پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو: رێژەی هەڵە لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پێوانەکردنی پەستانی خوێن زۆرە

26-08-2023
شکار رێبوار
دیمەنێک لە بڕگە مەیدانییەکە. وێنە: رووداو
دیمەنێک لە بڕگە مەیدانییەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، ئەگەری هەڵەخوێندنەوە لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پێوانەکانی پەستانی خوێن زۆرە، هاوکات پێشنیازدەکات کە ناوەناوە پاتریی ئامێریی ئەلیکترۆنیی پێوانەکردنی پەستانی خوێن بپشکنرێت. 
 
د. هاوژین فازڵ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە بڕگەیەکی مەیدانیدا لەگەڵ د. لونا خالید باسی ئامێرەکانی پێوانەکردنی پەستانی خوێنی کرد و رایگەیاند، ئامێری جیوەیی بۆ پێوانەکردنی پەستانی خوێن وردترینە. 
 
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناو دەڵێت: ''جیوەی نێو ئامێری پێوانەکردنی پەستانی خوێن ژەهراوییە و بەکارهێنانی ئامێرەکە بۆ پێوانەکردنی پەستانی خوێن ئاسان نییە''، هەروەها دەشڵێت: ئامێرەکە لەلایەن کەسانی شارەزاوە بەکاربێت.
 
لەبارەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پێوانەکردنی پەستانی خوێن د. هاوژین فازڵ گوتی، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان جگە لە پەستانی خوێن، لێدانی دڵ و رێژەی ئۆکسجینیش دەپێون، هەروەها بە ئاسانی لەلایەن کەسانی ئاساییەوە بەکاردەهێنرێت و دەتواندرێت پشتی پێ ببەسترێت. 
 
د. هاوژین روونی دەکاتەوە، لەماڵدا بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ پێوانەکردنی پەستانی خوێن ئاساییە، چونکە ئاسان بەکاردێت و رێژەکەش بە ئاسانی دەخوێندرێتەوە، بەڵام دەبێت ناوەناوە پاتریی ئامێریی ئەلیکترۆنیی پێوانەکردنی پەستانی خوێن بپشکنرێت، چونکە کزبوونی پاتری هەڵەخوێندنەوە لە ئامێرە ئەلکترۆنییەکان زیاددەکات.
 
لە کۆتاییدا د. هاوژین هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان، لەکاتی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونیدا، پەستانی خوێن نەپێون، چونکە رێژەی پەستانەکە بەرزدەکاتەوە، بەمەش کەسەکە زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ دەکات، پێشنیازیشدەکات کە پێش پێوانەکردنی پەستانی خوێن 'کحول، قاوە و چا' نەخورێنەوە و جگەرە و نێرگەلە نەکێشرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە