رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، کۆمپانیای ئێمپایەری لوبنانی، لە راگەیێندراوێکدا گرێبەستی بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام"ـی لە سینەماکانی 14 وڵاتی عەرەبی راگەیاند.
یەکەمجارە لە مێژووی سینەمای کوردیدا، فیلمی دەرهێنەرێکی کورد، لە یەککاتدا لە سینەماکانی وڵاتانی عەرەبیدا پێشانبدرێت. تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنانیدا فیلمەکەدا بەشدارە.
پاسکاڵ رەحمە، بەرپرسی بڵاوکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا - نووسینگەی سعودیە لە کۆمپانیای ئێمپایەر، بە رووداوی راگەیاند: "خۆشحاڵین بە بڵاوکردنەوەی فیلمی شاردنەوەی سەدام کە دەرهێنەری بە ئەزموونی کورد هەڵکەوت مستەفا کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. فیلمەکە لە رێکەتی 18ـی تەمموزی 2024 لە هەموو سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی پێشاندەدرێت، لە پێنج لەو وڵاتانە رێوڕەسمی فەرشی سووری بۆ سازدەکرێت".
هەڵکەوت مستەفا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم بە بڵاوکردنەوەی فیلمەکەم لە شاشەی هەموو سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی، هیوادارم ئەم هەنگاوە کردنەوەی دەرگایەک بێت بۆ سینەماکارانی کورد کە ئەوانیش بتوانن فیلمەکانیان بڵاوبکرێتەوە و پیرۆزبایی لەو لایەنانە دەکەم کە لە بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆژەیە بەشداربوون".
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کراوە و کۆمپانیای "هەنێ"، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمی هێناوە.
بڕیارە ئەم بەرهەمە ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان بڵاوبکرێتەوە و یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە شاری جەدەی سعودیا بوو و ئێستا لە ئەوروپا بڵاودەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ