لە بەرنامەی 'پاشیڤ' دووانەیەک باس لە بەسەرهاتە خۆشەکانیان دەکەن

13-04-2022
پەسار فایەق
نەریمان کەڵهووری و قارەمان کەڵهووری
نەریمان کەڵهووری و قارەمان کەڵهووری
نیشانەکردن نەریمان کەڵهووری قارەمان کەڵهووری دووانە پاشیڤ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەریمان کەڵهوڕی و قارەمان کەڵهوڕی، دوو برای دووانەن لە هەولێر دەژین و لایەنگرێکی زۆریان لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، هەروەها بەشدارییان لە پێشبڕکێی موناجاتی تۆڕی میدیایی رووداو کردووە.
 
نەریمان و قارەمان، شەوی رابردوو میوانی بەرنامەی 'پاشیڤ' بوون، ئەوان باسیان لە بەسەرهاتە خۆشەکانیان بەهۆی زۆری لێکچوونیانەوە کرد.
 
نەریمان کەڵهوڕی، دەڵێت، پێشتر بەردەوام پێکەوە بوونە، بەڵام ئێستا هەردووکیان ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە و لە دوو ماڵی جیا دەژین و ژیانی هاوژینییان لەگەڵ دوو کەسی نزیکی ماڵباتەکەیان پێکهێناوە.
 
قارەمان کەڵهوڕی ئاشکرای کرد، پێشتر حەزیان کردووە لەگەڵ دوو خوشکی دووانە ژیانی هاوژینی پێکبێنن، بەڵام قسمەت نەبوو.
 
گوتیشی، بەهۆی ئەوەی زۆربەی کات یەک جلوبەرگ دەپۆشن، خەڵک لە یەکدی جیایان ناکەتەوە، تەنانت پێشتر هاوژینەکانیشیان هەندێ جار جیایانی نەدەکردنەتەوە، باوکیشیان بەهۆی کارەوە کەمتر لە ماڵەوە بووە، زۆربەی کات لێکی جیانەکردوونەتەوە.
 
نەریمان کەڵهوڕی، لەبارەی منداڵی خۆیان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە منداڵیدا کاتێک یەكێکیان نەخۆشکەوتووە، ئەوەی دیکەشیان نەخۆش بووە.
 
نەریمان، بەسەرهاتێکی گێڕایەوە کاتی خۆی قارەمانی براکەی گڵۆپی سەربانی لە ماڵەوە شکاندووە کە چی ئەو لە بری براکەی بە دەستی دایکی لێدانی بەرکەتووە، دایکی بە نەریمانی گوتووە "قارەمان بۆچی گڵۆپەت شکاندووە".
 
ئەو دووانەیە هەفتەی رابردوو بە سروودێکی ئایینی لە پێشبڕکێی موناجات بەشداربوون و توانیان بۆ قۆناخی کۆتایی سەرکەون. نەریمان دەڵێت، پێشتر پێکەوە زۆر گۆرانییان گوتووە، بەتایبەت گۆرانییە رەسەنەکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویانکردووەتەوە، بەڵام یەکەمجارە سروودێکی ئایینی پێکەوە بڵێن، ئەویش تایبەت بۆ پیشبڕکێی 'موناجات' بووە.
 
ئەو دووانەیە، لە زۆر شت حەز و خولیایان وەک یەکە، بەڵام حەزیان بۆ خواردن جیاوازە، قارەمان دەڵێت، ئەو کفتە ناخوات، بەڵام نەریمان زۆر حەزی لێیەتی، لە کاتێکدا قارەمان زۆر حەزی لە خواردنێکە بەناوی برنج بە پوونگ، بەڵام نەریمان بە پێچەوانەوە حەزی لێ نییە.
 
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
 
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
 
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
 
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە