خۆشنووسێکی کورد تابلۆکانی بە ئەڵماس و زێڕ دەنەخشێنێت

23-11-2024
نالین حەسەن
نالین حەسەن
پێشانگەی یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی لە هەولێر
پێشانگەی یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی لە هەولێر
نیشانەکردن یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خۆشنووس یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی، لە پێشانگەیەکی خۆشنووسیدا، تابلۆکانی بە ئەڵماس، زێڕ و زیو دەنەخشێنێت و دەیەوێت پێشانگەکە بباتە وڵاتانی کەنداو.
 
تابلۆکان بە ئەڵماس، زێڕ و زیو نەخشێندراون، یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی دەڵێت، ئەڵماسی بەلجیکی لە تابلۆکاندا بەکارهێناوە کە گرانترین جۆری ئەڵماسە، هەروەها زێڕی عەیار 21ـی بەکارهێناوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، 11 ساڵ کاری لەسەر بەرهەمەکانی نێو پێشانگەکە کردووە.
 
"ئاشتی هیوای گەلانە" یەکێک لە تابلۆکانی نێو پێشانگەکەیە، لە 2010 بە زیو نەخشێندراوە، پێشتر لە فێستیڤاڵێکدا لە واشنتنی ئەمریکا بەشداری پێکراوە. ئەربیلی، روونیکردەوە، ئەو تابلۆیە سەرەتای بیرۆکەی دروستکردنی چەند تابلۆیەکی دیکە بوو کە بە ئەڵماس، زێڕ و زیو بیانەخشێنێت. 
 
لەبارەی کارەکانییەوە دەڵێت، نەخشاندنی تابلۆکان بەو کانزایانە زۆر سەختە، بەڵام سەختترینیان بەکارهێنانی زیوە، چونکە کانزایەکی زۆر شلە.
 
گوتیشی، تابلۆکان کاری دەستین و هیچ ئامێرێکی تێدا بەکارنەهاتووە، ئەمەش رەسەنایەتی بە تابلۆکان دەدات. گرنگترین تابلۆی نێو پێشانگەکە بەناوی "اللە"یە و بە ئەڵماس نەخشێندراوە و دروستکردنی دوو مانگی خایاندووە.
 
یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی پیشەکەی زێڕینگرییە و لە ماڵباتێک لەدایکبووە کە سەرقاڵی ئەو پیشەیەن، بەڵام حەزی ئەو بۆ هونەر وایکردووە، هونەر بێنێتە نێو پیشەکەی و دەڵێت: لە 1993 زێڕینگرە و 25 ساڵە لە بواری خۆشنووسیدا کار دەکات و یەکەم کەس بوو هونەر بێنێتەوە نێو بازاڕی زێڕینگرانی قەیسەریی هەولێر.
 
هونەرمەند تابلۆکانی نێو پێشانگەی بۆ فرۆشتن خستووەتەڕوو و نرخیان لە نێوان دوو هەزار و 500 دۆلار بۆ 50 هەزار دۆلارە. ئەربیلی دەڵێت، کەسانێک بەهای تابلۆکان دەزانن و پارەی پێدەدەن و لە ژوورێکدا هەڵیدەواسان، چاوەڕێی دوایین رۆژی پێشانگەن و دەیانەوێت بیانکڕن.
 
ئەوەشی خستەڕوو، هەزاران دۆلار تێچووی تابلۆکانە و هیچ کەس و لایەنێک پاڵپشتی نەکردووە و هەمووی لەسەر ئەرکی خۆی بووە، بەنیازە پێشانگەکە لە قەتەر، ئیمارات، کوەیت و بەحرێن و تورکیاش بکاتەوە.
 
لەبارەی پەیامی پێشانگەکە گوتی، پەیامی پێکەوەژیانی و خۆشەویستییە لە نێوان مرۆڤەکاندا و مژاری نەتەوەیی، ئاشتی، ئایینی و لێبوردەیی لەخۆدەگرێت.
 
خۆشنووسانی کورد لە ئاستی جیهاندا پێگەی بەهێزیان هەیە و لە پێشانگە و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەبوونیان هەیە و خەڵات وەردەگرن. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە