رووداو - تەندروستی
پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵانی 2022 و 2023 لە سلێمانی ناڕازین لە گۆڕینی سیستمی ئێشکگرییان و گردبوونەوە، ئەمەش دوای بڕیارێکی نوێی تەندروستیی پارێزگاکەیە لەبارەی سیستمی ئێشکگری و دەوامی پزیشکانی خولاو.
ئەمڕۆ شەممە 30-11-2024 لەبەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بەشێک لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو گردبوونەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتیان، ''سەرەڕای دواکەوتنی مووچە و نادیاری لە چارەنووسی سێ مووچەی مانگە کۆتاییەکانی 2024، ئەرکەکانی خۆمان لە ناوەندە فریاکەوتن و بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەبێ کەموکورتی ئەنجامداوە''.
بەگوتەی خۆیان، ئەم ناڕەزاییەی پزیشکانی خولاو دوای ئەوە دێت، تەندروستیی سلێمانی بە مەبەستی باشترکردنی سیستمی تەندروستی، گۆڕانکاری لە کاتی دەوامیان کردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن، گۆڕانکارییەکان 'بژێوی ژیان، توانا، دواکەوتنی مووچە، باری دارایی، لایەنی کۆمەڵایەتی و شوێنی جوگرافی'ـی پزیشکانی تێدا رەچاونەکراون.
دکتۆر دارۆ هادی، نوێنەرێکی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، تائێستا تەندروستیی سلێمانی نەهاتوونەتە سەر هێڵ، چونکە ئەمە تێکدانی کاتی دەوام و سیستمی دەوامی پزیشکانی نیشتەجێی خولاوە لە سنووری سلێمانی.
بە گوتەی دکتۆر دارۆ هادی، بە دوو شێوە سیستمەکە گۆڕاوە {یەکەم؛ زیادکردنی کاتی ئێشکگریی پزیشكانی خولاو بۆ 120 تاوەکو 140 کاژێر لە مانگێکدا}، {دووەم؛ ناردنە دەرەوەی پزیشکانی خولاوی ساڵی 2022ـی ساڵی دووەمە بۆ دەرەوەی شار}.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ