WHO: هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی خۆپارێزی لە شێرپەنجەی مەمک دەستپێدەکات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، مانگی تشرینی یەکەم بە مانگی هۆشیاریی خۆپارێزی لە شێرپەنجەی مەمک دیاریکراوە و تێیدا چەندین هەڵمەتی نێودەوڵەتیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی نەخۆشییەکە بەڕێوەدەچن.
 
رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، تەوەری مانگی هۆشیاریی خۆپارێزی لە شێرپەنجەی مەمک لە ساڵی 2024 بریتییە لە "نابێت کەس بە تەنیا رووبەڕووی شێرپەنجەی مەمک ببێتەوە"، ئەم تەوەرە جەخت لە رۆڵی گرنگی چاودێری تەندروستی و پشتگیریی پزیشکی، سۆزداری، دەروونی و کۆمەڵایەتی لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک دەکاتەوە. 
 
WHO دەریدەخات، لە ماوەی ئەم مانگەدا چالاکیی و بۆنە جۆراوجۆرەکانی وەکو هەڵمەتی پەروەردەیی، بڵاوکردنەوەی زانیاری و کۆکردنەوەی پارە لە سەرانسەری جیهاندا رێکدەخرێن بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە خۆپارێزی لە شێرپەنجەی مەمک، پشتگیریکردنی تووشبووان، گرنگی پشکنینی پێشوەختە و زوو دەستنیشانکردن.
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمدەکاتەوە. 
 
بەپێی WHO، ئەمانە چەند زانیارییەکن دەربارەی شێرپەنجەی مەمک؛ 
 
- قەڵەوی بەتایبەتی دوای وەستانی سوڕی مانگانە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاددەکات.
- چالاکیی جەستەیی بەردەوام، یارمەتیی کەمکردنەوەی مەترسیی شێرپەنجەی مەمک دەدات.
- خواردنەوەی کحول ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاددەکات. 
- دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی تووتن مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمدەکاتەوە. 
- لە ئەگەری تووشبوونی کەسێکی نێو خێزان، پێویستە کەسانی دیکەی خێزانەکە زووزووە پشکنینی پێشوەختە ئەنجامبدەن.
- زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک لەڕێگەی مامۆگرافی و پشکنینی مەمکەوە کاریگەری شێرپەنجەی مەمک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
- گرنگیدان بە خواردنی سەوزە و میوە، خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و پڕۆتینی بێ چەوری یارمەتیی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە دەدات.
- خۆراکە خێراکان و گۆشتی سوور هۆکاری زیادبوونی ئەگەری تووشبوونن بە شێرپەنجە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە