رووداو دیجیتاڵ
لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی فیلمی سینەمایی 'Gladiator'، بەرهەمهێنەرانی بڕیاریان داوە لە ئایاری ئەمساڵ وێنەگرتنی لە مەغریب ئەنجام بدەن و چەند شوێنێک بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراوە.
بڕیارە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2024 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوبکرێتەوە، بەڵام وردەکاری لەبارەی ستافی فیلمەکە ئاشکرا نەکراوە.
راسل کرۆو کە رۆڵی سەرەکی لە بەشی یەکەمیدا گێڕاوە و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی جیهانی بەدەستهێناوە، تاوەکو ئێستا بڕیاری لەبارەی بەشداربوونی لە بەشی دووەمدا نەداوە.
'Gladiator' بە یەکێک لە گرنگترین فیلمەکانی لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت و لە دەرهێنانی ریدلی سکۆتە و بەهۆیەوە کرۆو خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا.
ساڵی رابردوو کرۆو سەردانی شوێنی وێنەگرتنی بەشی یەکەمی فیلمەکەی کرد بەبۆنەی تێپەڕبوونی 22 ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە.
کرۆو، لە تشرینی یەکەمی 2022 لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن رۆبێرتۆ گۆالتیری، سەرۆکی شارەوانی رۆما وەک باڵیۆزی شانازیی رۆما دەستنیشانکرا.
سەرۆکی شارەوانی رۆما سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی کرۆ کرد بۆ ئەو رۆڵەی لە ناساندنی شوێنەوارەکانی رۆمای لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە.
راسل کرۆو، لە ٧ـی نیسانی 1964 لە نیوزلەند لەدایکبووە و لە ئۆسترالیا ژیاوە، لە 1992 لە فیلمی درامایی 'Romper Stomper'، لە 1999 لە فیلمی 'The Insider' و لە 2001 لە فیلمی 'A Beautiful Min'رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
ئەو ئەکتەرە سینەماییە لە رێگەی فیلمی 'Robin Hood' ناوبانگی پەیداکرد، بەڵام هۆکاری سەرەکی بەناوبانگبوونی لە ئاستی جیهاندا، فیلمی 'Gladiator' بوو کە لە ساڵی 2000 بڵاوکرایەوە.
کرۆو، سێ جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە، یەکجار بەدەستی هێناوە، جگە لەو خەڵاتە براوەی چەندین خەڵاتی دیکەیە، لەوانە گۆڵدن گڵۆب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ