رووداو دیجیتاڵ
کانی، هونەرمەندی کورد، لە چالاکییەکی یادکردنەوەدا لە ستۆکهۆڵمی سوێد، لەگەڵ یەکێک لە دیارترین ژەنیارانی گیتار و ئەندامی گرووپی (ABBA) لە سوێد بەناوی یانە خافر، گۆرانی پێشکێشکرد.
کانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمە سێیەمین جارە لەگەڵ ئەو گیتارستە سوێدییە بەشێوەی راستەوخۆ لەسەر تەختی شانۆ بەرهەم پێشکێش دەکات، یەکەمیان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بوو بۆ منداڵانی کەمپی عەربەت، دووەمیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو، ئەمجارەش بۆ یادکردنەوەی فادیمە شەهێندال، کچە کورد بوو کە بەر لە چەند ساڵێک لە سوێد بە دەستی باوکی و لە چوارچێوەی "کوشتنی شەڕەفدا" گیانی سپارد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چالاکییەکە لەلایەن رێکخراوەی نیشتمانی سوید بە ناوی (GAPF) لەگەڵ پۆلێک هونەرمەند، نووسەر و سیاسەتمەداری ناوداری سوێد بانگێشتکراوە بۆ ئەو یادە.
روونیشیکردەوە، رێکخراوی (GAPF) بەها سەرەکییەکانیان لەسەر بنەمای جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 1984 دامەزراون؛ تێیدا هاتووە کە نابێت هیچ کەسێک بەهۆی رەگەز، رەنگی پێست، زمان، ئایین و بۆچوونی سیاسی یان بۆچوونی دیکە، باری نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتیی، موڵک و ماڵ، شوێنی لەدایکبوون یان بە گشتی پێگە، جیاوازی لەگەڵدا بکرێت.
ئەو هونەرمەندە کوردە کە لە سوێد دەژی، رایگەیاند، هەموو ساڵێک لە 14ـی کانوونی دووەمدا، ماتەمینی بۆ گیانی پاکی فادیمە رێکدەخرێ. گوتیشی: "من وەکوو کانی زیاتر ئاشنای زەبرو زەنگ و کولتووری ژنکوژیم. لەلایەن دەوڵەتی سوێدیەوە میوانداری ئەم یادە تراژیدی و خەمناکە کراوە و گۆرانی 'خەونەبوون'ـی شاعیری مرۆڤدۆست و کوردپەروەری کورد شێرکۆ بێکەس بەشداری ئەم یادە تراژیدیەم کردووە".
کانی، ئەوەشی خستەڕوو: "لەگەڵ ئەو گیتارستە دیارەی سوید، ئیدانەی توندوتیژی دژی ژنان دەکەین و هاوکات پاڵپشتی خۆمان بۆ جوانی و عەشق و مرۆڤدۆستی دوپات دەکەینەوە، گۆرانی دەڵێم بۆ ژیان، ژن، ئازادی، گۆرانی دڵێم بۆ دروستکردنی جیهانێک تێیدا مرۆڤ و جوانیەکانییەکانی سەنتەری هەموو جیهان بن، نەک زەبرو زەنگ و توندتیژی کولتووری، بە هیوام دەنگی جوانییەکانی کورد بگەیەنم بە هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی".
کانی، دەرچووی بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە و خاوەنی چەند ئەلبوومێکی گۆرانییە، دوایین بەرهەمی ئەلبوومێک بوو بە ناوی 'ببارێ'، کە 10 تراکە و لە هاوینی 2021 بڵاوکرایەوە، دواتریش ڤیدیۆکلیپکی 'ببارێ' و 'زمانی دایک'ـی بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ