یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: واشنتن نایەوێت جەنگی ناوچەکە گەورە بێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤید شینکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤید شینکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست میوانی رووداو بوو و گوتی، ئەمریکا نایەوێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران و جەنگێکی سەرتاسەری لێبکەوێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، چەند وڵاتێکی ناوچەکە بۆ بەهێزبوونەوەی داعش گونجاون.
 
بەرەبەیانی شەممە 05-10-2024 دەیڤید شینکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، میوانی بووڵتەنێکی رووداو بوو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد. شینکەر گوتی، "ئەمریکا نایەوێت جەنگێکی سەرتاسەری رووبدات، چونکە هەڵبژاردنی ئەمریکا 30 رۆژی ماوە. ئەمریکا نیگەرانە کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، جگە لە ئێران لایەنی دیکەش کاردانەوە و وەڵامیان دەبێت."
 
شینکەر پێیوایە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، "دیار نییە هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی وزە، بنکە ئەتۆمییەکان، ژێرخانی دیکەی مرۆیی یانیش سوپای پاسدارانی ئێران." گوتیشی، هیچ وڵاتێک نییە رازی بێت ئێران یەکجار بە مووشەک هێرش بکاتە سەری. ئیسرائیل دووجار هێرشی کراوەتە سەر.
 
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا گوتیشی، ئیدارەی بایدن بە ئیسرائیلی گوتووە، "با وەڵامەکەتان هاوتا بێت [هێندەی قەبارەی هێرشەکەی ئێران]. نازانم ئەوە رێک مانای چییە. ئایا ئیسرائیل پێویستە 180 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئێران بکات یان نا؟"
 
لەبارەی دروستبوونی بۆشایی بۆ بەهێزبوونەوەی گرووپەکانی وەک داعش، شینکەر گوتی، هەمیشە دەرفەت بۆ گرووپی هاوشێوەی داعش هەیە و رایگەیاند، "وڵاتە شکستخواردووەکانی وەک سووریا، لوبنان و یەمەن کە ئێران وای لێکردن شکستبهێنن، شوێنی گونجاون بۆ داعش."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و دەیڤید شینکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست:
 
رووداو: بەڕێز شینکەر، ئەمریکا نایەوێت ئیسرائیل لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات. هاوکات دوێنێ بایدن رایگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ ئەوەش نییە ئیسرائیل لە ژێرخانی وزەی ئێران بدات. بۆچی؟
 
دەیڤید شینکەر: بەبڕوای من شتەکە زۆر روونە. ئەمریکا نایەوێت جەنگێکی سەرتاسەری رووبدات. ئەمریکا نیگەرانە کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوە بە ئەگەرێکی زۆر نەوەک تەنیا مووشەکی ئێرانی ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن، بەڵکو میلیشیاکانی عێراق وەک حەشدی شەعبی هێرش دەکەن، رۆکێتی زیاتری حووسییەکان ئاراستە دەکرێن و چەکدارانی حیزبوڵڵاش کاردانەوەیان دەبێت و بەو جۆرە ئەمریکاش دەخزێتە نێو ئەو جەنگەوە. پێم وایە ئیدارەی بایدن لەمبارەیەوە زۆر هەڵەیە. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل دەیەوێت بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کەمبکاتەوە و لەو سێ بنکەیە بدات کە لەنێو شاخەکاندان. ئیسرائیل پێویستی بە یارمەتی و هاوئاهەنگیی ئەمریکا دەبێت بۆ ئەوە، بەڵام 30 رۆژ بۆ هەڵبژاردنی ئەمریکا ماوە؛ بۆیە ئەوە روونادات.
 
رووداو: لەماوەی رابردوودا بینیمان کە ئیسرائیل لە زۆر بابەتدا بە قسەی ئەمریکای نەکرد. لەکاتێکدا ئەمریکا داوای ئاگربەست و هێورکردنەوەی دۆخەکەی دەکرد، ئیسرائیل بە قسەی ئەمریکای نەدەکرد و گرژییەکانی زیاتر دەکرد. پێت وایە لەم بابەتەشدا لە وەڵامدانەوەی ئێران، ئیسرائیل بە گوێی ئەمریکا دەکات یان نا؟
 
دەیڤید شینکەر: نەخێر، ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە هێرش دەکاتە سەر ئێران. هیچ وڵاتێک نییە رازی بێت ئێران یەکجار بە مووشەک هێرشبکاتە سەری، بەڵام ئیسرائیل دووجار هێرشی کراوەتە سەر. ئیسرائیل رێگە نادات ئەوە وەک شتێکی ئاسایی تێپەڕێت. تەنیا لەبەر ئەوەی مووشەکەکانی ئێران زیانی زۆریان نەبووە، لە راستیدا بوونە هۆی کوژرانی یەک هاووڵاتیی فەلەستینی، ئەوە بە مانای ئەوە نایەت ئیسرائیل رێگە دەدات بەبێ وەڵام بەسەریدا تێپەڕێت. ئیسرائیل دەیەوێت پەیامێکی روون بۆ ئێران بنێرێت و بڵێت، ئەم مامەڵەیە قبووڵکراو نییە. ئیسرائیل چەندین دەیەیە لە رێگەی گرووپە بەوەکالەتەکانی ئێرانەوە لە ژێر هێرشدایە، لەوانەش لە ئێران، عێراق، یەمەن، لوبنان و سووریا. هەربۆیە روونە کە ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە. بەبڕوای من، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی وزە، بنکە ئەتۆمییەکان، ژێرخانی دیکەی مرۆیی یانیش هێرش دەکاتە سەر سوپای پاسدارانی ئێران؟ ئێران گوتی هێرشی کردووەتە سەر بارەگای سەرەکیی مۆساد و بنکەی هێزی ئاسمانی لە دامۆنا لە بیابانی نەقەب. ئیسرائیل دەتوانێت هێرش بکاتە سەر دامەزراوە هاوشێوەکانی ئێران. ئیدارەی بایدن داوایان لە ئیسرائیل کردووە، "با وەڵامەکەتان هاوتا بێت [هێندەی قەبارەی هێرشەکەی ئێران]." من نازانم ئەوە رێک مانای چییە. ئایا ئیسرائیل پێویستە 180 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئێران بکات؟ بە بۆچوونی من، ئیسرائیل بەگوێرەی پێوەرەکانی خۆی ئامانجەکانی هەڵدەبژێرێت.
 
رووداو: لە هەموو ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن، جارێکی دیکە لە ئەمریکا تاوەکو چەند مەترسی هەیە لەوەی فرانبوونەوەی ئەم شەڕە دەرفەت بۆ رێکخراوێکی وەکو داعش بڕەخسێنێت کە راستە ئێستا لاواز کراوە، بەڵام بیرمان نەچێت داعش هێشتا بە گوێرەی هەڵسانگاندنی ئەمریکا هەزاران چەکداری هەیە.
 
دەیڤید شینکەر: هەمیشە دەرفەت بۆ گرووپی هاوشێوەی داعش هەیە. وڵاتە شکستخواردووەکانی وەک سووریا، لوبنان و یەمەن کە ئێران وای لێکردن شکستبهێنن، پێم وایە شوێنی گونجاون بۆ داعش. [لەو وڵاتانە] هیچ لایەنێک بە جیدی بەدوای داعشەوە نییە. هەربۆیە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو بینیمان کە چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن قاعیدە دەستی بە خۆرێکخستنەوە کردووە و لاپەڕەیەکی نوێ لە غەززە هەڵدەداتەوە. دەبینین کە داعش لەو چەند مانگەی دواییدا لە عێراق جموجۆڵی هەبووە. ن نازانم ئایا ئەوە بەهۆی دۆخی غەززەوەیە یانیش بەهۆی ئەوەوەیە کە بۆشایی لە وڵاتەکانی دیکە دروستبووە [بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش]. بڕوام وایە، داعش بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی رۆژئاوا و هەوڵدەدات هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل و بێگومان هەوڵ دەدات هێرشبکاتە سەر حکومەتەکان وەکو ئەوانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەواڵی ئەوەشمان بینی کە داعش هەوڵیدابوو هێرشبکاتە سەر کۆنسێرتێکی تایلەر سویفت لە نەمسا. بۆیە، پێم وایە ئەمە شتێکە وەک پێشبینی و خەمڵاندن دەمێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئانا بۆفارۆڵ، دەهێنەری کەتەلۆنی

ئانا بۆفارۆڵ: ژنی کورد زۆر مۆدێرنە

ئانا بۆفارۆڵ، دەهێنەری کەتەلۆنی بە فیلمێک لەبارەی شنگال لە چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ بەشدارە، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو، دەڵێت، لە کاتی سەردانی بۆ باشووری کوردستان، پێشوازیی خەڵکەکەی زۆر بەلاوە سەرنجڕاکێش بووە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ژنی کورد زۆر مۆدێرنە".