رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار شوێنی نافەرمی هەن کە دەرمان دەفرۆشن. سەرۆکی دەرمانسازانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو دەرمانخانانەی فەرمین دەرمانی قاچاخ نافرۆشن."
د. بارێف زاهیر، سەرۆکی دەرمانسازانی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: ''دەرمانی قاچاخ و خواردنی قاچاخ کە لە بازاڕدا هەبوو واتە مەترسیدارە، بەڵام ناتوانین بڵێین رێژەکەی بەرزبووەتەوە یان کەمیکردووە."
گوتیشی: "بوونی دەرمانی قاچاخ دوو هۆکاری هەیە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە ئەو دەرمانانە لە نێوخۆدا بەشی پێویست ناکەن یان دەست ناکەون، ئەوەش وادەکات بەشێوازی دیکە بهێنرێت."
سەرۆکی دەرمانسازانی هەرێمی کوردستان هۆکاری دووەمی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بوونی جێگەیە بۆ ساخکردنەوەی ئەو دەرمانانە، "نزیکەی هەشت هەزار شوێنی نافەرمی هەن کە دەرمان بەبێ بوونی کۆنترۆڵ بە خەڵک دەدەن."
د. بارێف زاهیر، باسی لەوەکرد: "دەرمانی قاچاخ لە دەرمانخانە فەرمییەکان نافرۆشرێن، دەرمانساز خیانەت لە پیشەکەی ناکات، "هەندێک شوێن کراونەتەوە کە دەرمان دەدەنە خەڵک، خەڵک پێی وایە ئەوانە دەرمانخانەن، بەڵام ئەوان دەرمانخانە نین."
راشیگەیاند، لیستێکی دەرمان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ نێردراوە کە ئەو دەرمانانەی تێدایە کە پەسەندکراون، "بەڵام دەبێت بەدواداچوون بکرێت بزانن لەو لیستەدا چ دەرمانێک نییە و پزیشکەکان پێویستیانە بۆ ئەوەی بۆ نەخۆشەکانیان بنووسن زیاد بکرێت.
د. بارێف زاهیر، جەختیکردەوە: ئەگەر ئەو دەرمانانە بهێنرێت کە پزیشکەکان بە نەخۆشەکانیان دەدەن و دەست ناکەوێت، خەڵک ناچار نابێت پەنا بۆ دەرمانی قاچاخ ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ