کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا: بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروستیی دڵ، بایەخ بە پشکنینی پێشوەختە بدرێت

21-07-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی

کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت، شێوازی ژیانی تەندروست تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە و چەند رێگەیەک بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییانە دەخاتەڕوو.
 
بە گوێرەی ئەم کۆمەڵەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ، پێوستە پەستانی خوێن بە دروستی بهێڵدرێتەوە و کەسانی تەمەن 40 ساڵ و سەرووتر لانیکەم لە ساڵێکدا پشکنینی پەستانی خوێن بکەن. 
 
هاوکات پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی لە ئەمریکا دەریدەخات، هاوشێوەی پەستانی خوێن، دەشێت بە گۆڕینی شێوازی ژیان رێگری لە تووشبوون بە بەرزیی چەوریی خوێن بکرێت. 
 
بە پێی ئەم پەیمانگەیە لە دوای تەمەنی 50 ساڵی پێویستە ناوە ناوە پشکنینی چەوریی خوێن ئەنجامبدرێت.
 
هەرلەم بارەیەوە دامەزراوەی شەکرە لە ئەمریکا، رێنوێنیی ئەو کەسانە دەکات کە تەمەنیان لە نێوان 35 تا 70 ساڵیدایە و قەڵەون، بەجۆرێک لە ساڵێکدا جارێک پشکنینی شەکرە ئەنجامبدەن.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشییەکانی دڵ، شێوازی ژیانی تەندروست وەکو وەرزش، دوورکەوتنەوە لە کحول و کێشانی جگەرە و نێرگەلە، پاشانیش کێشڕێکی پەیڕەوبکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە