رووداو دیجیتاڵ
گۆرانییەکی سەڵاح بەحر، گۆرانیبێژی عێراقی هەرای ناوەتەوە و بەهۆیەوە پەیڕەوانی ئایینی سابیئەی مەندائییەکانی توڕەکردووە، لە بەرامبەردا ئەو ئەو گۆرانیبێژە داوای لێبوردنیان لێدەکات.
گۆرانییەکە بەناوی 'مسويتلك سحر يم صبي'یە واتە 'لەلای سابیئەیەک جادووی لێ کردووی' و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، بەتایبەتیش لەلایە سابیئەی مەندائییەکان.
بەشێک لە پەیڕەوانی ئەو ئایینە، بە تۆمەتی 'سوکایەتیکردن' بە ئایینەکەیان، داوایان لە وەزیری رۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان لە عێراق کردووە، لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو گۆرانیبێژە بکرێت.
ئوسامە بەدری، سەرۆکی فراکسیۆنی سابیئەی مەندائی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، گۆرانییەکە سوکایەتییەکی گەورەیە لە دژی پێکهاتەکەیان و جادووگەری دەخاتە پاڵ ئایینی مەندائییەکان.
بەدری، لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی شەممە 29 تشرینی یەکەم 2022 بڵاوکرایەوە، دەڵێت: "ئاینی مەندائی، یەکێک لە ئایینە ئاسمانییەکانە و کتێبی پیرۆزمان 'کنزا رەبا'یە و جادووی حەرام کردووە، هەروەها لە تەواوی ئایینە بەڕێزەکانی دیکەش حەرامکراوە".
لە دوای ئەو رەخنە زۆرانەی ئاڕاستەی سەڵاح بەحر کرا، ڤیدیۆکلیپەکە سڕایەوە و ئەو هونەرمەندە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و داوای لێبوردنی لە سابیئە مەندائییەکان کرد.
پەیڕەوکارانی ئایینی سابیئەی مەندائی یەکتاپەرستن و بڕوایان بە خودا هەیە. لەو رۆژەدا نزا دەکەن و لە خودا دەپاڕێنەوە. ژمارەیان نزیکەی 100 هەزار کەسن کە 60 هەزاریان لە عێراق و هەرێمی کوردستانن.
بە شێوەیەکی سەرەکی سابیئەکان نیشتەجێی کەناری رووباری دیجلە و فوراتن لە ناوچەکانی خوارووی ئەو دوو رووبارە، واتە ناوچەی ئەلبەتایە، ئەهوەس و شەتولعەرەب، هەروەها لە شارەکانی ئەلعەمەرە و ناسڕیە و بەسرەش هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ