رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵی تەواری سلێمانی، نمایشی شانۆی بووکەڵەی "هێلانە" بەڕێوەچوو، تێیدا هەشت گەنجی موسڵ و سنووری پارێزگای نەینەوا بەشداربوون.
دەرهێنەر ئەلیسن دادل و بووکەڵەساز جۆنی کویک لە بەریتانیاوە بۆ ئەو کار هونەرییە هاتوون و ئەم بەرهەمەیان پێشکێشکرد.
ئەم بەرهەمە شانۆییە بینەر دەباتە موسڵ، تێیدا بەدواداچوون بۆ هەمەجۆریی کولتووری و نەریتە زارەکییەکان و هێزی کۆمەڵگە لە پارێزگەی نەینەوا دەکات.
جگە لە نمایشی بووکەڵە، پێنج ئەنیشمەیشن و گرافیک نۆڤڵێک پێشکێشکران.
هەموو چیرۆکەکان لە ئەنجامی مێژووی زارەکی و وۆرکشۆپەکانی شانۆی بووکەڵەیە، تێیدا کۆمەڵێک گەنجی پێگەیشتوو لە نێوان تەمەنی 18 بۆ 35 ساڵ چیرۆکی فۆلکلۆر و ئەزموونی کەسی و نەریتەکانیان کۆکردبووەوە.
شیروان عەلی حەمەخالید، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پلانیان هەیە ئەم بەرهەمە شانۆییە لە بەغدا، موسڵ، بەسڕە و هەولێر نمایش بکەن.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە پڕۆژەی "موسڵ تێڵ" کە لەلایەن کۆمپانیای "Elbarlament" و ئاژانسی "پایا" جێبەجێکراوە و لەلایەن فەرمانگەی دەرەوەی فیدراڵی ئەڵمانیا و ئارتپڵەسەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت.
ئاژانسی پایا، خۆی وەک پلاتفۆرمێکی داهێنەرانەی کارگێڕی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات، وەک ناوەندێکی هاوبەش کاردەکات، تاکەکان، رێکخراوەکان و چالاکوانان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ