ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ گرنگی بە پرسی ژن دەدرێت

25-10-2022
پەسار فایەق
پۆستەری فێستیڤاڵ
پۆستەری فێستیڤاڵ
نیشانەکردن فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

13مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ بە درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەستپێدەکات و فیلمی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدارن.
 
بیلال بوڵوت، ئەندامی کۆمیتەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ بە رووداوی راگەیاند، لە خولی ئەمساڵدا 94 فیلم بۆ فێستیڤاڵ نێردراوبوون و 28 فیلم بۆ پێشاندانی لە فێستیڤاڵدا هەڵبژێردراون، ئەویش کورتە فیلم، بەڵگە فیلم و فیلمی بڵندن.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بە پێشاندانی فیلمی سینەمایی 'جیران'ـی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکات کە لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا پێشاندراوە و براوەی چەندین خەڵاتە.
 
بوڵوت، لەبارەی هەڵبژاردنی فیلمی 'جیران' وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "فیلمێکە بە زمان کوردییە و بە هونەر کوردییە و لە جوگرافیایەکی کوردی وێنەگیراوە، ئێمە دڵخۆشین بە پێشاندانی فیلمی مانۆ خەلیل لە فێستیڤاڵەکەدا".
 
درووشمی 13مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ 'ژن، ژیان، ئازادی'یە و زیاتر گرنگی بە پرسی ژن لە فێستیڤاڵەکەدا دەدرێت.
 
ئەندامی کۆمیتەی فێستیڤاڵەکە روونیکردەوە: "بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینی و ژنانی دیکەی کورد، خولی ئەمساڵ گرنگی بە پرسی ژنان دەدات و هەر بۆیە 'ژن، ژیان، ئازادی' وەک درووشم بۆ فێستیڤاڵەکەدا هەڵبژێردراوە". 
 
لە خولی ئەمساڵدا فیلم لە هەرچوار پارچەی کوردستان بۆ فێستیڤاڵ نێردراون و فیلم لە هەر چوار پارچەوە هەڵبژێردراون.
 
بیلال بوڵوت، رایگەیاند، زۆر دڵخۆشن بەوەی فیلمی زۆر لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە نێردرابوون، ئەوان بەوە دڵخۆشن کە ئەمساڵ فیلمی زۆر باش نێردراون.
 
لەبارەی فیلمە کوردییەکان، ئەو ئەکتەرە کوردەی باکووری کوردستان دەڵێت، فیلمە کوردییەکان پێشڤەچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام پێویستە لە رووی تەکنیکییەوەش پێشەڤچوون هەبێت، گوتیشی "ئێمە تەنیا لە رووی دەرهێنەر و ئەکتەری پێشڤەچوونمان هەیە".
 
لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵات لە سێ بەشدا پێشکێش دەکرێن، خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی، خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلم و خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵ، ئەمساڵ خەڵاتێکی دیکە بەناوی ئەرهان ئۆرس، سینەماکاری باکووری کوردستان زیاد کراوە کە ئەمساڵ لە تورکیا دەستبەسەرکرا و ئێستا لە زیندانە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە