پڕۆفیسۆرێک: سووتانی دارەکانی گۆیژە گۆڕانکاری لە کەشوهەوای سلێمانی دەکات

29-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پڕۆفیسۆرێکی بواری پۆلێنزانیی رووەکی لەبارەی سووتانی دار و نەمامەکانی شاخی گۆیژە دەڵێت: ''زۆرێک لە رووەک و دارە بەنرخەکان دەبنە قوربانی، چونکە گۆیژە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ رووەکی دەگمەن''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی تەممووزی 2024 پڕۆفیسۆر سامان عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی پۆلێنزانیی رووەک بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 700 جۆر رووەکی سرووشتی لە شاخی گۆیژە هەن و زۆرینەیان لەڕووی ئابوورییەوە سەرمایەیەکی بەنرخن، بۆیە پێویستە پلانی تایبەت هەبێت بۆ پێشگیری و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە تێیدا.
 
پڕۆفیسۆر سامان عەبدولڕەحمان گوتی، سووتانی ئەو بەشە زۆرەی شاخی گۆیژە گۆڕانکاری لە کەشوهەوای شارەکە دەکات و ژیانی چەندان ئاژەڵی کێویش تێکدەدات.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بەوەدەکات، لەم وەرزەدا گڕگرتنی پووشوپەڵاش و سەوزایی بەربڵاوە، هەر بۆیە رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکات، ''لەکاتی سەیراندا دڵنیاببنەوە لە پاککردنەوەی هەموو پاشماوەیەکی ئاگرکەوتنەوە و لەنێو سەوزاییدا جگەرە و نێرگەلەش نەکێشن''.
 
لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕە چەند پێشنیازێکی راگەیاند وەکو؛
 
- دانانی تیمی فریاکەوتنی تایبەت و نزیک بۆ شاخی گۆیژە.
- دروستکردنی ئاگربڕ و جیاکردنەوەی هەر دۆنمێک لە شاخەکە.
- ئەو دارانە بچێندرێن کە بەرگەی سووتان و رەشەبای بەهێز دەگرن وەکو داربەڕوو؛ بەڵام دارسنەوبەر مادەی سووتێنەری بەنزینی تێدایە و بە ئاسانی گڕدەگرێت.
 
بەهۆی ئەو ئاگرەی لە شاخی گۆیژە کەوتەوە و نزیکەی چوار کاژێر بەردەوام بوو، رووبەرێکی فراوانی دارستان و پووش و پاوانی شاخەکە سووتا و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە 200 دۆنم زەوی لە شاخی گۆیژە سووتاوە.
 
بۆ زانیاری لەسەر داربەڕووەکانی شاخی گۆیژە و سوودەکانیان؛ کلیک لێرە بکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە