سەلمان خان ئامادەکاری بۆ فیلمێکی نوێ دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن سەلمان خان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەلمان خان، ئەکتەری هیندی، ئامادەکاری و راهێنانی وەرزشی بۆ رۆڵگێڕان لە فیلمێکی نوێ سینەمایی بەناوی "Sikandar" دەکات.
 
ئەو ئەکتەرە وێنەیەکی خۆی لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە کە راهێنانی وەرزشی دەکات و وێنەکە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، یەکێک لە هۆگرانی نووسیویەتی: "رێز لە کاری سەخت بگرن".
 
بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا وێنەگرتنی فیلمەکە دەستپێبکات و لە جەژنی رەمەزانی 2025 لە سینەماکاندا پێشاندەدرێت.
 
خان، یەکێک لەو ئەکتەرانەیە کە گرنگی بە وەرزش و یاریی ئاسن دەدات، چونکە لە زۆربەی فیلمەکانیدا وەک پاڵەوانێک دەردەکەوێت.
 
سەلمان خان، ناوی تەواوی عەبدولڕەشید سەلیم سەلمان خانە، لە 27ـی کانوونی دووەمی 1965 لە هیندستان لەدایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری تەلەڤزیۆنییە، زیاتر لە 30 ساڵە لە بواری سینەمادا کاردەکات و بەهۆیەوە چەندین خەڵاتی سینەمایی وەرگرتووە.
 
یەکێک لە ئەکتەرە سەرکەوتووەکانە لە رووی بەدەستهێنانی داهات لە رێگەی سینەماوە، لە 2015 ناوی لە لیستی "فۆربێس"ـدا هات، یەکێک لەو سەت ئەکتەرانە بوو کە زۆترین داهاتیان لەرێگەی کارە هونەرییەکانییەوە وەرگرتبێت و لەگەڵ ئەمیتاب باچان، ئەکتەری هیندی، لە ریزبەندی 71ـی لیستەکەدا هات و داهاتی 33.5 ملیۆن دۆلار بوو.
 
لە 2018ـدا لە هەمان لیستدا ناوی لە ریزبەندی 82ـدا هات و داهاتی 37.7 ملیۆن دۆلار بوو.
 
سەلمان خان، کوڕی گەورەی سەلیم خان، سیناریۆنووسی فیلمە، لە 1988 لە فیلمی "Biwi Ho To Aisi" هاتووەتە نێو دنیای سینەما، ساڵی دواتر لە فیلمی "Maine Pyar Kiya" رۆڵی گێڕاوە.
 
ئەو ئەکتەرە لە 2010ـەوە وەک ئەکتەرێک لەسەرتاسەری جیهاندا ناسرا، بەتایبەتیش لە رێگەی فیلمە ئەکشنەکانی، لەوانە فیلمی "Dabangg" لە 2010، "Ready" لە 2011، "Ek Tha Tiger" لە 2012، "Kick" لە 2014، "Sultan" لە 2016 و "Tiger Zinda Hai" لە 2017.
 
سەلمان خان، جگە لە کاری نواندن، وەک پێشکێشکاری تەلەفزیۆنیش ناسراوە و لە رێگەی رێکخراوە خێرخوازیەکەیەوە، بانگەشە بۆ دۆزی مرۆڤایەتی دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە