ بەردەوامە. چارەنووسی ئەم جەنگە چی دەبێت، ئیسرائیل رادەوەستێت؟ 
 
غازی حەمەد: دوژمنی زایۆنیزم دەستبەرداری جەنگە کارەساتبارەکە نابێت و لەلایەکی دیکەشەوە ئومەتی عەرەبی و ئیسلامیش بەدەمەوە ناچن و ئازار و کۆژانەکانیان ساڕێژ ناکەنەوە و لە دژی ئەم داگیرکارییە ناوەستنەوە. لە کاتێکدا دوژمن بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا هێرش دەکاتە سەر فەلەستین و لوبنان و عێراق و سووریا و یەمەن. رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر هاوسەنگی مێژوویی، سیاسیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی گۆڕی. راستە جیهان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و پشت بە خوای گەورە ئەمە سەرەتای لەنێوچوونیانە. ئەم قەوارەیە وەک تەنێکی نامۆ و شێرپەنجەیە لەنێو جەستەی وڵاتانی عەرەبیدا. بەداخەوە وڵاتانی ئیسلامی کە لەبەرچاویاندا ئەم کۆمەڵکوژییە دەکرێت و هیچ وەڵامێکیان نەبووە و بەدەمەوە نەچوون، بەپێچەوانەوە پاڵپشتیی بەردەوام بۆ ئیسرائیل هەیە لە چەک و پارە و میدیا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتانی رۆژئاوا. سەرباری هەموو نەهامەتییەکان، ئێمە گەلێکی ئازا و بەهێز و خۆڕاگرین. خۆمان بەدەستەوە نادەین و ئاڵای دۆڕاندن بەرز ناکەینەوە، گەلێکین نازانین دۆڕاندن و خۆبەدەستەوەدان چییە و پەیوەندییەکانمان ئاسایی ناکەینەوە، پشت بەخوا تێکۆشانمان لە دژی دوژمن بەردەوامە و ناوەستین. لە کۆتاییدا داگیرکار سەرناکەوێت و خەونەکانی بەدی ناکات و چۆک بە موقاوەمەت دانادات و تەنانەت ناشتوانێت خۆی بەسەرماندا بسەپێنێت. ئێمەی گەلی فەلەستین بە هێزەوە دەمێنینەوە. باجەکەی چەند قورسیش بێت دەستبەرداری مقاوەمە نابین. 
 
رووداو: ئێستا چەند بارمتە لەژێر دەستی حەماس ماون؟ 
 
غازی حەمەد: ئامارێکی وردم نییە، بەهۆی ئەو دۆخەی تێیداین کە دۆخێکی زۆر سەختە. ئێستا لە قۆناخی دانوستاندنداین، بەڵام زۆر روونە داگیرکەر نایەوێت درێژە بەم دانوستاندنە بدات و دەیەوێت دۆخەکە بقۆزێتەوە لەپێناو درێژەدان بە کۆمەڵکوژییەکانی لە کەرتی غەززە. هەروەها جیهان فریو دەدەن بەوەی ئەوانیش دەیانەوێت دانوستاندن بکەن، بەڵام وانییە لە 10 مانگی رابردوودا هەرچەندە دەستپێشخەری جۆراوجۆر هەبوو بۆ دانوستاندن، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەر هیچ کات هەڵوێستێکی ئەرێنی نەبووە، بەپێچەوانەوە پێداگر بووە لە پرۆسەی کوشتن و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکانی کوشتووە. دەتوانم بڵێم 50-60 بارمتەی کوشتووە و سوپای داگیرکەر بە ئەنقەست بارمتەکانی کوشتووە. ئێمە هەڵوێستی روونمان پیشاندا بۆ پرسی بارمتەکان و ئامادەیی خۆمان راگەیاند بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان بە بارمتەکان لە چوارچێوەیەکی رێکخراو و پێموایە هەمووان ئاگاداری دۆخەکەن. 
 
رووداو: هەرچەندە لەماوەی رابردوودا هەوڵ و دەستپێشخەری هەبوون بۆ ئاگربەست بەتایبەتی لە غەززە، هەوڵەکان شکستیان هێنا. دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵڵا، شەڕەکە فراوانتر بوو و لوبنانیشی گرتەوە. ئێستا هیچ دەرفەتێکی ئاگربەست هەیە؟ 
 
غازی حەمەد: هەڵوێستی ئێمە لە حەماس، کاری لەپێشینەمان راگەیاندنی ئاگربەستە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دوژمنکارییەی دژی گەلی فەلەستین بوەستێندرێت. کۆمەڵکوژییەکان بوەستێندرێت، کوژرانی منداڵ و ژن و بەساڵاچووەکان بوەستێندرێت، خاپوورکردنی ماڵ و دامەزراوەکان بوەستێندرێت. بەڵام روونە تاوەکو ئێستا گوشارێکی راستەقینە بۆ راگرتن و وەستاندنی هێرشی دوژمن نەبووە. پێمسەیرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئێران و لیبیا، سوودان و یەمەنیان سزا دەدا بە بیانووی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیی، کەچی ئیسرائیل ئەمڕۆ دۆسیەکەی لە دادگەی تاوانی نێوەدەوڵەتییە و بە تاوانی جەنگ و پاکتاوی نەژادی و قڕکردنی میللـەتێک بە ئەنقەست تۆمەتبار کراوە. جگە لە لەناوبردنی دامودەزگاکان و خانووبەرەی هاووڵاتییان. سەرباری هەموو ئەم تاوانانە، کەچی گوشارێکی راستەقینە نییە بۆ ئەوەی جەنگەکە رابگرێت. دوو رۆژ پێش ئێستا هێرشی کردە سەر یەمەن و پێشتریش ئیسماعیل هەنییەی لە ئێران شەهید کرد و دواتر حەسەن نەسڕوڵڵای شەهید کرد و ژمارەیەک لە سەرکردەی مقاوەمەی کردە ئامانج. بەڵام وەک گوتم تاوەکو ئێستا هیچ کارێک نەکراوە بەر لە داگیرکاری و دوژمنکارییەکەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بهێندرێت. بۆیە پێدەچێت ئەم جەنگە درێژە بکێشێت، بەڵام سەرباری ئەوەی دوژمن بەردەوامە لە هێرشکردن و کوشتنی خەڵکی سڤیل بەڵام هەرگیز ناتوانێت خەونەکانی بەدی بێنێت.
 
رووداو: پێشبینی دەکەن شەڕەکە لە ناوچەکەدا فراوان بێت بۆ نموونە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر عێراقیش؟ 
 
غازی حەمەد: دەوڵەتی داگیرکەر نیازی روون و ئاشکرایە و دەیەوێت جەنگەکە فراوانتر بکات. هەڕەشەکانی بۆ ئێران و یەمەن و عێراق و سووریا و لوبنان. کۆمەڵکوژییەکانی لە کەرتی رۆژئاوا و غەززە بەردەوامە. بۆیە ئەمە وڵاتێکی شێتە و کۆنترۆڵ ناکرێت، دەوڵەتێکە گوێ بە یاسا نادات. ئەو دەیەوێت بکوژێت و بکوژێت. دەیەوێت بیسەلمێنێت کە هێزێکە کەس ناتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە. زۆر بەداخەوە ئەمریکا پاڵپشتی بێ سنووری لێدەکات لە چەک و رووماڵی سیاسی و پاڵپشتی لۆجیستی. ئیسرائیل سەرچاوەی هەموو کێشە و ناسەقامگیرییەکانە. بۆیە پێمسەیرە ئەو وڵاتانەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دوژمن ئاساییکردووەتەوە هەڵوێستی ئەمانە دەزانن کە چەندە خراپە. بە چاوی خۆیان دەبینن رۆژانە منداڵ دەکوژن، کەچی ئاڵای ئیسرائیل لە وڵاتەکانیاندا هەڵدەکەن. داوا لە هەموو وڵاتان دەکەم کۆتایی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بهێنن و گەمارۆ بخەنە سەر ئەم دەوڵەتە دوژمنە بۆ ئەوەی رێگری لێ بکرێت لە کردنی تاوان و هەموو جۆرە خراپەکارییەک و داپلۆسێن و پێشێلکاریکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە