توێژینەوەیەک: دەرمانی کێش دابەزاندن یارمەتیی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەدات

30-07-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی پەیمانگەی نیشتیمانیی رووبەڕووبونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ئەمریکا دەریدەخات، دەرمانی سیماگلوتاید دەشێت سوودی هەبێت بۆ ئاسان وازهێنان لە جگەرەکێشان. 

بە گوێرەی ئەم توێژینەوەیە، 232 هەزار بەشداربوو بۆ ماوەی ساڵێک چاودێری کراون  و دەرکەوتووە، ئەوانەی دەرمانی سیماگلوتاید بە مەبەستی شەکرە یاخود کێشدابەزاندن بەکاردەهێنن، ئارەزووی جگەرەکێشانیان بەڕێژەی 32٪ کەمتردەبێتەوە. 
 
د. نۆرا ڤۆلکۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''سیماگلوتاید دەردانی دۆپامین بەهۆی نیکۆتینەوە کەمدەکاتەوە، بەمەش ئارەزووی جگەرەکێشان کەمدەبێتەوە''.
 
بە گوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، بەشێک لەو دەرمانانەی کە لەشێوەی دەرزی بۆ نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو بەکاردەهێندرێن، کاریگەرییان لەسەر دابەزاندنی کێش هەیە و دەشێت بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێندرێن.
 
بە پێی ئەم دەزگایە، توێژینەوەی بەردەوام لەسەر ئەو دەرمانە دەکرێت و نوێترین توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە دەرمانی سیماگلوتاید ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە و یارمەتی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەدات، بەڵام دەبێت لەژێر راوێژی پزیشکیدا بەکاربهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە