دیزاینەرانی براندی شانێل دەمامکی جۆراوجۆر بەرهەمدێنن

01-04-2020
هیوا سەڵاح
A+ A-
رووداو- هەولێر

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو چالاکییە هونەری و رۆشنبیرییەکان راوەستان، نمایشی جلوبەرگیش بەشی خۆی زیانی بەرکەوتووە، بەڵام دیزاینەرانی شانێل بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان ، چەندین جۆری دەمامکی جوانکاریان بەرهەمهێناوە.
 
سەرپەرشتیارانی براندی شانێل و دیۆر رایانگەیاند، کە هەموو کارگەکانیان خستووەتە کار بۆ ئەوەی دەمامکی جۆراوجۆر دروست بکەن و زوو بیانخەنە بازاڕەوە، چونکە خانمان لەسەردەمی کۆرۆناش دەیانەوێت بەشێوەیەکی جوان دەربکەون.
 
 هاوکات بەشێک لەو دەمامکانە بەبێ بەرامبەر پێشکەش بە دەزگا ئەمنییەکان و ئەو کەسانەی کاری خێرخوازی دەکەن و کەلوپەلی خواردن بۆ ماڵەکان دەگوازننەوە دەکرێت، حکومەتی فەرەنساش راگەیاندووە، کە پێویستیان بە ملیارێک دەمامکە بۆ وەزارەتی تەندروستی، چونکە هەفتانە 40 ملیۆن دەمامک بەکاردەهێنن، بۆیە بەشێک لە براندەکان بە دەنگ بانگەوازەکەی حکومەتەوە چوون و دەمامک دروست دەکەن و بەبێ بەرامبەر دەبەخشنە وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ.
 
براندی شانێل، زیاتر لە 8500 کرێکاری و کارمەندی لە فەرەنسا هەیە، ئێستا هەموویان لەسەرکارن و ئیش و کاری براندەکە جێبەجێ دەکەن، هەرچەندە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەموو کارگەو شوێنە بازرگانییەکان داخراون، بەڵام شانێل بەردەوامە لە کارکردن و تەنیا دەمامک بەرهەمدەهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە