رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، خۆویستەکان لەگەڵ زیادبوونی تەمەنیان، بەسۆزتر و بەخشندەتر دەبن.
لێکۆڵینەوەکە کە لەسەر 37 هەزار کەس کراوە، پیشانی دەدات خۆویستی مرۆڤ بە تێپەڕبوونی تەمەن کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەوەش نییە بە یەکجاری نەمێنێت.
لێکۆڵینڤانەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، زۆربەی ئەو کەسانەی بە منداڵی خۆویست بوون و زۆر لە خۆیان رازی بوون، کە گەورەش دەبن، هەر مەیلی خۆویستییان هەیە.
خۆویستی چییە و چۆن بزانین کەسێک خۆویستە؟
وشەی خۆویستی بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێندرێت کە مامەڵەکردن لەگەڵیان زەحمەتە و بە ئاسانی لەگەڵ دەوروبەریان رێکناکەون.
هەموومان دەکرێت لە هەندێک کاتی دیاریکراودا خۆویستییەکمان تێدا بێت؛ بەڵام پزیشکەکان ئەو وشەیە بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنن کە ناڕێکییەکی دیار و ئاشکرا لە کەسایەتییاندایە.
پێناسەکان لە سەرچاوەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەکرێت جیاواز بن، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوان هەموویان ئەوەیە کە کەسانی خۆویست ئەوانەن کە باوەڕێکی پۆڵایینیان هەیە بەوەی لە هەمووانی دیکە باشترن و شایەنی زیاترن. لەنێو کوردەواریدا زۆرجار بە "لووتبەرز و لەخۆڕازی" ناودەبرێن.
لێکۆڵینەوە زانستییەکە لە گۆڤاری Psychological Bulletin بڵاوکراوەتەوە و سوودی لە 51 لێکۆڵینەوەی پێشووتر و چاودێریکردنی 37 هەزار و 247 کەسی تەمەن 8 تاوەکو 77 ساڵان وەرگرتووە.
لێکۆڵینڤانان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی سێ جۆر کەسی خۆویست هەن:
- خۆویستی خۆسەپێن: ئەوانەی پێیان وایە لەوانی دیکە بەرزتر و بەڕێزترن و پێویستە هەموو کەسێک بە دڵی ئەوان بکات و خۆشی بوێن.
- خۆویستی خۆ بە دژبەر زان: ئەوانەی خەڵکی دیکە بە نەیار و دژبەری خۆیان دەزانن، مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ بەرامبەرەکانیان دەکەن و هیچ سۆزێکیان بۆیان نییە.
- خۆویستی دەمارگیر: ئەوانەی شەرمن و راڕان و بە رەخنە زۆر هەستیارن و پێی دڵگران دەبن.
زانایان بە پشتبەستن بە پرسیارنامەیەک، وردبوونەتەوە لەوەی بە تێپەڕبوونی تەمەن، چی بەسەر کەسە خۆویستەکان دێت و بۆیان دەرکەوتووە، بە گشتی ئاستی خۆویستییەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەوە نییە کە بە تەواوی نەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ