رووداو دیجیتاڵ
نەوژین خالید، ژەنیاری ئامێری ڤایۆلین کە تاوەکو ئێستا چەندین بەرهەمی میوزیکی جیهانی کەڤەرکردووەتەوە، ئەمساڵ بۆ مۆندیالی 2022 لە قەتەر، بەرهەمێکی نوێی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
ئەم بەرهەمە لە سێ بەش پێکهاتووە، یەکێک لەوانە گۆرانی فەرمی ئەمساڵی مۆندیالە بەناوی'Light The Sky'، هەروەها هەردوو گۆرانیی 'Waka Waka' و 'The Cup of Life' کە لە دوو مۆندیالی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە.
نەوژین خالید، بە رووداوی راگەیاند، بەرهەمە نوێیەکەی کەڤەرکردنی میوزیکی گۆرانی ئەمساڵی مۆندیالە، هەروەها تێکەڵ بە میوزیکی ئاوازی هەردوو گۆرانی مۆندیالەکانی پێشووە و خەڵکی یادەوەریان لەگەڵیدا هەیە.
گوتیشی، بەردەوام هەوڵدەدات بەرهەمەکانی جیاواز بێت، ئەمجارەش بە ستایلێکی نوێ ئەم بەرهەمە بەرهەمهێناوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، میوزیکی هەرسێ گۆرانییەکە لەلای ئەو تایبەتن، بەڵام لە رووی دابەشکردنی میوزیکەوە، گۆرانیی 'Waka Waka' تایبەتترە و لەلایەن شاکیرا، هونەرمەندی کۆلۆمبی گوتراوە.
ئەم بەرهەمە لە نێو یاریگەی زاخۆ وێنەگیراوە و ژمارەیەک ژەنیار، وەرزشڤان و سەماکار تێیدا بەشدارن.
ڤیدیۆکلیپەکە لە کەناڵی تایبەتیی نەوژین خالید لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
نەوژین خالید دوایین بەرهەمی بەناوی 'Song from a Secret Garden' لەگەڵ بیتی، ژەنیاری پیانۆ بڵاوکردەوە کە کەڤەرکردنی یەکێک لە بەناوبانگترین پارچە میوزیکەکانە و بەرهەمی گرووپی 'Secret Garden'ـە و لەلایەن چەندین ژەنیاری جیهانی ژەنراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ