رووداو دیجیتاڵ
بودجەی نوێترین فیلمی تۆم کروز، ئەکتەری سینەمایی ئەمریکی 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، هۆکاری زۆری بودجەکەش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆ یەکەمجارە فیلمێک لە بۆشایی ئاسمان و دەرەوەی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان وێنەدەگیرێت.
ئەگەر فیلمەکە تێچووی زیاتری لە کاتی وێنەگرتن پێویست بێت، بەرهەمهێنەرانی ئەم بەرهەمە سینەماییە بودجەی زیاتری بۆ دابین دەکات.
فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیای یونیڤێرساڵ پیکچەرز بەرهەمدێت و پێشتر ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە بۆشایی ئاسمان وێنە دەگیرێت.
دۆنا لانگلی، سەرۆکی کۆمپانیای یونیڤێرساڵ پیکچەرز رایگەیاند: "ئەگەر پلانەکە بەو شێوەیە بێت کە ئێمە دەمانەوێت، تۆم کروز دیمەنەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان وێنە دەگرێت". ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "تۆم کروز دەمانباتە بۆشایی ئاسمان و هەموو جیهان لەگەڵ خۆیدا دەبات".
تاوەکو ئێستا وردەکاری لەبارەی ئەو رۆڵەی کروز لە فیلمەکەدا دەیگێڕێت، بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکراوە، تەنیا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە فیلمەکەدا وەک فریادڕەسێک دەردەکەوێت.
'Top Gun: Maverick' دوایین فیلمی کروزە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 422 ملیۆن و 385 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە توانی ژمارەی پێوانەیی بۆ کۆمپانیای پارامۆنتی بەرهەمهێنەری فیلمەکە تۆماربکات، چونکە یەکەم فیلمی کۆمپانیاکەیە ئەو داهاتە زۆر لە سینەماکاندا بەدەست بێنێت.
'Top Gun: Maverick' لە دەرهێنانی جۆزێڤ کەسینسکییە و لە 27 ئایاری 2022 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا و لە 19ـی ئایاری 2022لە 75مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا و تۆم کروز ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە، لە فیستیڤاڵەکە ئامادەبوو و خەڵاتکرا.
'Top Gun' فیلمێکی دراما و ئەکشنی ئەمریکییە، یەکەم بەشی لە 1986 بڵاوکرایەوە، تۆنی سکۆت دەرهێنەریەتی و بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، بودجەی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن دۆلارە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 356 ملیۆن دۆلارە.
کروز، رۆڵی ماڤێریک ئەفسەری هێزی دەریایی دەگێڕێت، کە فڕۆکەوانێکی دەریاییە و لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری 'USS' کاردەکات.
تۆم کروز، لە 3 تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت؛ لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10.1 ملیار دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و لە چەندین فیلمدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی 'The Color of Money'لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ