روودا دیجیتاڵ
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە دانیشتنەکەدا دادگەی فیدراڵی کەیسەکەی رەتکردەوە و دەڵێت "لە پسپۆریی من دا نییە."
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دوای دانیشتنی دادگا، دڵشاد میرانی، نوێنەرانی مامۆستیانی ناڕازیی لە بەغداوە بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئامادەبووین و پیرۆزباییەکی گەرم لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین."
دڵشاد میرانی گوتی "ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەگەڵ کردنەوەی هەژماری بانکی و بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە دەستپێبکاتەوە."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە "دادگەی باڵای فیدراڵی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەستەوە بە کردنەوەی ژمارەی بانکی و بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
دوایین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو کەیسە، رۆژی 25ـی شووباتی 2024 بوو. رۆژی 05-10-2023 دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵاکەی تۆمار کرد.
سکاڵاکاران بریتین لە ئەژی بەرزان، محەممەد حوسێن، خەبات لەتیف، نەجمەدین محەممەد، دلاوەر عەلی، ئاوات ئازاد، دڵشاد محەممەدئەمین، سامان عەلی و رێبوار باهر.
ئاوات ئازاد، یەکێک لە نوێنەرانی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016ـەوە راگیراوە، سکاڵامان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە و داوامان کردووە ئەو بڕیارەی کە پلەبەرزکردنەوەکەی پێڕاگیراوە بە نادەستووری هەژمار بکرێت و پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە."
رۆژی 10-09-2023 دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەکی لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد، کە دووەم دانیشتنی دادگەکە بوو بۆ ئەو کەیسە. سکاڵاکە لەسەر راگرتنی پلەبەرزکردنەوە بوو کە لە سەرەتای ساڵی 2016ـەوە راگیراوە.
سکاڵاکە لەلایەن رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکرابوو و دادگەکە بە پاساوی ئەوەی ئەو بابەتە لە پسپۆڕی ئەودا نییە و دوای تاوتوێکردنی لەنێو دادوەران، بڕیاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەی دا.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسوومات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ