رووداو دیجیتاڵ
'Mosul Tells' پرۆژەیەکی هونەری کولتوورییە و پەرە بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوای لە موسڵ و دەورووبەری دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک کەس لە رووی نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری جیاوازەوە بەشدارن.
پرۆژەکە لە 2022 بە وۆرکشۆپی مێژووی گێڕانەوەی چیرۆکی زارەکی و گەشەپێدانی کورتەچیرۆک لە ئەزموون و باکگراوندی ئێش و ئازاری خۆیانەوە دەستیپێکرد.
چیرۆکەکان لە 2023 دەبنە بنەمایەک بۆ رۆمانێکی گرافیکی و نمایشێکی شانۆی بووکەڵەیی و فیلمی ئەنیمەیشن. کتێبەکە و نمایشی بووکەڵە و فیلمەکان بەشێک دەبن لە فێستیڤاڵێک کە لە 2024 لە سلێمانی، هەولێر، موسڵ، بەغدا و بەسڕە بەڕێوەدەچێت.
پڕۆژەکە لەلایەن 'Elbarlament' و ئاژانسی 'Paia' جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن فەرمانگەی دەرەوەی ئەڵمانیا پاڵپشتی دەکرێت.
شیروان عەلی حەمەخالید، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە کۆکردنەوەی چیرۆکە زارەکییەکان و گەشەپێدانیانە بۆ چیرۆکی گرافیکی و فیلمی ئەنیمەیشن، قۆناغی دووەمی پێشکەشکردنی زنجیرە وۆرکشۆپێکی شانۆی بووکەڵەیە لە سلێمانی و موسڵ، بەشداربووان رادەهێنرێن لەسەر ئاکتین و ئامادەکردنی چیرۆکی شانۆکە و دیزاینی کارەکتەری بووکەڵەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە قۆناخی سێیەمدا کۆکراوەی سەرجەم کارەکان لە فێستیڤاڵەکدا بەشدار دەبن و لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، بەغدا، موسڵ و بەسرە نمایش دەکرێن.
ئالیسن دەدڵ، دەرهێنەری شانۆی بووکەڵەی بەریتانی، راهێنەری وۆکشۆپەکەیە و بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ گرووپێکی هەشت کەسی کە خەڵکی موسڵن، شانۆگەرییەک بەرهەمدێنن، ناوەڕۆکەکەی لەبارەی ئاشتەوایی و پێکەوە کارکردن دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەشداربوونی پڕۆژەکە پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی چیرۆکێک هەڵبژێرن و پێشکێشی بکەنەوە، گوتیشی: "سەرنجی ئێمە لەسەر ئەوەیە کە بووکەڵەکان چین و چۆن دەتوانین بەکاریان بهێنین، بۆ ئەوەی چیرۆکێک بڵێینەوە و خەڵک دڵخۆش بکەین".
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەو پڕۆژەیە دوو هەفتە لە سلێمانی دەبن، دواتر چوار هەفتە لە موسڵ دەبن، پاشان بەرهەمە شانۆییەکەیان پێشکێش دەکەن.
ئاژانسی پایا، خۆی وەک پلاتفۆرمێکی داهێنەرانەی کارگێڕی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات، وەک ناوەندێکی هاوبەش کاردەکات، تاکەکان، رێکخراوەکان و چالاکوانان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. فەزای دروستکردنی پردێکی هاوبەشە، تێیدا کارامەیی هونەریی و پراکتیکی جۆراوجۆر، شارەزایی نێوان کەرتەکان، و پابەندبوونێکی هاوبەش بە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ژینگەیی کۆدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ