رووداو دیجیتاڵ
زمانناسێکی پاریس پێیوایە زمانی ئینگلیزیش هەر فەرەنسییە، بەڵام خراپ دەردەبڕدرێت.
بێرنارد سێرکلینی، ئەو زمانناسە فەرەنسییەیە کە پەرتووکێکی بەناوی "شتێک بە ناوی زمانی ئینگلیزی نییە، بەڵکو فەرەنسییەکی خراپ دەربڕدراوە" نووسیوە.
زمانناسەکە بە نیازە کۆپییەکی کتێبەکە بۆ شا چارڵزی سێیەمی بەریتانیا بنێرێت.
سێرکلینی دەڵێت، پەرتووکەکە نابێتە هۆی ئەوەی پاشا چای بەیانیانی لە دەست بەربێتەوە، بەڵکو "پەرتووکێکە لە روانگەیەکی خەندەئامێز و بە مەبەست بە نیازێکی خراپ و شۆڤێنییەوە نووسراوە".
لە پشت ناونیشانە مشتومڕهێن و تەنزئامێزەکەوە، بیرمەندە فەرەنسییەکە هیواخوازە لە رێگەی ئەم پەرتووکەوە روونی بکاتەوە کە چۆن لە دوای لەشکرکێشیی ساڵی 1066ی نۆرمانەکان بۆ سەر بەریتانیای ئێستا و داگیرکردنی، پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەنێوان زمانی فەرەنسی و ئینگلیزییدا دروستبووە، هەروەها کە چۆن فەرەنسییەکان دژی زاڵبوونی ئینگلیزی بەسەر زمانەکەیاندا کاریان کردووە.
سێرکلینی دەڵێت، "دەتوانی پەرتووکەکەم وەک رێزلێنانێک بۆ زمانی ئینگلیزی ببینی؛ زمانێک کە توانیویەتی زۆر وشەی ڤایکینگەکان، دانیمارکییەکان و فەرەنسییەکان لەخۆبگرێت، زمانێکی سەرسوڕهێنەرە."
ئەو چینەی لەدوای لەشکرکێشییەکە فەرمانڕەوایی بەریتانیای گرتەدەست، لە قسەکردن و کاروباری فەرمیدا ئەو زمانە فەرەنسییەیان بەکاردەهێنا کە نۆرمانەکان قسەیان پێ دەکرد، بۆیە 150 ساڵ دوای دانانی ویلیەمی یەکەم لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی بەریتانیا وەک یەکەمین شای نۆرمان، ژمارەیەک وشەی فەرەنسیی نۆرمانەکان چوونە نێو زمانی ئینگلیزی، وەک "cabbage" کەلەرم، "lure" قولاپ، "wage" کرێ.
بەڵام سێرکلینی زۆرترین سەرنجی خستووەتە سەر سەدەکانی سێزدەیەم و چواردەیەم، کاتێک فەرەنسی، کە ئەو کات وەک زمانی دووەم لە بەریتانیا لە بازرگانی و بەڕێوەبردن و یاسادا بەکاردەهێنرا، بەشێوەیەکی بەرفراوان چووە نێو ئینگلیزییەوە؛ هۆکارەکەش ئەوە بوو کە هەندێ جار "دۆزینەوەی کار، هەبوونی سامان یان زەوی، بەدەستهێنانی ئازادی یان مانەوە لە ژیان، بەندبوو بە زانینی زمانی فەرەنسییەوە."
نیوەی ئەو وشانەی لە زمانی فەرەنسییەوە چوونەتە نێو ئینگلیزییەوە، لەنێوان ساڵانی 1260 و 1400ـدا بووە، بۆیە وشەی وەک "bachelor" لە وشەی فەرەنسیی "bachelier" وەرگیراوە کە بە واتەی خانەدانێکی گەنج دێت کە هێشتا نەبووەتە سوارچاک.
وشەی "Travel" (گەشتکردن) لە وشەی "travail"ی فەرەنسییەوە وەرگیراوە کە بە واتەی کارکردن دێت، وشەی "clock" (کاتژمێر) لە "cloche"ی فەرەنسییەوە وەرگیراوە کە بە واتەی ئەو زەنگۆڵە دێت کە جاران بە دارێک لێی دەدرا بۆ ئەوەی کاتی رۆژ رابگەیێندرێت پێش ئەوەی کاتژمێری میکانیکی دابهێنرێت.
ویلیەم شەیکسپیر، نووسەر و شانۆنووسی بەریتانی کە بە شاعیری نەتەوەیی ئینگلاند دادەنرێت، لە کۆتایی سەدەی شازدەیەم و سەرەتای سەدەی حەڤدەیەم دەرکەوت و دەستی بە نووسینی شانۆنامەکانی کرد، بە گوتەی سێرکلینی "40٪ی ئەو 15 هەزار وشەیەی لە کارەکانیدا بەکاریهێناون، لە بنەڕەتدا فەرەنسین."
"داگیرکاری نییە"
لەم رۆژانەدا بەکارهێنانی وشەی "ئەنگلۆساکسۆنی" لە زمانی فەرەنسیدا دەکرێت ببێتە هۆی پەستبوونی پاریسییەکان، بە تایبەتی ئەکادیمیای فەرەنسی Academie Francaise، کە لە ساڵی 1635ـەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی زمانی فەرەنسی "پەتی" بپارێزێت.
سێرکلینی لەو بارەیانەوە دەڵێت، "لە فەرەنسا زمان شتێکی فەرمیی دەوڵەت و نیشتمانییە. بۆیە بێگومان ئەکادیمیایێکمان هەیە کە ئەندامەکانی جلێکی گاڵتەجاڕیان لەبەرە، شمشێرێکیان پێیە و لە کۆشکێکی سەر لێواری سەینن" لە پاریس.
لەم ساڵانەی دواییدا ئەکادیمیاکە هەوڵی داوە رێگری لە هاوردەکردنی وشەی ئینگلیزیی پەیوەندیدار بە کۆرۆناوە بکات، وەک "cluster" (کۆمەڵە تووشبوو)، یان "testing" (پشکنین)، هەروەها وشەی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆجیاوە، وەک "big data" (داتای گەورە).
سێرکلینی ئاماژە بەوە دەکات، ئەکادیمییەکە لەو هەوڵانەیدا هەندێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بۆ نموونە فەرەنسییەکانی فێرکردووە کە وشەی رەسەنی "logiciel" لە بری "software" بەکاربێنن، کە بە واتەی پرۆگرامی کۆمپیوتەر دێت.
بەڵام سێرکلینی دەڵێت، "ئەمە داگیرکاری نییە، بەڵکو ئەمانە هەر وشەی فەرەنسی بوون لە بنەڕەتدا و بۆ راهێنان چوونەتە بەریتانیا و ئێستا بۆمان گەڕاونەتەوە."
نووسەر و زمانڤانەکە باس لەوە دەکات کە هەندێ جار فەرەنسییەکان تەنیا بۆ ئەوەی وشەی ئینگلیزی بەکارنەهێنن، لە رادەبەر دوور دەڕۆن، بۆ نموونە لە پارێزگەی کوبێکی کەنەدا کە دانیشتووانی بە فەرەنسی قسە دەکەن، هەندێ فرۆشگە ناوی لەفەی "hot dog" هۆتدۆگیان گۆڕیوە بۆ "chien chaud" کە واتە وشەییەکەی دەکاتە "سەگی گەرم".
سێرکلینی دەڵێت: "ئەوە ئارەزووم بۆ خواردن ناکاتەوە. هیچ حەزم لێ نییە سەگێکی گەرم بکڕم، ئەمە گومانی تێدا نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ