پسپۆڕێکی حکومڕانیی تەندروستی: کاتی ئەوەیە ڤاکسینی ''ئاوڵەی مەیموون'' دابینبکرێت

18-08-2024
شکار رێبوار
د. گۆران عەبدوڵڵا، پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی - رێبوار و جەعفەر، هەر دوو بێژەری رووداو.
د. گۆران عەبدوڵڵا، پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی - رێبوار و جەعفەر، هەر دوو بێژەری رووداو.
نیشانەکردن ئاوڵەی مەیموون
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی حکومڕانیی تەندروستی ئاشکرای دەکات، پێویستە تیمی پزیشکی لە دەروازە سنووری و فڕۆکەخانەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی هەر حاڵەتێکی گوماناوی بۆ ''ئاوڵەی مەیموون'' بکرێت.
 
لە هەواڵەکانی کۆڕۆژی رووداودا د. گۆران عەبدوڵڵا، پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی لە لەندەنەوە بەشداربوو و رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی بۆ چۆنیەتیی چارەسەر و دەستنیشانکردنی ''ئاوڵەی مەیموون'' رێگەی سەرەتایی بەریتانیایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.
 
د. گۆران عەبدوڵڵا، پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی دەڵێت: ''ئەگەرێکی زۆر هەیە لە بەریتانیا تووشبووی ''ئاوڵەی مەیموون'' یان نەخۆشیی mpox هەبێت و بڵاوببێتەوە''، چونکە بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە و دەشێت هاوشێوەی کۆرۆنا خێرابڵاوببێتەوە.
 
تەنانەت پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، 'کەسانی بەساڵاچوو، خانمانی دووگیان، منداڵان و ئەوانەی بەرگریی جەستەیان کەمە' گرووپی مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە، هەر بۆیە پێشنیاز دەکات؛ لە هەرێمی کوردستان بایەخی زۆریان پێبدرێت و سەرەتا ئەو گرووپانە هۆشیاربکرێنەوە.
 
لە کۆتاییدا گوتی، تاوەکو ئێستا چارەسەری دیاریکراو بۆ نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' نییە و تەنیا پێویستە رێگەکانی پێشگیریکردن لێی بگیرێتە بەر، تەنانەت گوتیشی: کاتی ئەوەیە ڤاکسینی ''ئاوڵەی مەیموون'' لە هەرێمی کوردستان دابینبکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە