رووداو دیجیتاڵ
شێوەکار شایان شەهیر نورەدين، لە پێشانگەیەکی شێوەکاریدا لە هەولێر، چیرۆکی حەوت ژنی کوردی خستەڕوو کە بە بیانووی شەرف کوژراون، ئەو شێوەکارە دەڵێت، تابلۆکان باس لە حەوت ژیان، حەوت رۆح و حەوت خەون دەکات.
پێشانگەکە شەوی شەممەی رابردوو 10 کانوونی دووەمی 2022، لە فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی کرایەوە و بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت، تێیدا 16 تابلۆ خراونەتەڕوو و ژمارەیەک لە هونەرمەندان و هۆگرانی ئەو هونەرە ئامادە بوون.
پێشانگەکە بەناوی 'رۆح و خەونەکان هەرگیز لە بیرن ناکرێن'ـە و لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'هێلان' کرایەوە کە پڕۆژەی پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانییە بە هاوبەشی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ و گەلەری سێڤ.
ئەو هونەرمەندە لە هونەری شێوەکاریدا زیاتر کاری دیجیتاڵی دەکات، ئەمە یەکەم پێشانگەی بوو کە لە تابلۆکانیدا رەنگی زەیتی بەکارهێناوبوو و لە پاڵ تابلۆ زەیتییەکاندا، تابلۆی دیجیتاڵیش هەبوو.
شایان شەهیر نورەدین، لەبارەی پێشانگەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی 'رۆح و خەونەکان هەرگیز لە بیرن ناکرێن' باس لە ژنانی قوربانی شەرەف لە کوردستان دەکات، پڕۆژەکە لە ماوەی مانەوەی لە شاری بلباوی ئیسپانیا لە مانگی ئەیلوول تاوەکو کانوونی دووەمی 2022 ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پڕۆژەکە رێز لە رووحی جوانی حەوت ژن دەگرێت کە بوونەتە قوربانی شەرەف، لە تابلۆکاندا ئەو حەوت ژنە وا دەردەکەون کە بە ئارامی دەخەون، چونکە ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئێستا رووحیان دوور لە ناشیرینییەکانی جیهان بە ئارامی پشوو دەدات.
روونیشکردەوە، لە 10ـی کانوونی دووەم کە رۆژی مافی مرۆڤە و هەروەها دوا رۆژی 16 رۆژی چالاکییەکانی بەرەنگاربووەنەوەی تووندوتیژییە، پێشانگەکە کرایەوە، ئەمەش رێکەوتێکی گرنگە بۆ قسەکردن لەسەر ئەم مژارە.
هەر لە پێشانەگەدا، گەیلان کامەران بە ئامێری کلارنێت و شێنێ مەهداوی ئەحمەد، بە ئامێری فلوت میوزیکیان ژەنی.
شایان شەهیر نورەدین، لە هەولێری باشووری کوردستان لە دایکبووە، شێوەکار و فۆتۆگرافەرە و زیاتر لە بواری وێنەکێشانی دیجیتاڵ و وێنەکێشان لەسەر دیوار کاردەکات.
ئەو شێوەکارە لە منداڵییەوە دەستی وێنەکێشان کردووە، ئەویش بە هاندانی باوکی کە لە هونەری شێوەکاری شارەزا بووە، بۆ ماوەیەک لە کاری هونەری دوورکەوتووەتە و بە مەبەستی خوێندنی بازرگانی چووەتە ئەمریکا، دواتر دووبارە دەستی بە کاری هونەری کردووەتەوە.
لە 2013 بۆ ماوەی سێ هەفتە، بەشداری لە خولێکی وێنەکێشانی کلاسیکی ئەکادیمیای دی ئاڕت لە فلۆرانسی ئیتاڵیا کردووە، لە 2015 خولی درێژخایەنی ئەو هونەرەی وەرگرتووە له سەنتەری سكاى و لە 2016 تاوەکو 2018 لە سەنتەری ئاڵا خولی درێژخایەنی خوێندووە، دواتر وەک گرافیک دیزاینەر کاری کردووە.
یەکەمین پێشانگەی تاکەکەسی لە 2019 لە پەیمانگەی فەرەنسی لە هەولێر کردووەتەوە، لە هەولێر وێنەی لەسەر پێنج دیواری کێشاوە و چەندین خەڵاتی فۆتۆگرافی بەدەستهێناوە، جگە لە باشووری کوردستان، کارە هونەرییەکانی فرۆشراون و گەیشتوونەتە ئەوروپا، ئەمریکا و عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ