بەرهەمێکی شوکر خەیات بەشێوەی ئۆرکێسترایی لەرێگەی رووداو بڵاودەکرێتەوە

10-10-2023
پەسار فایەق
هونەرمەند شوکر خەیات
هونەرمەند شوکر خەیات
نیشانەکردن شوکر خەیات شاخەوان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕيسمێکدا چلەی ماتەمینی هونەرمەند شوکر خەیات لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکووک بەڕێوەدەچێت و بەڵگەفیلمێکی تۆڕی میدیایی رووداو پێشاندەدرێت، یەکێک لە بەرهەمەکانی کە بە فۆڕمێکی ئۆرکێسترایی کاری میوزیکی بۆ کراوە، بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداو بڵاودەکرێتەوە. 
 
یادکردنەوەکە کاژێر 4ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2023  لەلایەن ماڵباتی هونەرمەند، لقی کەرکووکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ناوەندی عەلی مەردان سازدەکرێت.
 
بەڵگەفیلمی 'شوکر خەیات' لە دەرهێنانی شاخەوان بەکرە و بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە و بڕیارە لە چوارچێوەی رێوڕەسمەکەدا پێشانبدرێت.
 
'سەوزە سەوزە' یەکێک لە بەرهەمە فۆلکلۆرییەکانە و بە دەنگی هونەرمەند شوکر خەیات گوتراوەتەوە و لەلایەن میوزیکژەن کاروان ڤایۆلین بەشێوازی ئۆرکێسترایی کاری میوزیکی بۆ کراوە.
 
کاروان ڤایۆلین بە رووداوی راگەیاند، 'سەوزە سەوزە' بەرهەمێکی فۆلکلۆری کوردییە، بەڵام زیاتر بە دەنگی هونەرمەند شوکر خەیات ناسراوە، بە فۆڕمێکی ئۆرکێسترایی کاری میوزیکی بۆ کردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەم بەرهەمەدا دەنگی دەف وەک ئامێرێکی کوردی تێیدا بەکارهاتووە.
 
شاخەوان بەکر، هونەرمەند و هاوڕێی شوکر خەیات میوانی بووڵتەنی هونەری بوو و راگەیاند، شوکر خەیات لە دەستپێکی کاری هونەریی بە گۆرانی 'سەوزە سەوزە' و 'یار غەزال' ناسراوە، بۆیە بڕیاریاندا یەکێک لەو دوو بەرهەمە، میوزیکێکی ئۆرکێسترایی بۆ ئامادە بکەن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەبوو 39 رۆژ دوای کۆچی دوایی هونەرمەند شوکر خەیات چلەی ماتەیەمنییەکەی بۆ سازبکرێت، بەڵام بەداخەوە 60 رۆژی دوای ئەوە سازدەکرێت. گوتیشی: "بایەخی مامۆستا شوکر خەیات زۆر لەوە گەورەترە کە دوای 60 رۆژ چلەکەی بەڕێوەبچێت".
 
شاخەوان بەکر کە دوو کاری هاوبەشی لەگەڵ شوکر خەیات هەبووە، گوتی، ئامادەکارییان بۆ بەرهەمێکی دیکە بەناوی 'گەنج و پیر' دەکرد، بەڵام خراپی باری تەندروستیی خەیات بەم دواییە و کۆچیی دوایی، رێگەی بە تۆمارکردنی ئەم بەرهەمە نەدا.
 
ماڵباتی خەیات چەند کەرستەیەکی تایبەتی ئەو هونەرمەندەیان بە شاخەوان بەکر داوە، لەوانە چاوێلکە، گۆچان، تەسبێح، چەقۆ و ئەنگوستیلەیەک کە لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاری هێناون و لە ستۆدی رووداو خرانەڕوو.
 
هونەرمەند شوکر خەیات ناوی تەواوی شوكر محەممەد قادرە، لە 1940 لە گوندی قەڵخانلوی ناوچەی داوێ لە گەرمیان لەدایکبووە، بەهۆی پیشەکەیەوە بە شوكر خەیات ناسراوە، لە 1955ـەوە گۆرانی گوتووە و وەک دەنگخۆشێک ناسراوە، لە 1967 ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، خاوەنی پێنج كچ و سێ كوڕە. 
 
لە 1969 بە گۆرانی 'یار غەزاڵ' و 'سەوزە سەوزە'ـی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ناوبانگی پەیداکرد، لە تەمەنێکی زوو، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامات پەیداکردووە و لە 18ـی ئابی 2023 بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دواییکرد.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە