رووداو دیجیتاڵ
د. کەمال غەمبار، نووسەر و رەخنەگری ئەدەبیی کورد، لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد دەڵێت، بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی 12ـی 2024، لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد رایگەیاند، "بە پەژارەوە، ھەواڵی کۆچی دوایی نووسەری گەورەی کورد، مامۆستا کەمال غەمبار رادەگەیێنین".
ئەمڕۆ لە شاری کۆیە بەخاک سپێردرا و لەسەر وەسیەتی خۆی پرسەی بۆ دانرا. بەیانی کە دەکاتە 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر پرسەی بۆ دادەندرێت.
عەبدولڕەحمان فەرهادی، سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی هەولێر بە رووداوی گوت، "د. کەمال غەمبار لە کۆیە لەدایکبووە؛ 40 ساڵ مامۆستا بووە. هەموو ژیانی لە هەولێر بەسەربرد و لە هەولێریش کۆچی دواییکرد."
كهمال غهمبار، یهكێكه له رهخنهگره ناسراوهكانی کورد، لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە به زمانەکانی عهرهبی و كوردی دەستی بە نووسین و رەخنەی ئەدەبی کردووە.
یهكهم نووسینی رهخنهیی ئهدهبی به زمانی عهرهبی له گۆڤاری (الثقافە) لە ساڵی 1973 لهبارهی (عهبدوڵڵا پهشێو) بڵاوکردووەتەوە.
د. کەمال حوسێن ئەحمەد، ناسراو بە کەمال غەمبار، کێیە؟
- ساڵی 1937 لە شاری کۆیە لەدایکبووە
- ساڵی1945 چووەتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی کۆیسنجەقی دووەم لە شاری کۆیە
- ساڵی 1951 تەواوی کردووە. ساڵی1957 خوێندنی دواناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە
- دوای تەواوکردنی خوێندنی قۆناخەکانی سەرەتایی و دواناوەندی، لە بەشی زمانی عەرەبی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و ساڵی 1964 تەواوی کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی عەرەبی بەدەستهێناوە.
- چەند ساڵێک لە باشووری عێراق مامۆستای قۆناخەکانی ناوەندی و دواناوەندی بووە
- ساڵی 2006 وەکو راوێژکاری پەروەردەیی لە ئەنجوومەنی وەزیران خانەنشینکراوە
- لە ساڵی1967 ژیانی هاوژینی لەگەل خاتوو زێبا زاهیر پێکهێنابوو و باوکی دوو کوڕ و سێ کچ بوو
- دەیان نووسین و کتێبی چاپکراوی هەیە
- ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ