CDC: یەکەم تووشبووی ئەنفلەوەنزای باڵندە تۆمارکرا

16-05-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ئەنفلەوەنزای باڵندە لە مانگاوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و تووشبوونی کەسێک بە نەخۆشییەکە پشتڕاستدەکرێتەوە.
 
لە ئەمریکا ئەنفلەوەنزای باڵندە لە مانگایەکەوە بۆ جووتیارێک دەگوازرێتەوە، ئەمەش یەکەم گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەیە بۆ مرۆڤ کە پشتڕاستکراوەتەوە و تۆمارکراوە. 
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، یەکەم تووشبووی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە ئەمریکا تۆمارکرا، نەخۆشەکەش کرێکاری کێڵگەیەکی ئاژەڵانە.
 
ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، تووشبووەکە سووربوونەوە و هەوکردنی چاوی هەبووە، هەرچەندە بەرکەوتنی لەگەڵ باڵندە و پەلەوەردا نەبووە، بەڵام بەرکەوتەی لەگەڵ مانگاکاندا هەبووە کە هەندێکیان نیشانەکانی نەخۆشیی ئەنفلەوەنزای باڵندەیان هەبووە.
 
ستیڤ پرێسلی، پسپۆڕی ژەهراویبوونی ژینگەی و بەڕێوەبەری تاقیگەی توێژینەوەی مەترسییە بایۆلۆژییەکان لە زانکۆی تێکساس دەڵێت: "ئەوە پرسێکی جیدییە کە ڤایرۆسەکە لە باڵندەوە بۆ شیردەرەکانی وەکو مانگا بازدانی کردووە، دواتر بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە".
 
بەگوێرەی ناوەندەکە ئەنفلەوەنزای باڵندە هەوکردنێکی ڤایرۆسییە بەزۆری لە باڵندەدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام هەندێکجار بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە 'تا، کۆکە، سکچوون و ماندوویێتی'، ئەو کەسانەی کار لەگەڵ پەلەوەر و ئاژەڵدا دەکەن زۆرترین مەترسیی تووشبوون بەم ئەنفلەوەنزاکەیان لەسەرە. 
 
ناوەندی CDC چەند رێگەیەک بۆ خۆپارێزی لە ئەنفلەوەنزای باڵندە پێشنیازدەکات وەکو؛
 
1- جلوبەرگی پارێزەر لەبەر بکە وەکو 'دەستکێش، دەمامک و چاویلکە' لەکاتی کارکردن لەگەڵ باڵندە و ئاژەڵدا.
 
2- دەستەکانت بشۆ لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ باڵندە و ئاژەڵدا یان دوای ئەوەی لە باخچەی ئاژەڵان و کێڵگەکان دەگەڕێیتەوە. 
 
3- لەگەڵ ئەو ئاژەڵانە کار مەکە کە بەرکەوتەی ئەنفلەوەنزای باڵندە بوون.
 
4- لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکە، رێنماییەکانی تەندروستیی گشتی جێبەجێبکە بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە