رووداو دیجیتاڵ
ئەو کۆمپانیایەی کە شیری منداڵانی گیگۆز و نیدال بەرهەمدێنێت، کە لە هەرێمی کوردستانیش دەفرۆشرێن، تۆمەتبارە بەوەی شەکری زیادی کردووەتە نێو ئەو شیر و سریلاکەی بە وڵاتانی کەمداهات فرۆشراوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ئالوودەی بەرهەمەکانی بن، بەڵام کۆمپانیاکە تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە.
Nestle (نێستڵ)، گەورە کۆمپانیای سویسریی بواری خۆراک، رەتیدەکاتەوە لە وڵاتانی کەمداهات شەکری کردبێتە نێو شیر و سریلاکی منداڵانەوە.
رێکخراوێک کۆمپانیاکەی تۆمەتبارکردبوو بەوەی شەکری کردووەتە نێو ئەو بەرهەمانەی لە وڵاتانی کەمداهات فرۆشتوونی بۆ ئەوەی منداڵە ساواکانیان ئالوودەی خۆراکەکە بن، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەورووپی هەمان ئەو بەرهەمانەی بە بێ شەکر فرۆشتووە.
رۆژی پێنجشەممە، کۆمپانیای نێستڵ لە راگەیێندراوێکدا تۆمەتەکانی رەتکردنەوە و گوتی، "هیچ دووفاقییەک نییە. ئێمە لە هەموو شوێنێک کار بە هەمان بنەمای خواردن و تەندروستی دەکەین."
رێکخراوی ناحکومیی سویسری، پەبڵیک ئای، هەفتەی رابردوو راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "دوو لە پڕفرۆشترین بەرهەمە خۆراکییەکانی منداڵانی ساوا کە لە لایەن نێستڵەوە لە ولاتانی کەمداهات و مامناوەند فرۆشراون، ئاستێکی بەرزی شەکری زیادکراویان تێدایە، لە کاتێکدا ئەو بەرهەمانە لە وڵاتەکەی خۆیدا لە سویسرا، بێ شەکرن."
نێستڵ زۆر جۆر شیری وشکی منداڵان بەرهەمدێنێت، لەوانەش لابۆراتوار گیگۆز و نێستڵ نیدال، کە لە هەرێمی کوردستانیش دەفرۆشرێن.
کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەو شیرە وشکەی تایبەت بۆ منداڵانی خوار 12 مانگ دروستکراوە، هیچ شەکرێکی زیادکراویان تێدا نییە. هەروەها باس لەوە دەکات، لە سەرانسەری جیهان، شەکری لە شیری منداڵانی تەمەن سەرووی یەک ساڵانیشدا کەمکردووەتەوە.
نێستڵ دەڵێت، "جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمەکانمان بۆ ساوایان و منداڵانی بچووک، بە شەکر و بێ شەکر لە زۆر ناوچەی جیهان هەن، لە ئەوروپا و لە بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ئەمریکای باکووریش."
کۆمپانیاکە هەروەها دەڵێت، "بەردەوامین لە خستنەڕووی بژاردەی بەرهەمی بێ شەکر، دەمانەوێت ئەم بەرهەمانە لە ناوچەکانی دیکەش بەردەستی بکەین."
رێکخراوی پەبڵیک ئای لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردبوو کە ئەو سریلاکەی کۆمپانیای نەستل لە ئەسیوپیا فرۆشتوویەتی، پێنج گرام شەکری تێدابووە، لە تایلاندیش شەش گرام شەکری تێدابووە لە کاتێکدا لە ئەڵمانیا و بەریتانیا هیچی تێدا نەبووە.
کۆمپانیای نێستڵ پێشتریش لە ژێر گوشاردا بوو، چونکە رێکخراوێکی دیکەی ناحکومی و چەندین چالاکڤان گومانیان خستبووە سەر کاریگەرییە زیانبەخشەکانی بەرهەمەکانی لەسەر تەندروستیی منداڵان.
هەروەها راپۆرتی پەبڵیک ئای دوای ئەوە هات کە دامودەزگاکانی فەرەنسا هۆشدارییان دا لەوەی ئاوی کانزایی نێستڵ لە فەرەنسا، پیسبووە.
ژۆن فلیب بێرتشی، شرۆڤەکاری ئابووری لە کۆمپانیای ڤۆنتۆبێل ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەواڵە نەرێنیانەی لەسەر نێستڵ بڵاوکراونەتەوە، "نیگەرانییان لەنێو خاوەن پشکەکانیدا دروستکردووە."
پاتریک شوێندیمان، شرۆڤەکار لە بانکی زیورخ، دەڵێت، "گومانی وەبەرهێنەران ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە هێندەی ئێستا بەرامبەر بە نێستڵ خراپ نەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ