نووسین: گۆڤەند مستەفا
رووداو
بەڕێوەبەری جێبەجێکار و پشکنین لە کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی دەڵێت، سەرقاڵی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازی سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانن، ئەوەش وا دەکات هەرێمی کوردستان ببێتە "گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سرووشتی لە عێراقدا".
عەبدوڵڵا قازی، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و پشکنین لە کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی کە لە 2007ـەوە کاری پەرەپێدان و دۆزینەوەی کێڵگەی نەوت و گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان دەکات لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی 2017دا، دەستیان کردووە بە پەرەپێدانی سامانی گاز لە کێڵگەی گازی چەمچەماڵ و بیری دووەمیان لە کێڵگەی چەمچەماڵ لێداوە.
هەروەها لەبارەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆمپانیاکەیان "ئێستا لە پەرەپێدانی دابینکردنی سەرجەم پێویستییەکانی هەرێمە لە گاز بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و بەکارهێنانی لە پیشەسازیی دیکەدا. پڕۆسەی هەناردەکردن لە قۆناخی داهاتوودا دەبێت، ئەو سامانە سرووشتییەکەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەشی خۆی دەکات و زیادیش دەکات".
دەقی هەڤپەیڤینی سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵ عەبدوڵڵا قازی:
رووداو: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەم دواییە باسیان لەوە کرد کە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ دۆزینەوەی کێڵگەی نوێی نەوت و گازی سرووشتی. ئەوەی پەیوەندیی بە کۆمپانیاکەی ئێوەوە هەبێت ئێستا لە کام قۆناخدان؟ لە کوێ کاری پشکنین و گەڕان دەکەن؟
عەبدوڵڵا قازی: زۆر سوپاس، کۆمپانیا سەرەتای چالاکییەکانی لە ساڵی 2007 دەستپێکرد، بە پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر. لە ساڵی 2017دا دەستمانکرد بە قۆناخی دووەمی پەرەپێدانی کێڵگەکە و بەرهەمهێنانمان زیادکرد لە 300 ملیۆن پێ سێجا بۆ 450 ملیۆن پێ سێجا. قۆناخی ئێستا کە دەستمانپێکردووە، بەرهەمهێنان زیاد دەکەین بۆ 250 ملیۆن پێ سێجای دیکە. بەرهەمهێنان لە مانگی چواری ساڵی داهاتوودا بۆ 700 ملیۆن پێ سێجا زیاد دەکات. لە ماوەی دوو ساڵیشدا، بەرهەمی کۆمپانیاکەمان لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ نزیکەی 1000 ملیۆن پێ سێجا زیاددەکات. ئەمە بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و هەر پڕۆژەیەکی دیکە، کە حکومەت پێویستی بە گازبێت. کۆمپانیا لە ساڵی 2017دا، دەستیکردووە بە پەرەپێدانی سامانی گاز لە کێڵگەی گازی چەمچەماڵ، بیری دووەممان لە کێڵگەی چەمچەماڵ لێداوە، پەنابەخوا ئێستا ئێمە لە ئامادەکاریی پەرەپێدانین بۆ قۆناخی داهاتوو لە کێڵگەکەدا. ئەمەش سامانی گازی هەرێمی کوردستان بەهێز و زیاتر دەکات و دەبێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سرووشتی لە عێراقدا.
رووداو: واتە ئێوە زیاتر بەدوای گازی سرووشتیدا دەگەڕێن، نەک نەوت.
عەبدوڵڵا قازی: ئەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکەین، کێڵگەی گازیین، بەڵام سامانی نەوتیش هەیە، ئێستا هەوڵەکانی کۆمپانیا چڕبووەتەوە لە وەبەرهێنانکردن لە سامانی گازیدا، پەنابەخوا پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی سامانی نەوتیش لەو کێڵگانە دەکرێت، بڕیاری پێویست دەدرێت لەبارەی پەرەپێدانی بابەتی دیکە.
رووداو: لە کۆرمۆر هیچ کێڵگەی نوێ دۆزراوەتەوە؟
میوان: ئێستا ئێمە پەرە بە کۆگەکردنی گازەکە دەدەین، کۆمپانیاکە لە بەرنامەی دایە، لە قۆناخی داهاتوودا شوێنی دیکەی نوێ لە کێڵگەکەدا بدۆزێتەوە، بەمەبەستی دۆزینەوە بڕی زیاتر گاز بە پشتیوانی خودای گەورە.
رووداو: ئێستا هەرێمی کوردستان گازی سرووشتی بۆ ناوخۆ بەکار دەهێنێت و لە هەوڵیشدایە ئەو گازە هەناردەش بکات. هەرێمی کوردستان کەی دەتوانێت گازی سرووشتی هەناردەی وڵاتان بکات؟
عەبدوڵڵا قازی: کۆمپانیا، وەک بەڕێزتان پێشتر باستان کرد، ئێستا لە پەرەپێدانی دابینکردنی سەرجەم پێویستییەکانی هەرێمە لە گاز بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و بەکارهێنانی لە پیشەسازیی دیکەدا. پڕۆسەی هەناردەکردن لە قۆناخی داهاتوودا دەبێت، ئەو سامانە سرووشتییەکەی کە لە هەرێم هەیە، بەشی هەرێم دەکات و زیادیش دەکات.
رووداو: بەپێی ئەو بەدواداچوون و پشکنینانەی کردووتانە، هەرێمی کوردستان خاوەنی چەند یەدەگی گازی سرووشتییە؟
عەبدوڵڵا قازی: دەتوانم باسی یەدەگی ئەو کێڵگانە بکەم، کە ئێستا کۆمپانیاکەمان کاری تێدا دەکات، بەدیاریکراویش کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ، ئێستا نزیکەی 15 تریلیۆن پێ سێجا گازمان هەیە، کە دەکرێت بەرهەمی بهێنین، هەروەها سامانی سرووشتی هەیە کە 80 تریلیۆن پێ سێجا لە گاز تێپەڕدەکات، بەڵام ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە. کێڵگەی دیکە لە هەرێم هەیە، دەکرێت سوودی لێوەربگیرێت و بڕی بەرهەمهێنان زیادبکرێت. هەروەها کۆگاکردنی هەرێمیش زیاد بکات. هەرێم دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی، گاز، یاخود نەوت بێت، بەتایبەتیش گاز. بەڵام پێویستیان بە پڕۆسەی دۆزینەوە و پەرەپێدانی زیاتر هەیە، ئەمەش کۆمپانیاکەمان هەوڵی بۆ دەدات، ئەمەش بە پشتیوانیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کە لە راستیدا پشتیوانکاری یەکەممانە بۆ تەواوی کارەکانی کۆمپانیاکە لە هەرێمدا.
رووداو: بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر کارەکانی ئێوە دانەناوە؟ چۆن لە بڕیارەکە دەڕوانن؟
عەبدوڵڵا قازی: کۆمپانیا پابەندە بەو گرێبەستەی کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆیکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی داوە، کە پابەندی ئەو گرێبەستانە دەبێت، ئەمەش زەمینەی گونجاومان بۆ دەڕخسێنێت، بۆ ئەوەی کارەکانمان بە بەردەوامی تەواو بکەین.
رووداو: وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان بڕیاریداوە ئەو گازە لەگەڵ نەوت دێتە دەرەوە لەمەولا بەفیڕۆ نەچێت، جارێکی دیکە سوودی لێوەربگیرێتەوە، چۆن ئەوە دەکەن؟ هیچ بڕیارێکی نوێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەوبارەیەوە هەیە؟
عەبدوڵڵا قازی: کۆمپانیاکەی ئێمە کار لەسەر گازی سەربەست دەکات، گازی هاوەڵی دەرچوومان نییە، بەڵام پێموایە ئەو بڕیارەی وەزارەتی سەرچاوە سرووشتییەکان کە لە کۆتایی ساڵی رابردوو دەریکردووە لەبارەی راگرتنی پڕۆسەی سووتاندنی گاز، کە لەگەڵ نەوتی دەرهێنراو دەردەچێت، بڕیارێکی راست و دروستە، لە کاتێکی زۆر گونجاو بووە، لەبەر ئەوەی باشترە هەرێمی کوردستان سوود لە گازی بەرهەمهێنراو لەگەڵ نەوت وەربگرێت، جا لە بەرهەمهێنانی کارەبا، یاخود هەر بابەتێکی دیکە، لەگەڵ بابەتە ژینگەییەکان، کە هەرێمی کوردستان سوودیان لێوەردەگرێت، کاتێک سووتاندنی گاز رادەگرێت. ئەوەی لەو کۆمپانیانە گوێبیستی بوومە، کە لە هەرێم کاردەکەن، بەدیاریکراویش ئەوانەی پەیوەندیدارن بە نەوت، ئەوان بەشێوەیەکی ئەرێنی سەیری ئەو بابەتە دەکەن، پێموایە پەیوەندیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەرێنی و پشتیوانکار بووە. ئێمەش وەک کۆمپانیا کاتێک رۆڵی بەرهەمهێنانی نەوتمان دێت، ئەوا ئێمە بە تەواوی پابەندی ئەو بڕیارە دەبین، ئەمەش پابەندبوونێکی پرەنسیپییە لای ئێمە، تەنانەت ئەگەر هیچ رێنوێنییەکیش نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ