وێنە: AFP
ئەستێرە بەنێوبانگەکانی سینەمای جیهانی لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس دەردەکەون. دیارترینیان ئەکتەر و فیلمسازی ئەمریکی ئەنجلینا جۆلییە کە بە شێوازێکی جیاواز سەرنجی هەوادار و ئامادەبووان بەلای خۆیدا رادەکێشێت.
رۆژی 28ـی ئابی 2024 بە پێشاندانی فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی چالاکییەکانیدا، ئەستێرەی دیاری سینەمای هۆلیوود و جیهان تێیدا ئامادە بن.
لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە، تیم بۆرتن، دەرهێنەری فیلمەکە و هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی مایکڵ کیتن و وینان رایدەر، ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، ژمارەیەک ئەستێرەی دیکەی سینەما بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین، لەوانە مۆنیکا بێلۆچی، ئەکتەری ناسراوی ئیتاڵی و کەیت بلانچێت، ئەکتەری ناسراوی ئوستراڵی.
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شێری زێڕینی شانازی، بە سیگۆرنی ویڤەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە هونەرییەکانی.
ئەم ساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.