رووداو - تەندروستی
لە کۆنفرانسێکی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان جەختی لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان کردەوە و داوای دابینکردنی بودجەیەک دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 8-4-2025 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایگەیاند، پێویستە بودجەیەکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا دابینبکرێت، ''چونکە مەترسیی لەسەر ئاساییشی خۆراک دروستکردووە.
ئەوەش باسدەکات کە ''دۆخی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق باشترە''.
بەپێی پسپۆڕانی بواری ژینگە و کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی زۆربوونی ئۆتۆمبێل، پاڵاوگە نایاساییەکان، کارگەکان و موەلیدەکان پیسبوونی هەوا زیاددەکات کە ئەو پیسبوونە بەتەواوی چووەتە نێو ماڵەکانیش.
د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە لە سلێمانی تایبەت بە رووداو چەند خاڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پیسبوونی هەوا لەنێو ماڵ باسدەکات وەکو؛
1- داخستنی پەنجەرە و دەرگە لەکاتی خۆڵبارین.
2- داخستنی دەرگە و پەنجەرە لەو کاتانەی قەرەباڵخی و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل زۆرە بەتایبەت لەو ماڵانەی کە لەسەر شەقامی سەرەکین.
3- دانانی شێدارکەرەوە لەنێو ماڵدا، بۆ ئەوەی رێگری بکات لە هەڵمژینی تەنۆلکە هەواییەکانی نێو ماڵ.
4- بەکارهێنانی دەمامک لەو کەسانەی کە گرووپی مەترسیدارن.
5- بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکانی ئاگادارکەرەوەی کوالێتیی هەوا وەکو AirVisual.
6- دانانی ئامێری پاککەرەوەی هەوا Air Purification
7- دانانی گوڵ و ئینجانەی جۆراوجۆر بۆ گلدانەوەی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و زیادبوونی ئۆکسجینی نێو ماڵ.
8- بایەخدان بە شۆردنی دەموچاو.
بەپێی د. سەنگەر جاف، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی، پیسبوونی هەوا بۆ گرووپە مەترسیدارەکان خراپە و دۆخی تەندروستییان تێکدەدات، گرووپەکانیش ئەمانەن؛
- تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سییەکان
- تووشبووانی رەبۆ
- تووشبووانی شێرپەنجە
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- منداڵی خوار 5 ساڵان
- خانمانی دووگیان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ