رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی سکوڵی پزیشکیی زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا دەریدەخات، شیری دایک ئەگەر بۆ ماوەی سالێک بدرێتە کۆرپە ئەوا مەترسیی تووشبوونی کۆرپە بە رەبۆ کەمدەکاتەوە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، شیری دایک شەکری ئاڵۆز و ماددە خۆراکیەکانی دیکەی تێدایە کە گەشەی میکرۆبی تەندروست لە ریخۆڵەکاندا بەرز دەکەنەوە، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە رەبۆ لە داهاتوو کەمدەبێتەوە.
لیات شێنهاڤ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، 'میکرۆبی تەندروست لە کۆرپە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەکردنی سیستمی بەرگری لەش و شیری دایک سیستمی بەرگری لەش بەهێز دەکات''.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، بۆ نەوەیەکی سەلامەت و تەندروستتر پێویستە هەر منداڵێک لانیکەم تاوەکو تەمەنی شەش مانگی تەنیا شیری دایک بخوات و هیچ شیرێکی قوتوو و خۆراکێکی دیکەی پێنەدرێت.
بە پێی رێکخراوەکە، شیری دایک بەرگریی جەستەی منداڵەکە بەهێزدەکات، چونکە دەوڵەمەندە بە دژەتەنی دژ بە ڤایرۆس و بەکتریاکان، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە هەستیاریش لە منداڵ کەمدەکاتەوە و چەندان سوودی دیکەشی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ