رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند نەڤید زەردی، نوێترین بەرهەمی بە زمانی فارسی، بەناوی 'فەریاد کون' واتە 'هاوار بکە' بۆ دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' و خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.
ئەم بەرهەمە لە تێکست و ئاوازی نەڤید زەردییە و کاری میوزیکی لەلایەن کۆستاس کاراگیۆزیدیس کراوە.
لە ڤیدیۆکلیپەکەدا، نەڤید زەردی لە ستۆدیۆ لە کاتی تۆمارکردنی گۆرانییەکە؛ دەردەکەوێت، هەروەها ژمارەیەک کەس بە گووتنەوەی گۆرانییەکە و درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەردەکەون.
ڤیدیۆکلیپەکە شەوی رابردوو 4ـی تشرینی دووەمی 2022 لە کەناڵی تایبەتی نەڤید زەردی لە یوتیوب بڵاوکرایەوە و چەند دیمەنێکی دۆخی خەڵک و خۆپیشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێشان دەدات.
ئەو هونەرمەندە لە 15 تشرینی یەکەمی 2022، بەرهەمێکی دیکەی بەناوی 'وەرە دەرێ' بڵاوکردەوە کە لە تێکست و ئاوازی نەڤید زەردییە و ڤیدیۆکەی، وێنەی ژینا ئەمینی و دیمەنی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەخۆگرتبوو.
زەردی، بەم دواییە چەندین پەیامی ڤیدیۆیی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردووەتەوە.
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و 30 گۆرانی سینگڵی و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە، تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد و بیانی داناوە و بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی 'ئەیلا' کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند عەبە کاریب، زیاتر لە 25 ملیۆن بینەری هەیە.
'بۆمبێ' دوایین ڤیدیۆکلیپی نەڤید زەردییە کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ ئارش، هونەرمەندی فارس و لە 20ـی حوزیرانی 2022 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە سێ ملیۆن بینەری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ