هونەرمەند شوکر خەیات لەژێر چاودێریی چڕدایە

15-08-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن شوکر خەیات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شوکر خەیات، هونەرمەندی ناسراوی کورد، باری تەندروستیی ناجێگیرە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێرە و لە ژێر چاودێری چڕدایە.
 
شاخەوان کەرکووکی، هونەرمەند و هاوڕێی نزیکی شوکر خەیات، بە رووداوی راگەیاند، باری تەندروستیی هونەرمەند شوکر خەیات ناجێگیرە و ئێستا لە ژێر چاودێڕی چڕدایە لە نەخۆشخانە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو هونەرمەندە کە زیاتر لە نیو سەدە کاری هونەری کردووە، چەند جارێک بەهۆی نەخۆشی دڕێژخایەنەوە باری تەندروستیی تێکچووە و براوەتە دەرەوەی وڵات. 
 
شوکر خەیات، لە 1940 لە گوندی قەڵخانلوی ناوچەی داوێ لە گەرمیان لە دایکبووە، ناوی تەواوی شوكر محەممەد قادرە، بەهۆی پیشەکەیەوە بە شوكر خەیات دەناسرێت، تا تەمەنی 12 ساڵی لە گوندەکەی ژیان بەسەربردووە، پاشان ماڵیان بۆ گەڕەكی شوریجەی كەركووك گواستراوەتەوە.
 
لە 1955ـەوە گۆرانی گوتووە و وەک دەنگخۆشێک ناسرا، لە 1967 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج كچ و سێ كوڕە، لە 1969 بۆ یەکەمجار بە گوتنەوەی گۆرانی 'یار غەزاڵ و سەوزە سەوزە'ـی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، هونەرمەندی کورد، ناوبانگی پەیداکرد و لەگەڵ نەی ژەن ئەحمەد داودە، گۆرانی و مەقامی تۆمارکردووە.
 
لە تەمەنێکی زوو، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامات پەیداکردووە، لەوانە مەقامی ئەڵڵاوەیسی، قەتار، ئای ئای، سێگا، چوارگا، نەهاوەند، عەجەم، حیجاز و سەبا و چەند جۆرێکی دیکە و خاوەنی زیاتر لە سەت بەرهەمە.
 
شوکر خەیات لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە کەرکووک، ئاوارەی هەولێر بووە و ئێستا لە بنەسڵاوەی هەولێر نیشتەجێیە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە