بازنەیەکی دوایین شاژنی فەرەنسا دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن ماری ئەنتوانێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە نیویۆرکی ئەمریکا، بازنەیەکی گرانبەهای ماری ئەنتوانێت، دوایین شاژنی فەرەنسا دەخرێتەڕوو و تەمەنی بۆ سەدەی هەژدەیەم دەگەڕێتەوە.
 
بازنەکە کە لە بەردی گرانبەها دروستکراوە و بە گوڵ و زێڕ رازێندراوەتەوە، یەکێک لە کەلوپەلە نمایشکراوەکانە بۆ فرۆشتن لە خانەی "Mellerio" و زیادکردنە ئاشکراکە تاوەکو 27ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەردەوام دەبێت.
 
ماری ئەنتوانێت بازنەکەی لە دیزاینەرەکەی کڕیوە کە وێنەی حەوت ئیمپراتۆری رۆمانی لەسەر نەخشێندراوە.
 
شارەزایانی ئەو بوارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بازنەکە بۆ سەدەی هەژدەیەم دەگەڕێتەوە و هاوشێوەی ئەو خشل و کەلوپەلانەیە کە ماری ئەنتوانێت بۆ جوانکاری بەکاری هێناون، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە کە بیسەلمێنێت لەلایەن ئەو شاژنە بەکارهێنراوە.
 
لە کاتی شۆڕشی فەرەنسی، بەشێک لە جلوبەرگ و کەلوپەلەکانی شاژن بۆ گوندێکی شاخاوی ئیتاڵی بەناوی کراڤێگیا گواستراونەتەوە، لەوانەش جلوبەرگی بووکێنیی کە بەشێکی بە زێڕ رازێندراوەتەوە.
 
ماری ئەنتوانێت، لە 2ـی ئەیلوولی 1755 لە دایکبووە، دوایین شاژنی فەرەنسا و هاوژینی لویسی شازدەیەم بووە. لە نێو خەڵکی فەرەنسا خۆشەویست نەبووە، بە گەندەڵ تۆمەتبار کراوە، هەروەها تۆمەتی پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ کەسانی دیکەدا ئاڕاستە کراوە، باس لەوەش دەکرێت کە هاوکاریی نەیارانی فەرەنسای کردووە، دوای شۆڕشی فەرەنسا لە 16ـی تشرینی یەکەمی 1793 بە تاوانی خیانەتی گەورە، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو و سەری پەڕێندرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە