رووداو دیجیتاڵ
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانی، بە سپۆنسەریی میدیایی، تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری گلیزن کیرشنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
848 فیلمی کوردی و بیانی بۆ پێشاندانیان لە فێستیڤاڵەکەدا نێردرابوون، 15 فیلمی پێشاندران، دوو فیلم کوردی بوون و 13 فیلمەکەی دیکە بیانی بوون و هەشتیان خەڵاتکران.
جەنگۆ شەریف، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانی و کامێرامانی رووداو، راگەیاند، ئەمساڵ جیاوازییەکی زۆر هەبوو، ئەکتەر و دەرهێنەر لە هەموو وڵاتانەوە بەشداربوون، تەنیا دەرهێنەرەکان کورد و عەرەب نەبوون، بەڵکو فەرەنسی، ئەمریکی، ئیسپانی و ئیتاڵی بوون و نیوەی دەرهێنەری فیلمەکان لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون.
گوتیشی، ئەمساڵ فێستیڤاڵی کۆبانی گەیشتە ئامانجی خۆی و لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەکە لە 6 تاوەکو 8ـی ئەیلوولی 2024 لە گلیزن کیرشنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
بیتەر عەلی، گوتەبێژی فێستیڤاڵی کۆبانێ، بە رووداوی راگەیاند، دەتوانم بڵێم تاوەکو ئاستێک لە رێگەی فێستیڤاڵی کۆبانێ، توانیمان سینەما کوردی بێنینە ئاستی سینەمای جیهانی، ژمارەیەکی زۆر ئەکتەر و دەرهێنەر لە وڵاتانی جیهانەوە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوونە.
جگە لە فیلمساز و ئەکتەرە سینەماییەکان، ژمارەیەک گۆرانیبێژی دیاری کورد لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون، لەوانە هۆزان برادەر، خێرۆ عەباس و هۆزان دینۆ و زوبێر ساڵح.
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەک هونەرمەندی سینەما و درامای سووری ئامادەبوون، دیارترینیان جیهاد عەبدۆ بوو.
جیهاد عەبدۆ، بە رووداوی راگەیاند: "سوپاسی سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵ دەکەم. فێستیڤاڵەکەم بە دڵە کە ساڵانە سازدەکرێت، بەڕاستی کارێکی باش دەکەن، فیلمە بەشداربووەکان لە رووی هونەرییەوە لە ئاستێکی باشدان، بێگومان ئەرکی هونەر مرۆڤایەتییە لە رێگەی وێنەوە، ئەرکی سینەما لە دژی جەنگ و جیاکارییە، هۆکارێکە بۆ هاوسەنگیی نێوان مرۆڤەکان.
گوتیشی: "ئێمە دەخوازین جوانیی فۆلکلۆری کوردی بناسین، نەریت و هەڵپەڕکێی کوردی بناسین، ئاکار و جوانیی کورد بناسین".
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ لە 2020 بەڕێوەچوو، ئەو کاتە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوببووەوە، بەهۆیەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ