رووداو دیجیتاڵ
دوای تۆمارکردنی یەک تووشبووی کۆرۆنا لە نیوزلەندا، حکومەتی وڵاتەکە بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ رۆژ قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری رابگەیێنێت. سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش دەڵێت، قەدەخەیەکی تووندی هاتووچۆ رادەگەیێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە 17-08-2021 دوای شەش مانگ یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە ئۆکلەند، شارێکی گەورە لە باکووری نیوزلەندا تۆمارکرا، بەرپرسانی وڵاتەکە بڕیاریاندا هەفتەیەک لەو شارە و سێ رۆژیش لە سەرتاسەری وڵاتەکە قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنن.
دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە تووشبووەکە پێشتر سەردانی کۆرۆماندێل، شارۆچکەیەک لە نیوزلەندای کردووە، بۆیە بڕیاردرا کە لەو شارۆچکەش هەفتەیەک قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێندرێت.
نیوزلەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەهۆی رێکارە خۆپارێزییەکانەوە سەرکەوتووانە رووبەڕووی شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی کۆرۆنا بووەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 20٪ـی وڵاتەکە بە تەواوی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ بووە هۆی ئەوەی کە مارکێتەکانی وڵاتەکە هاوشێوەی ساڵی رابردوو پڕ ببن و، خەڵک دەست بە پاشەکەوتکردن و هەڵگرتنی کەلوپەل بکەن.
جاسیندا ئاردرێن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا دەڵێت، قەدەخەیەکی تووندی هاتووچۆ رادەگەیێنن و هەموو قوتابخانە و کۆمپانیاکان دادەخرێن.
تووشبووەکە تەمەنی 58 ساڵە و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە پێنجشەممەوە تووشی پەتاکە بووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ