شانۆیی دوا رۆژەکانی بابلۆ دوای 25 رۆژ نمایشکردن، بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری رادەگیرێت

24-03-2022
هۆرڤان رەفعەت
شانۆیی دوا رۆژەکانی بابلۆ
شانۆیی دوا رۆژەکانی بابلۆ
A+ A-
 
رووداو – سلێمانی

شانۆیی "دوا رۆژەکانی بابلۆ"، دوای 25 رۆژ لە نمایش و پێشوازیی گەرمی بینەران، بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری نمایشکردنی لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی راگیرا.
 
ستافی بەرهەمهێنانی شانۆییەکە نیگەرانن لە بڕیارەکە و دەڵێن، ئەوان بینەریان لەگەڵ شانۆ ئاوێزان کردەوە، بەڵام بە بڕیارەکە بینەران بێ ئومێد کرانەوە.
 
لاوک ئەبوبەکر، یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆی دوا رۆژەکانی بابلۆ بە رووداوی گوت، "گرفتی ئێمە لەڕووی ئیدارییەوە لەگەڵ وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سلێمانییە، ئێمە دەیان رێگەمان خستووەتە بەردەستیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام ئەوان نایانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن".
 
زیاتر لە 14 هەزار کەس لەو ماوەیەدا بینەری شانۆییەکە بوون، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی شانۆییەکە دەڵێت، کارەکەیان گەشتبووە قازانج کە وەستاندنیان.
 
سۆران عوسمان، پرۆدیوسەری بابلۆ لە کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ باسی لەوە کرد، "کۆی ئیشەکە 65 ملیۆن دیناری تێچووە، بەڵام ئێمە 78 ملیۆن دینارمان دەستکەوتووە، واتە نزیکەی 13 ملیۆن دیناری قازانج بووە، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی سلێمانی بە منی گوتووە، ئەگەر نمایشەکە رانەوەستێنم، ئەوا دەردەکرێم لە پۆستەکەم".
 
بە گوتەی سۆران عوسمان، بەڕێوەبەری شانۆیی سلێمانی پێی گوتووە، راگرتنی نمایشی دوا رۆژەکانی بابلۆ یاسایی بووە و کاتی نمایشیان تەواو بووە.
 
تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شانۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "ستافی بەرهەمهێنانی بابلۆ چەندین جار داوای درێژکردنەوەی ماوەکەیان کردووە، دوایین جار کە داوایان کرد بۆ 10ی ئادار بوو، دواتر بۆ 15ی ئادار، بەڵام ئێمە ئەوەشمان لەبەر هەندێک خاتر گرتن، کاتەکەمان درێژکردەوە تاوەکو 20ی ئادار، بەڵام ئەوان رۆژی 22ی ئاداریش نمایشیان کردووە، ئێ ناکرێت ئەوان پابەندی یاسا و بڕیارەکان نەبن".
 
ئەو بەرهەمە شانۆییەی دوا رۆژەکانی بابلۆی بۆ راگیراوە، شانۆییەکی گرووپی کەمئەندامانی شانۆیی کوردستانە کە 11 خانمی خاوەن پێداویستیی تایبەت دوو مانگ و نیوە سەرقاڵی خۆئامادەکردنن و دەڵێن، دەبوو زۆر زووتر هۆڵی رۆشنبیرییان وەرگرتبا، چونکە رۆژی 27ی ئادار نمایش دەکەن.
 
ئاسۆ نووری، دەرهێنەری شانۆی "مردن لە چوار وەرزدا" بە رووداوی راگەیاند، "من لە 15ی کانوونی یەکەمی 2021ـەوە بە ستافی هۆڵی رۆشنبیریم گوتووە، ئەو هۆڵەم دەوێت و ئەوانیش رەزامەند بوون، دواتر گوتیان 15ی ئادار پێتی دەدەین، بەڵام من خۆم پێنج رۆژم لەبەر خاتری دەرهێنەری شانۆیی دوا رۆژەکانی بابلۆ درێژکردەوە و ئێستا 23ی مانگە، واتە من تەنها سێ رۆژم ماوە بۆ دانانی دیکۆر و لایتینگ و هەموو کارەکانی دیکە، بەڵام من حەزدەکەم بە ستافی شانۆیی بابلۆ بڵێم، ئەگەر هەر شوێنێکی دیکە هەبوایە بۆ نمایشکردنەکەی من، ئەوا نەمدەهێشت ئەو کارەی ئەوان بوەستێت".
 
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردووەتەوە، ئەو شانۆیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەزارەتەکە و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە راگیرابێت و دەشڵێت، "بڕیار بوو ئەو شانۆییە تاوەکو 10-03-2022 نمایش بكرێت و رێككەوتنەكەشیان لەگەڵ ئێمەدا بەو جۆرە بوو، بەڵام ستافێكیان سەردانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتییان كرد و داوایان كرد بۆ 20-03-2022 كاتی نمایشەكەیان بۆ درێژبكرێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر رۆژەكانی 15ی ئادار و 18ی ئادار لەلایەن لایەنی دیکە و تیپی دیکەوە هۆڵەکە گیرابوو، بەڵام لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی شوێنی دیکە بۆ ئەو دوو لایەنە تەرخانكرا و رەزامەندی درا لەسەر درێژكردنەوەی ماوەكە بۆ 20-03-2022".
 
نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرزارەکی بەڵێنی بە ستافی دوا رۆژەکانی بابلۆ داوە کە هۆڵێکی دیکەیان لە سلێمانی بۆ تەرخان بکات بۆ نمایش، بەڵام ئەوان دەیانەوێت وەزارەتی رۆشنبیری بە فەرمی هۆڵێکیان پێبدات.
 
بڕیاربوو دوای سلێمانی، شانۆیی "دوا رۆژەکانی بابلۆ" لە هەولێر و دهۆک و کەرکووک و دواتریش لە ئەڵمانیا نمایش بکرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی راگیرانی نمایش، نازانرێت تەنانەت لە سلێمانیش کەی نمایش دەستپێدەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە