یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: گرنگە هەولێر و بەغدا بەزووترین کات بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بخەنەوە کار

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دا، باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و بە گرنگی دەزانێت، دەڵێت ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان بە دەرگای پشتەوە دەچێتە دەرەوە، ئەوەش نە سوودی بۆ هەولێر هەیە، نە بەغدا و داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات، بە جیدی پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بۆرییەکە بە زووترین کات بخەنەوە کار "تەنیا لایەنێک کە سوود لە دۆخی ئێستا وەردەگرێت قاچاخچییەکان و ئێرانییەکانن".
 
جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە لەم هەڤپەیڤینەدا، باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی خۆی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت پێمگوت سوپاسگوزارم بۆ ئەو میواندارییە گەرمەی لە هەولێر چێژم لێ وەرگرت و چەندە سەرسام بووم بەوەی لەوێ لە هەرێمی کوردستان روودەدات.  جۆفری پایت هەروەها گوتی "من گوتم، ... بیرت دێت لە سەردانەکەم بۆ هەولێر، زۆربەی وەک ئۆکلاهۆمایەکی بچووک بوو، بە راستی ئەوە دیدگای ئێمەیە". 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە: 
 
رووداو: سەبارەت بەو سەردانەی وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ شاندێکی گەورە لە نێونیاندا نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە هیوستن بوون، هەم لەگەڵ ئێوە کۆبوونەوە، هەم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش، چیتان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق باسکرد؟
 
جۆفری پایت: ئەم سەردانە بەدواداچوون بوو بۆ سەردانە سەرکەوتووەکەی سەرەتای ئەم ساڵی سەرۆکوەزیران سوودانی. رۆڵی سەرەکی لەو گفتوگۆیانەدا بۆ پرسەکانی وزە و بەتایبەتی ئامانجی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەواوی وزە تاوەکو ساڵی 2030 بوو، هەروەها باس لە سەردانەکەی خۆم بۆ بەغدا و هەولێر لە مانگی ئایار کرا و لەو سەردانەدا بە بەهێزی جەخت کرایەوە لە پشتگیریی ئەمریکا بۆ سەربەخۆیی وزەی عێراق و پەیوەندییە نزیکەکانی وزە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، دەرفەتی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە زۆرەکانی وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سوود بە سەربەخۆیی وزەی عێراق بگەیەنێت. لە کۆتاییدا باسی ئەو لەپێشترینەی حکومەتی بایدنیش کرا، کە داویەتی بە کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا وەک میکانیزمێک بۆ ئاسانکاریی یەکخستنی زیاتری وزە و بۆ کۆنترۆڵکردنی قاچاخچێتی و چالاکییەکانی دیکە کە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلی عێراق نین.
 
رووداو: دێمە سەر پرسی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، بەڵام با ئێستا لەسەر پرسی سەربەخۆیی وزە بوەستین، ئەمریکا چۆن هاوکاری عێراق دەکات سەبارەت بە گازی هاوەڵ و هەروەها رێگای گەیشتنیان بە سەربەخۆیی وزە لە ئێران، ئێوە پابەندییەکی راستەقینە لە حکومەتی عێراق سەبارەت بەم پرسەوە دەبینن؟ 
 
جۆفری پایت: زۆر گرنگ بوو کە وەزیر حەیان لەگەڵ شاندێکی گەورەی عێراق و دوو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هیوستن بوو. دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە نەخۆشکەوتنی وەزیر حەیان دوای کۆبوونەوەکانمان بکەم و بڵێم زۆر دڵخۆشم کە لە هیوستن بوو، کە یەکێکە لە باشترین شوێنەکانی چارەسەری پزیشکی لە جیهاندا و ئێستا کە حاڵەتە کتوپڕەکەی تێپەڕیوە، هیوادارم زوو چاک ببێتەوە، بەڵام گرنگ بوو بۆ ئێمە کە وەزیر حەیان لەبارەی ئەو لەپێشترینەی عێراق دەیدات بە راکێشانی وەبەرهێنانی رۆژئاوایی بۆ هەندێک لەم بلۆکە نەوتییە گەورانە بە پەیامێکی زۆر روونەوە لەوێ بوو. راستەوخۆ دوای تەواوبوونی خولی پێنجەم و شەشەمی کێبڕکێکانی تەندەرین من لە بەغدا بووم و پێم وایە زۆر روون بوو کە هەموو کەس نائومێد بوون لەوەی کە تەنیا براوە سەرکەوتووەکان لەو چوارچێوەیەدا چینی بوون، جگە لە یەک کۆمپانیای کوردی. ئەوانە کۆمپانیا چینییە بچووکەکان بوون، کە تۆماری تەکنەلۆژی و توانای گەیاندنە ئەنجامیان نییە. 
 
عێراق زلهێزێکی وزەیە. وڵاتێکە کە تواناییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی زۆر باشتر بکات، هەم لە رووی دەرهێنان و هەم لە رووی دروستکردنی پیشەسازییەکی وزەی پاکتر و گرنگیدانێکی زۆر زیاتر بە کەمکردنەوەی گازە دزەکردووەکان، کۆتاییهێنان بە هەڵمژین و سووتاندنی گاز. ئەمە ئەو شتەیە کە پرۆژەی زەبەلاحی تۆتال TOTAL مەبەستیەتی بەدەستی بهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە TOTAL زۆر بە نزیکی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کار دەکات، لەوانەش هەنی وێڵ Honeywell وەک دابینکەری تەکنەلۆژیا، کە ئەوە زۆر گرنگە. کەواتە ئێمە دەمانەوێت ئەم پرۆژانە بە ئامادەبوونێکی بەهێزی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان بەرەو پێش بچن، هەر بۆیە من لە هیوستن بووم. 
 
رووداو: بردنەوەی گرێبەستەکان لەلایەن کۆمپانیا چینییەکان یەکێک بوو لە پرسیارەکان، ئایە هیچ گوشارێکتان لەسەر حکومەتی عێراق هەبوو کە ئەم دەستپێشخەرییە بکات و بێنە هیوستن تاوەکو لە گەڕی شەشەم گرێبەستەکان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێت، تەنیا بۆ کۆمپانیا ئەمریکی و رۆژئاواییەکان بێت، ئێوە هیچ گوشارتان لە حکومەتی عێراق کردووە لەسەر ئەم پرسە؟ 
 
جۆفری پایت: بەڕاستی مافی ئێمە نییە گوشار بخەینە سەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بەڵام ئێمە هەمان شتمان دەوێت کە عێراق دەیەوێت. ئێمە دەمانەوێت ئابووریی وزەی عێراق بەرەوپێش بچێت. بابەتەکان لە هیوستن باش ئامادەکرابوون. پێم وایە یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکان بۆ من وانەی پرۆژە سەرکەوتووەکەی تۆتال TOTAL بوو، کە گەورەترین کۆمپانیاکانمان دەتوانن بڕێکی زۆر سەرمایە بخەنەگەڕ کە لە چوارچێوەی دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی عێراق زۆر زیاتر ئەگەری سەرکەوتنیان هەیە بۆ تێگەیشتن لە دەرفەتەکان، بۆ دیاریکردنی پێویستییەکانی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان و بەخشینی سەرکەوتن بە هەردوو لا. 
 
پێم وایە ئەمە شتێکە کە پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکەین. زۆر دڵخۆش بووم کە ژووری بازرگانیی ئەمریکامان لە هیوستن بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادە بوون. ژوورەکە کارێکی زۆر باشی کرد لە ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەک کە لەگەڵ شاندی عێراقی هاوبەشکرا، کە هەندێک لەو وانانەی خستە روو کە لە خولی پێنجەم و شەشەمی کێبڕکێکانەوە فێر بووبوون و پێشنیازی ئەرێنی و بنیاتنەرانەی لەبارەی هەنگاوی زیاترەوە پێشکەش کرد، کە عێراق دەتوانێت بیاننێت ئەگەر بیەوێت وەبەرهێنانی زیاتری رۆژئاوایی رابکێشێت. 
 
رووداو: لەسەر پرسی سەربەخۆیی وزە بمێنینەوە، پێش ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق بێتە هیوستن، ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ سەرۆک بایدن نارد...
 
جۆفری پایت:  راستە. 
 
رووداو: ئەوان وەزیریان تۆمەتبارکردبوو، یانیش نیگەرانیان دەربڕیبوو کە عێراق لە فرۆشتنی نەوتی ئێران تێوەگلاوە، واتە کاتێک ئێوە باسی سەربەخۆیی وزەی عێراق لەگەڵ ئێران دەکەن، هەندێک دەنگ لێرە لە ئەمریکا هەن و دەڵێن: ئەوان نەک نایانەوێ سەبەرخۆبن، بەڵکو هاوکاری ئێرانیش دەکەن...
 
جۆفری پایت: راستە. 
 
رووداو: هەروەها من زانیوومە، کە پرسی ئەو نامەیەتان لە کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ وەزیر حەییان باسکردووە، پرسیارەکەم ئەوەیە، ئێوە هیچ نیگەرانی ئەم پرسەن، یانیش پێتانوایە ئەم نامەیە هیچ راستییەکی تێدا هەبێت؟
 
جۆفری پایت: بە گشتی ئێمە لێدوان لەسەر نامەکانی کۆنگرێس نادەین. بەڵام با ئەمە بڵێم، سەرەتا ئەو کێشانەی کە ئەندامانی کۆنگرێس لەو نامەیەدا باسیان کردووە، کێشەگەلێکن کە هەموومان دەبێت نیگەرانیان بین، چونکە تا ئەو رادەیەی کە سەرچاوە نەوتییە نیشتمانییەکانی عێراق لەلایەن ناوەندگیرەکانەوە لە رێگەی بەندەرە ئێرانییەکانەوە قاچاخیان لەسەر دەکرێت، کە هیچ سوودێک بە عێراق ناگەیەنێت. قازانجەکان تەنیا بۆ قاچاخچییەکانن، کە نرخێکی کەم بە نەوتی خاو دەدەن و نرخێکی بەرزتر لە ئێرانییەکان وەردەگرن، پاشان سوود بە ئێران دەگەیەنێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییە خراپەی کە تاران بۆ چەندین ساڵ بەسەر بڕیاردانی عێراقدا هەیبووە. 
 
بۆ من زۆر روونە و وەزیر حەیان زۆر بە روونی باسی پابەندبوونی بەردەوامی حکومەتی عێراقی کرد بەو ئامانجەوە، کە سەرۆکوەزیران سودانی لە سەردانەکەی بۆ واشنتن لە راگەیێندراوی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆک بایدن خستیەڕوو بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە تاوەکو ساڵی 2030. ناتوانیت ئەمە بکەیت ئەگەر نەوتی خاو لە دەرگای پشتەوە لە رێی ئێرانەوە دەربچێت. دەیڵێمەوە هەر لەبەر ئەمەیە کە بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا زۆر گرنگە. 
 
رووداو: باشە بەر لەوەی بچمە سەر پرسی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان، پرسیارێک دەکەم لەسەر لێخۆشبوونی سزاکان، پێموایە بۆ 21 یان 22 جار نوێتان کردوونەتەوە.
 
جۆفری پایت: راستە.
 
رووداو: تاوەکو کەی ئەم لێخۆشبوونی سزایە نوێدەکەنەوە تاوەکو عێراق وزە لە ئێران بکڕێت؟.
 
جۆفری پایت: هیوادارم بەم زووانە پێویستمان بەو لێبووردنانە نەبێت، چونکە ئەو رۆژەی پێویستمان بەو لێبوردنانە نامێنێت، ئەو رۆژەیە کە عێراق سەربەخۆیی وزەی خۆی بەدەستهێناوە و ئیدی بۆ دابینکردنی وزە پشت بە ئێران نابەستێت.
 
رووداو: تاوەکو ساڵی 2030یە؟
 
جۆفری پایت: بە لای کەمەوە تاوەکو ساڵی 2030یە، بەڵام ئێمە هەر لە سەرەتاوە روونمان کردووەتەوە، کە لێخۆشبوونەکە هەرگیز بۆ بارودۆخێکی هەمیشەیی نەبووە. مەبەست ئەوە بووە کە رێکارێکی گواستنەوەیی بێت بۆ ئاسانکاریی وەبەرهێنانی زیاتری عێراق لە چالاکیی زیاتردا، لەوانە کۆکردنەوەی گازی هەڵمژراو و سووتێنراو و بەرهەمهێنانی نوێ لە پرۆژەکانی وەک گازی بەسرە. هەروەها خۆشحاڵ بووم بە بینینی بەرەوپێشچوونی ئەم دواییە لەگەڵ کۆمپانیای BP لە هەندێک لە چالاکییەکانیاندا. عێراق لە رووی وزەوە وڵاتێکی هەژار نییە. نابێت هاوردەکەری وزە بێت. عێراق دەبێت وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت. دەبێت هەناردەکەرێکی گەورەی وزە بێت. کەواتە ئێمە دەمانەوێت ئەمە ئاسان بکەین و کاتێک ئەمە بەدەست دەهێنرێت، لێخۆشبوونەکە نامێنێت. 
 
رووداو: هەروەها هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە ئەم لێخۆشبوونە هەموو سێ بۆ چوار مانگێک نوێدەکرێتەوە؟ 
 
جۆفری پایت: لێخۆشبوونەکان هەرگیز هیچ گەرەنتییەکیان نییە، چونکە هەر جارێک دەبێت ببێتە بابەتی پرۆسەیەکی بڕیاردان. ئێمە پێشنیازێک پێشکەش دەکەین، بەڵام وەزیری دەرەوە بلینکن دەبێت بڕیارەکە بدات و ئەویش بەپێی بارودۆخەکە لەو کاتەدا بڕیارەکە دەدات.
 
رووداو: بێینە سەر پرسی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەتاندا لە هیوستن، من زانیوومە دوو بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم پرسە هەبوون، یەکێکیان هی حکومەتی عێراق و ئەوەی دیکەش هی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
جۆفری پایت: سەرچاوەی زۆر باشت هەیە.
 
رووداو: ئەو دوو بۆچوونانانەش تەواو جیاوازبوون، ماوەیەکی زۆریشە ئێوە ئەم پرسە تاوتوێ دەکەن، بەڵام هیچ تروسکایی رووناکی لەو سەری تونێلەکەوە دیارنییە.
 
جۆفری پایت: راستە.
 
رووداو: باشە، کەواتە ئێوە هیچ رۆڵتان هەیە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێوە دەتوانن رۆڵتان هەبێت، ئەوان دەیانەوێت ئەمریکا لە کۆبوونەوەکان ئامادەبێت یانیش چاودێری بکات، چونکە لە کۆبوونەوەکان، حکومەتی عێراق لێییان تێدەگەن، بەڵام دواتر لە ئەنجامدا ئەوە ناکەن کە هەیە و دەگەنە ئەنجامێکی جیاواز؟ 
 
جۆفری پایت: با چەند شتێک بڵێم، من باسی گۆڕینەوە دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکەم. دەبێت ئەوەیش بڵێم، رۆژی هەینی بەیانییەکەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر باشم لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا کرد. پێم گوت کە چەندە سوپاسگوزارم بۆ ئەو میواندارییە گەرمەی لە هەولێر چێژم لێ وەرگرت و چەندە سەرسام بووم بەوەی لەوێ لە هەرێمی کوردستان روودەدات، لە رووی وەبەرهێنانی نوێ و گواستنەوەی کارەبا لە تورکیا و دەرفەتەکان بۆ کاری زیاتر لە بەکارهێنانی هەندێک لە توربینە گازییەکان، توربینە گازییەکانی GE، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بێ بەکارهێنان ماونەتەوە و بەکارهێنانیان بۆ گاز بۆ وزە کە هەندێکیان دەکرێت بۆ باشوور هەناردە بکرێن. من گوتم، ... بیرت دێت لە سەردانەکەم بۆ هەولێر، زۆربەی وەک ئۆکلاهۆمایەکی بچووک بوو، بە ڕاستی ئەوە دیدگای ئێمەیە. 
 
لەبارەی روانگەی هەولێر یان روانگەی بەغداوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان روون بووە. ئێمە پێمان وایە پێویستە بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بکەوێتەوە کار. پێمان وایە کردنی ئەمە لەپێشترینەکی تایبەتە، چونکە ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان کردارییانە گەیشتووەتەوە ئەو ئاستەی کە پێش راگرتنی بۆرییەکە هەبوو. هەموو ئەو نەوتە دەڕوات بۆ شوێنێک. زۆربەی بە قاچاخ دەبرێت. بە لۆری دەڕوات کە باجێکی قورس بەسەر رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستاندا دەسەپێنێت. لە دەرگای پشتەوە دەردەچێت بە شێوەیەک کە نە سوودی بۆ بودجەی هەولێر هەیە، نە بۆ بودجەی عێراق. لە هەندێک لە دۆسیەکانی ئەم دواییەی دادگادا پێشکەوتن هەبووە.
 
رووداو: ئەمەش پرسێکە کە جێگەی نیگەرانیی ئێوەیە؟
 
جۆفری پایت: ئێمە لەم بارەیەوە زۆر نیگەرانین، چونکە پێمان وایە دۆخی ئێستا بەردەوام نابێت. لە سەرەتاوە زۆر روون بووین کە پێویستە بۆرییەکە بکەوێتەوە کار. من لە چەند کاژێری داهاتوودا دەچمە هیوستن. زۆر دڵخۆشم کە لەوێ دەتوانم جارێکی دیکە بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا، ببینمەوە. ئێمە چەندین جار لەسەر ئەم کێشەیە لە جیهاندا قسەمان کردووە، لە ئیستەنبوڵ، لە واشنتن، لە ئەبوزەبی. کەواتە لەو لایەنەی هاوکێشەکەوە چاوەڕوانی بەردەوامبوونی گفتوگۆکەم، بەڵام زۆر روونە کە پێویستیە بنەڕەتییەکە لێکتێگەیشتنێکە لەنێوان بەغدا و هەولێر. من لەم بارەیەوە لەگەڵ وەزیر حەیان و لەگەڵ سەرۆکوەزیران بارزانییش روون بووم. ئێمە کەس سەرکۆنە ناکەین. لایەنێک یان لایەنێکی دیکە سەرکۆنە ناکەین، بەڵام داوا لە هەردوو لا دەکەین بە جیددی پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بۆرییەکە بە زووترین کات بخەنەوە کار. دەبێت ئەوەش بڵێم، بە راستی من لە هیوستن بە روونی قسەم کرد، کە دەبێت بۆرییەکە بکەوێتەوە کار تا ئەو کۆمپانیا رۆژئاواییانەمان کە لە هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی نەوتدا وەبەرهێنانیان کردووە، بتوانن بگەڕێنەوە بۆ کاری ئاسایی. بەڵام ئەوە متمانەبەخشێکی گرنگە بۆ ئەو کۆمپانیا رۆژئاواییانەی لە سەرانسەری عێراقی فیدراڵدا سەیری دەرفەتەکان دەکەن. 
 
زۆر دڵخۆش بووم کاتێک لە هیوستن بووم سەرۆکی جێبەجێکار و تیمی سەرکردایەتی Huntم بینی. هەروەها خۆشحاڵ بووم کە بینیم سەرۆکی جێبەجێکاری Hunt لەگەڵ وەزیر حەیانیش کۆبووەوە. کەواتە گفتوگۆکان لەوێ دەکرێن، بەڵام ئامانجی ئێمە سادەیە: دووبارە بۆرییەکە بخەنەوە کار. 
 
 
رووداو: دوایین پرسیاریشم، دەزانم خشتەی کارەکانت پڕە و لەسەر سەفەریشن، بەڵام لەسەر ئەم پرسی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە حکومەتی عێراق داوا لە هەولێر دەکات گرێبەستەکانیان پێبدەن. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: نەخێر، تەنیا بڕگە بازرگانییەکانتان پێدەدەین (کۆمێرشیاڵ تێرم).
 
جۆفری پایت: راستە.
 
رووداو: خاڵێکی دیکەی ناکۆک پرسی خەرجییەکانە، زانیوومە لەو کۆبوونەوەیەدا ئەمریکا هەڵوێستی ئەوەبووە کە پێویستە حکومەتی عێراق خەرجییەکان بدات، مەبەستم خەرجییە راستەکەیە (حەقیقی)، خەرجی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کۆمپانیاکانی دیکەش کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بۆچوونت لەسەر ئەمە چییە؟
 
جۆفری پایت: سەرەتا کێشەکانی تێچوون بابەتێکی بازرگانین. من لە هیچ شوێنێکی جیهاندا خۆم ناخەمە ناو دانوستاندنی تێچووی کێشەکانی دەرهێنانی نەوت و پرسی گرێبەستەکان. پێم وایە تا رادەیەک ئەمە ئەوەیە کە ئێمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێی دەڵێین "سوورەماسی"، واتە لاڕێکردن، چونکە لە رووی کردارییەوە ئەم جۆرە زانیارییانە دەتوانرێت بدۆزرێنەوە، زۆر جار وەک بەشێک لە تۆمارکردنی پشکەکان و شتی دیکە بڵاو دەکرێنەوە. کەواتە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیبینین ئەوەیە کە هەردوو لا، بەغدا و هەولێر، دابنیشن و بە جیددی دانوستاندن بکەن، بگەنە ئەنجامێک، بە شێوەیەک ئەمە بکەن کە سوود بە عێراقی فیدراڵ و بە هەرێمی کوردستانیش بگەیەنێت، چونکە ئێستا، تا ئەو رادەیەی من دەزانم، تەنیا لایەنێک کە سوود لە دۆخی ئێستا وەردەگرێت قاچاخچییەکان و ئێرانییەکانن، کە نەوتەکە لە دەرگای پشتەوە دەبەنە دەرەوە. 
 
رووداو: زۆر سوپاس.
 
جۆفری پایت: زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینت. سوپاس بۆ گرنگیدانت بەم بابەتە و، سوپاس بۆ تیشکخستنە سەر ئەوەی ئێمە لە هیوستن دەیکەین، چونکە مەبەست لێی ئەوەیە کە نیشانەیەک بێت لە پشتگیریی بەهێزی حکومەتی ئەمریکا، پشتگیریی ئیدارەی بایدن بۆ دیدگای سەرۆکوەزیران سودانی و بۆ گەلی عێراق و بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و بۆ هەردوو حکومەتەکە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە