رووداو دیجیتاڵ
تەنیا یەک ساڵ بەسەر جیابوونەوە و چارەسەرکردنی کێشە نێوان کایلی جێنەر، نمایشکاری جلوبەرگ و تراڤیس سکۆت، راپەری ئەمریکی تێپەری، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا هەواڵی دووبارە جیابوونەوەیانی بڵاوکردووەتەوە.
ماڵپەڕی 'ئیندپێندت' هەواڵی جیابوونەوەی ئەو دوو خۆشەویستەی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەمە یەکەمجار نییە لە یەکدی جیادەبنەوە و پێشتر بەهۆی کێشەی نێوانیان چەندین جاری دیکە جایبوونەتەوە، بەڵام پەیوەندی خێزانییان ماوەتەوە.
ئەو دوو خۆشەویستە لە 2017 لە فێستیڤاڵی میوزیکی کۆچێلا ڤالی یەکدیان ناسی و بۆ ماوەیەکی زۆر پەیوەندیان پچڕ پچڕ بووە، لە دەستپێکی 2020 پەیوەندیان بەهێزبوو و لە شوباتی 2022 منداڵی دووەمیان لە دایکبوو.
لە تشرینی یەکەمی 2022 دووبارە کێشە لە نێوان ئەو دوو خۆشەویستە دروستبووەوە و هۆکارەکە دەرکەوتنی تراڤیس بوو لەگەڵ نمایشکارێکی جلوبەرگ.
لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2022، کایلی جینەر، لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بە تەنیا بینرا و خەریکی بازاڕکردن بوو.
لەلایەکی دیکەوە، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2022، کایلی جێنەر و تراڤیس سکۆت، کۆشکێکیان بە بڕی 21 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری ئەمریکی بۆ فرۆشتن خستەڕو، کۆشکەکە دەکەوێتە بێڤەرلی هێڵز لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا و لە حەوت ژووری خەوتن پێکهاتووە.
ئەو دوو خۆشەویستە لە پاڵ کارە هونەرییەکانیان و چالاکییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەرقاڵی کاری بازرگانین، لەوانەش بازرگانیکردن لە بواری خانووبەرە، ئەگەرێکیش هەبوو کە بەهۆی کێشەی نێوانیان کۆشکە هاوبەشەکەیان بۆ فرۆشتن خستەڕوو.
ئەو دوو خۆشەویستە کە دوو منداڵیان هەیە، یەکێکیان چوار ساڵانە و ئەوەی دیکەیان ساڵی رابردوو لە دایکبوو، بەر لە چوار ساڵ کۆشکەکەیان بە 13 ملیۆن و 45 هەزار دۆلار کڕیبوو.
کۆشکەکە، مەلەوانەگەیەکی سەرنجڕاکێش، شوێنی تایبەت بە پێشاندانی فیلم، ژووری بلیارد، هۆڵی وەرزش و ژووری مەساج لەخۆدەگرێت و رووبەرەکەی 23 هەزار پێ چوارگۆشەیە.
بەم دواییە کایلی جێنەر، لەگەڵ کچەکەی ستۆرمی، رۆژێکیان لە دیزنی لاند بەسەربرد و شەش پاسەوانیان تایبەتیان لەگەڵدا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ