زوو کۆنتڕۆڵکردنی گلوکۆزی خوێن تەمەن درێژ دەکات

27-05-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەریدەخات، کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی گلوکۆز لە خوێن مەترسی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە کەمدەکاتەوە. 
 
توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، دەکرێت مەترسییەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، سستبوونی گورچیلەکان و لەدەستدانی بینین پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە، بە کۆنتڕۆڵکردنی گلوکۆزی خوێن پێشگیریان لێبکرێت. 
 
پرۆفیسۆر رۆی هۆڵمان، بەرێوەبەری دامەزرێنەری یەکەی تاقیکردنەوەکانی نەخۆشی شەکرە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد رایدەگەیێنێت، ئەم جۆرە توێژینەوە سەرنجڕاکێشانە جەخت لەسەر گرنگی پشکنینی پێشوەختە و زوو کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان دەکەنەوە. 
 
پرۆفیسۆرەکە دەشڵێت،''رەنگە خەڵک بۆ چەند ساڵێک نەخۆشی جۆری دووەمی شەکرەیان هەبێت بەبێ ئەوەی ئاگاداربن، لەوانەیە چەند نیشانەیەکی کەمیان هەبێت تاکو شەکری خوێن بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە''.
 
بە پێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، نەخۆشی شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و  روودەدات کاتێک پەنکریاس ئەنسۆلینی پێویست بەرهەم نەهێنێت یان کاتێک جەستە ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو ئەنسۆلینە بەکاربهێنێت کە بەرهەمی دەهێنێت، ئەنسۆلین هۆرمۆنێکە کە گلوکۆزی خوێن رێکدەخات.
 
ئامارێکی ئەم رێکخراوە دەریدەخات، لە ساڵی 2014-دا 8.5%ی پێگەیشتووانی تەمەن 18 ساڵ و سەرووتر نەخۆشی شەکرەیان هەبووە, لە ساڵی 2019-دا نەخۆشی شەکرە هۆکاری راستەوخۆی مردنی 1.5 ملیۆن کەس بووە و 48٪ی هەموو مردنەکان بەهۆی نەخۆشی شەکرە پێش تەمەنی 70 ساڵی ڕوویانداوە. 
 
هەستکردن بە توونیەتی، کێش دەبەزاندنی لە ناکاو، زۆر میزکردن، هەستکردن بە ماندوێتی و تەڵخبوونی بینین نیشانەکانی نەخۆشی شەکرەن.
 
گۆڕینی شێوازی ژیان وەکو وەرزشکردن لانیکەم 30  لە رۆژێکدا، خواردنی خۆراکی تەندروست، دوورکەوتنەوە لە شەکر، چەوری تێر و دوورکەوتنەوە لە جگارە باشترین رێگەن بۆ پێشگیریکردن لە نەخۆشی شەکرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە