رووداو دیجیتاڵ
تاوان و میوزیک، چیرۆکی ژیانی هاووڵاتیێکی ئەمریکی دانیشتووی ڤێرجینیایە بە ناوی جۆن هینکلی، کە لە ساڵی 1981 تەقەی لە رۆناڵد ریگن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا کرد و بە سەختی برینداریکرد. بەهۆی ئەوە، 40 ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی دەروونیدا بەندکرا تاوەکو لە حوزەیرانی ئەمساڵ ئازادکرا.
ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە پێش ئەوەی ئەو تاوانە بکات، گیتارژەن و تێکستنووسی گۆرانی بووە، ئێستا دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو ژیانیی هونەریی و لە رێگەی گیتارەکەیەوە هاووڵاتیانی ئەمریکا ئاشتبکاتەوە، بەڵام دەڵێت، ئیدی باند و هۆڵەکانی میوزیک متمانەی پێناکەن و رێگە نادەن لەگەڵیان کاربکات، چونکە بە بڕوای ئەوان، ئەو هێشتا "مەترسیی ئەمنیی" هەیە.
جۆن هینکڵی دەڵێت، ئێستا کەسێکی جیاوازە و چیدی ئەو تاوانبارە نییە کە 41 ساڵ لەمەوبەر هەوڵیدا سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهان بکوژێت.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، گۆرانییەکانی پڕن لە وشەی وزەبەخش و ئەرێنی.
"نەخۆشیی دەروونی"
30ـی ئاداری 1981 جۆن هینکلی تەقەی لە رۆناڵد ریگن کرد و بە سەختی برینداریکرد، سێ کەسی دیکە لەگەڵ سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا برینداربوون. جەیمس برادی، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکیی سپی یەکێک بوو لە بریندارەکان کە بۆ تا هەتایە بوو بە کەسێکی نڤیشکان. ئەوکات، هینکلی دانیشتووی شاری کۆلۆرادۆ بوو.
هیچ گومانی تێدا نەبوو کە گولـلەکان لە چەکی دەستی هینکلییەوە تەقێنران، بەڵام لەسەر بنەمای ئەوەی کە "شێت" بووە، وەکو تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا نەکرا، بەڵکو وەکو نەخۆشێکی دەروونی لە نەخۆشخانەی ئیلیزابێس لە واشنتن دی سی خرایە ژێر چاودێرییەوە. دوای چوار دەیە، ئێستا هینکلیی تەمەن 67 ساڵ مرۆڤێکی ئازادە و لە ڤێرجینیا دەژیت.
جۆن هینکلی، دەڵێت "ئێستا من لایەنگری ئاشتی و خۆشەویستم، بە دڵنیاییەوە توندوتیژ نیم. من ئەو بیرکردنەوەیەم نییە کە 41 ساڵ لەمەوبەر هەمبوو. من کەسێکی تەواو جیاوازم".
"بێهیواییەکی گەورە"
لە 15ـی حوزەیرانی 2022، جۆن هینکلی لەژێر چاودێریی دادگە هاتە دەرەوە و ئازادکرا. هینکلی بۆی دەرکەوت هۆڵی برۆکلنی میوزیک کە بڕیاربوو کۆنسێرتێکی تێدا پێشكێش بکات، گرێبەستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە بە پاساوی ئەوەی رووبەڕووی "هەڕەشەی زۆر توند و خراپ" بوونەتەوە.
هینکلی ئێستا گیتارێکی ئەکۆستیک دەژەنێت، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوە بێهیوابوونێکی گەورە بوو".
هینکلی لە شیکاگۆ، ڤێرجینیا، کۆنێکتیکەت، هینکلی رووبەڕووی هەمان بێهوایی بووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ