حەسەن شەریف لە نوێترین بەرهەمیدا باس لە چوار پارچەی کوردستان دەکات

16-10-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن حەسەن شەریف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند حەسەن شەریف، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'بانگا بلند' بڵاوکردەوە و شینوار کەمال، دەرهێنەری سینەمایی کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە.
 
'بانگا بلند' لە تێکستی ئەمین بۆتانی و ئاوازی حەسەن شەریف و هارون ئەلکییە و کاری دابەشکردنی میوزیکیشی بە هەمان شێوەی لەلایەن هارون ئەلکی، هونەرمەندی باکووری کوردستان کراوە.
 
ئەم بەرهەمە لە چەند شار و ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە، بەشێک لە دیمەنەکان لە قەڵای هەولێر وێنەگیراوە، هەروەها وێنە و دیمەنی هەرچوار پارچەی کوردستان لەخۆدەگرێت.
 
ئەو هونەرمەندە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 تێکستی شیعری ئەمین بۆتانی بەکارهێناوە، 'بانگا بلند'ـیش یەکێک لە تێکستەکانی ئەو شاعیرەیە.
 
حەسەن شەریف پێشتر لە کاتی وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە بە رووداوی راگەیاند "بڕیاری هەڵبژاردنی قەڵای هەولێری پیرۆز، لەلایەن دەرهێنەرەوە بوو، قەڵا شوێنکی شوێنەوارییە و هەبوونی ئێمەیە و هەبوونی کوردستانە و پایتەختی ئێمەیە". گوتیشی، جگە لە قەڵای هەولێر، ڤیدیۆکلیپەکە لە چەند شوێنێکی دیکەی کوردستان وێنەدەگیرێت.
 
لەبارەی پڕۆژەی داهاتووی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئێستا کار بۆ ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی دەکات کە 10 تراکە و لە قۆناخی هەڵبژاردنی تێکست و ئاوازداناندان.
 
حەسەن شەریف، لە 1969 لە گوندی کێستەی سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، لە تەمەنی 11 ساڵییەوە دەستی بە ژەنینی ساز کردووە، لە 1985 یەکەم بەرهەمی بەناوی 'تەمبوورا من' و ساڵی دواتر 1986 بەرهەمێکی دیکەی بەناوی 'باران باری' بڵاوکردووەتەوە. 
 
لە تەمەنی 17 ساڵیدا پەیوەندی بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانەوە کردووە، لە 1995 کوردستان بەرەو سوێد جێدەهێڵێت و ئێستا لە باشووری کوردستان ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی زیاتر لە ئەلبوومی گۆرانییە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە