نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتوورە جیاوازەکان لە رانیە بەڕێوەدەچێت

12-10-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتوورە جیاوازەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداری گرووپە هونەرییەکانی باشووری کوردستان و عێراق و پێنج وڵاتی جیهان، نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتوورە جیاوازەکان لە رانیە بەڕێوەدەچێت و چالاکی هونەری پێشکێش دەکەن.
 
خالید قادر، بەڕێوەبەری دەزگای رایەڵ بۆ ئاڵگوڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی، بە رووداوی راگەیاند، فێستیڤاڵەکە نەریتێکی ساڵانەی دەزگای رایەڵە، ئەمساڵ سەرباری ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی هەیە، هەروەها ئەو قەیران و شەڕەی دەرووبەری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام بە باشیان زانی خولی ئەمساڵ سازبکرێت، بۆ ئەوەی هونەر قسەی خۆی هەبێت بۆ ژیاندۆستی، پێکەوەژیان و ئاشتی.
 
فێستیڤاڵەکە سبەی هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە پارکی دەروازە لە رانیە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژی سێیەم لە پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە کۆیە چالاکیان دەبێت. 
 
ئەو چالاکییە هونەرییە لەلایەن دەزگای رایەڵ بۆ ئاڵگوڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی سازدەکرێت.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا گرووپە هونەرییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و رانیە لە باشووری کوردستان و بەغدا و بەسرە لە عێراقەوە بەشدارن و هەریەک لە وڵاتانی یۆنان، جۆرجیا، ئێران، غانا و ئازەربایجان لە رێگەی گرووپە هونەرییەکانیانەوە بەشدارن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە