رووداو دیجیتاڵ
فوئاد مەجید میسری لە نوێترین کتێبی خۆیدا بەشێک لە مێژووی کوردستانی خستووەتەڕوو و دەڵێت جیاوازیی لەگەڵ کتێبەکانی دیکەی مێژوو ئەوەیە؛ بێلایەنانە نووسراوە.''
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15-05-2024) فوئاد مەجید میسری، نووسەر و رووناکبیر، لە شاری هەولێر نوێترین کتێبی خۆی بە ناوی ''مێژوویەکی تر'' ناساند، نووسەر لەمبارەوە بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت ''ئەمە مێژوویەکی ترە، چونکە ئەو مێژووە نییە کە خەڵک نووسیویەتی و جیاوازی هەیە لە تێڕوانین و بۆچوونەکانی ئەوان.''
فوئاد مەجید میسری لەبارەی ئەو سەرچاوانەی بۆ نووسینی کتێبەکەی بەکاری هێناون گوتی ''بۆ خۆم شایەتحاڵێکی زیندووم، لە زۆربەی رووداوەکان بووم، ئاگام لێ بوونە و بەشداریم تێدا کردوون.''
کتێبەکە لە دوو توێدا خراوەتە بەردەستی خوێنەران کە بەگوتەی نووسەر بەشی دووەمیشی دەبێت و لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیدەوە پڕژاوەتە سەر رووداوەکانی کوردستان؛ دەشڵێت، ''کتێبەکە دەچێتە خانەی هەوڵێکی رۆشنگەری بۆ شرۆڤەکردنی ئەو دەسەڵاتانەی لەو سەردەمانەدا پێکهاتوون.''
فوئاد مەجید گوتی، لە کتێبەکەیدا هۆکاری ''شکستهێنان''ـی دەسەڵاتی بابانەکان، شێخ مەحموودی حەفید و کۆماری کوردستان خراونەتەڕوو، تێیدا باس لە زۆر حیزب، رێکخراو و کەسایەتییەکان کراوە کە رۆڵیان لە رووداوەکاندا هەبووە.
وەک ئەو نووسەرە دەڵێت، جیاوازیی کتێبەکەی لەگەڵ کتێبی نووسەرانی پێشوو، بێلایەنبوونیێتی لە گێڕانەوەی رووداوەکاندا: ''زۆربەی ئەوانەی مێژوویان نووسیوەتەوە، لایەنگرانە باسی رووداوەکان دەکەن، بەڵام کتێبی من، ئەو کەسەی دەیخوێنێتەوە دەتوانێت بڕیار بدات کە بێلایەن نووسیومە یان لایەنگرانەیە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ